ئه‌یلوول 10, 2019 09:04 Asia/Tehran
  • ڕاپەڕینی عاشوورا، نموونەیێکە بۆ بزووتنەوە ئیسلامییەکانی چاخی ئێستا

بزووتنەوە ئیسلامییەکان، قەرزداری خوێنگەلێکی پاک و خاوێنن کە نزیک بە 1400 ساڵ لەمەو بەر لە کەربەلا ڕژاون.

بزووتنەوە ئیسلامییەکان، قەرزداری خوێنگەلێکی پاک و خاوێنن کە نزیک بە 1400 ساڵ لەمەو بەر لە کەربەلا ڕژاون. ئەم وتەیەی پێغەمەبەری نازداری ئیسلام (د.خ) کاریگەری هەمیشەیی ئیمام حسێن (ع) بە ئاشکرا دەگێڕێتەوە کە فەرموویەتی: " شەهید بوونی حسێن ئاورێک دایسێنێ لە دڵی موسڵماناندا کە قەت سارد نابێت و ناکوژێتەوە."

ئێستاکە پاش چواردە سەدە، هێشتا خوێنی حسێن (ع) و هاوڕێیانی لە هەڵقوڵاندایە و گەلان و مرۆڤە ئازادیخوازەکان بە کاریگەری وەرگرتن لە وانەکانی عاشوورا، لە دژی ستەم و زۆربێژی خەبات دەکەن. بە درێژایی مێژوو و لە شوێنە جۆربەجۆرەکانی جیهاندا، ڕاپەڕین و شۆڕشی زۆر ڕوویداوە، بەڵام ڕاپەڕینە گەورە و خوداییەکەی ئیمام حسێن لە ڕۆژی عاشوورای ساڵی 61 ی کۆچی مانگی، تاقە بزووتنەوەیێکە کە کاریگەرییەکی زۆری داناوە لەسەر ڕاپەڕین و شۆڕشە جەماوەرییەکان لە ئاستی جیهاندا.

ئینقلابی ئیسلامیی ئێران بە ڕێبەرایەتیی ئیمام خومەینی (ره) بناغەدانەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامنەیی ڕێبەری ئێستاکەی ئینقلابی ئیسلامی وەکوو گەورەترین بزووتنەوەی هاوچەرخ، نموونەیێکی زەق و حاشا هەڵنەگرە لە شوێن دانەریی ڕاپەڕێنەکەی ئیمام حسێن (ع) و هەر ئێستاکەش، خۆی بووە بە ناوەندێک بۆ برەوپێدانی ئارمانج و بەها و بایەخە عاشووراییەکان بۆ کەسانی تر.

ڕاپەڕینی گەلی فەلەستین لە دژی داگیرکەریی ڕژێمی زایونیستی هەر یەکێک لەو ڕاپەڕینانەیە. ڕژێمی داگیرکەری زایونی، ئەوە هەفتا ساڵە کە فەلەستینی داگیر کردووە و جەماوەری ئەو وڵاتەی بریندار و شەهید کردووە و بە ملوێنان کەسیشی لە زێدەکەی خۆیان، وەدەر ناوە.

خۆڕاگریی ئیسلامی لوبنانیش بە ڕێبەرایەتی سەیدحەسەن نەسروڵڵا لە ژێر کارتێکردنی ئینقلابی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی 2000دا، داگیرکەرانی زایونیستیان لە خاک و زێدی خۆیان وەدەر نا.

یەمەن لە باشووری عەرەبستان، ئەم ڕۆژانە کەوتووەتە بەر دەسدرێژکاری تووندوتیژی ئەم وڵاتە.

ئەم پەلامارە بەربڵاو و بێ بەزەییانە کە لە مانگی مارسی 2015ەوە لەلایان عەرەبستان و ئیمارات و بە کرێگیراوانی لە چەند وڵاتی عەرەبی و تیرۆریستە تەکفیرییەکان دەس پێ بووە، لەلایان ئەمریکا و دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان و ڕژێمی زایونیستییەوە پاڵپشتییان لێدەکرێت.

گەلی بەحرەین لەلایان ڕژێمی ئالی خەلیفە کە لەلایان سەعوودییەکانەوە بە تەواوی پشتیوانییان لێدەکرێت، سەرکوت دەکرێن. ئەوان لە ساڵی 2011ەوە لە دژی زوڵـم و هەڵاواردنی حکوومەتی زۆربێژ و ملهوڕی ئالی خەلیفە هەستانەوە و خوازیاری ئازادی، دیمۆکراسی و سەربەخۆیی وڵاتەکەیانن.

وڵاتی سووریا ساڵانێکی زۆرە دەستەو یەخەی شەڕێکی نێوخۆیی گەورەیە لەگەڵ بەکرێگیراوانی دەوڵەتە ڕۆژئاوایی و عەرەبییەکان. ئەوان بە بیروبۆچوونی وەهابیانە و تەکفیری، لە مێژە بە شێوەیێکی بێ بەزەییانە، گەلی سووریا قەڵاچۆ دەکەن و بەجاران ڕق و قینی خۆیان لە حاند ئال و بەیت و ماڵباتی پێغەمبەر (د.خ) پیشان داوە و گڵکۆی پیرۆزی حەزرەتی زەینەب (س) واتە خوشکی بەڕێزی ئیمام حسێن (ع)یان داوەتە بەر پەلاماری خۆیان.

بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم بەرە یەکگرتووە دژە سورییە،ئەرتەش و هێزە خۆبەخشە جەماوەرییەکانی سووریا، لەگەڵ ڕاوێژکارە سەربازییەکانی ئێران و خەباتگێڕانی حیزبوڵڵای لوبنان یەکیان گرتووە.

هەروەها پاش کەوتنی ڕژێمی خوێنمژی سەددام لە مانگی ژووئەنی 2015دا، تاقمی تیرۆریستیی داعش، بەشێکی هەرە زۆری خاکی عێراقیان داگیر کرد.هەر بۆیە هێزە شۆڕشگێڕەکان بە کاریگەری وەرگرتن لە بزووتنەوەی عاشوورا، دەستیان دایە خەبات لە دژی وان.

لەوانەیە بتوانین بڵێین  مەزڵۆمترین شوێنکەوتووانی ئیمام حسێن (ع) لە نیجریادا دەژین. هەر ئەو کەسانەی کە بە تاوانی پەیڕەوی کردن لە ڕێبازی ماڵباتی پێغەمبەر (ع) و هۆگری و خۆشەویستیی نەوەی بەڕێزی واتە حەزرەتی ئیمام حسێن (ع)، شەهید و سەرکوت دەکرێن.

بە سەرەنجدان بە کاریگەری حاشا هەڵنەگری ڕاپەڕینەکەی عاشوورا لەسەر بزووتنەوە ئیسلامییەکان، دوژمنانی ئیسلام تێدەکۆشن تا بە شێوازی جۆربەجۆر، ئەم بڵێسە ڕووناک کەرەوەیە، بکوژێننەوە و هەوڵ دەدەن تا بە بێ بایەخ نواندنی ڕاپەڕینەکەی عاشوورا و ئارمانجەکانی، کارئامەیی و شوێن دانانی کەمتر بکەنەوە،

بەم حاڵەشەوە بە درێژایی مێژوو، قەت سەرکوت کردن و پیلان گێڕییان، کاریگەری ئینقلابەکەی ئیمام حسێنی کەم نەکردووەتەوە و هەر ئێستاکە بزووتنەوە ئیسلامییەکان، قەرزداری خوێنگەلێکی پاکن کە نزیک بە 1400 ساڵ لەمەو بەر لە کەربەلادا ڕژاوە.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

سەرپەیڤ