تشرینی یه‌که‌م 27, 2019 00:08 Asia/Tehran
  • گەیشتنی ساڵەهاتی کۆچی دوایی پێغەمبەری نازداری ئیسلام (د.خ) و شەهادەتی ئیمام حەسەن (د.خ)

28ی مانگی سەفەری ساڵی 11ی کۆچی دوایین نێردراوی خودا، حەزرەتی محەمەد (د.خ) لە تەمەنی 63 ساڵاندا لە شاری مەدینە کۆچی دوایی کرد و هەر لەو شارەشدا ئەسپەردەی خاک کرا. بە گوێرەی ڕیوایەتە جۆربەجۆرەکانیش نزیک بە 4 دەیە دوای وەفاتی پێغەمبەر لە 28ی سەفەری ساڵی 50 کۆچیدا، نەوەی بەڕێزی ئەو حەزرەتەش واتە حەزرەتی ئیمام حەسەن (د.خ) لەلایان بەکرێگیراوانی مەعاویەوە شەهید کرا.

 نەمانی پێغەمبەر (د.خ) و هەروەتر نەوەی خۆشەویستی، کۆستێکی گەورە بوو بۆ کۆمەڵگای ئیسلامی، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی دەکەین لە هەموو موسڵمانانی جیهان.

لە قورئانی پیرۆزدا ڕەسووڵی خودا (د.خ) بە  سیراجی مونیر واتە چرایێکی هەڵکراو لە ڕێگای ڕزگاریدا لە قەڵەم دراوە و باسی ئەوە کراوە کە محەمەد (د.خ) ڕەحمەتە بۆ هەموو جیهان و سەرچەشنە بۆ چۆنیەتی ژیان، هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە دوایین نێردراوی خودا ئەگەر چی پێوەستە بە هێزی وەحیی ئیلاهیەوە، بەڵام بنیادەمێکە کە لە پێویستی بە خواردن و جلووبەرگ، ژن هێنان، نەخۆشی و پیری هەر وەکوو بنیادەمەکانی دیکەیە.

ئێستا ئیدی کاتی ئەوە گەیشتووە کە وەکوو بنیادەمەکانی دیکە بگەڕێتەوە بۆ لای خودای خۆی. ئەو حەزرەتە لە دوایین حەجی خۆیدا لە کاتی ڕەمیی جەمەراتدا فەرمووی: " ڕێوڕەسمەکان لە منەوە فێر بن، لەوانەیە پاش ئەمساڵ ئیدی نەیەم بۆ حەج و هەرگیز من لەمەو بەدوا لەم جێگایەدا نابینن!"

ڕەسووڵی نازداری ئیسلام (د.خ) لە دوایین ڕۆژەکانی ژیانیدا نەخۆش کەوت. هەر بەو نەخۆشییە چوو بۆ مزگەوت و پاش کردنی نوێژی بەیانی فەرمووی: " خەڵکینە! ئاوری دووبەرەکی و ئاژاوە هەڵایساوە و ئاژاوەکان وەکوو تارمایی شەوان داهاتوون.

من لە ڕۆژی پەسڵاندا لەگەڵتانم و ئێوە لە ئەستێری کەوسەردا وەرنەلام. ئاگادار بن سەبارەت بە سەقەلەین (کتێبی خودا و ئالوبەیتەکەم) پرسیارتان لێ دەکەم، کەوایە وریا بن کە لەپاش من لەمەڕ ئەو دووانە چۆن هەڵسوکەوت دەکەن، چوونکە خودای گەورە منی ئاگادار کردووەتەوە کە ئەو دووانە لە یەکتر جوێ نابنەوە تا چاویان بە من بکەوێ! ئاگادار بن کە من ئەو دووانەم بۆ بەجێ هێشتن. لێیان وە پێش مەکەون کە لەبەر یەک هەڵدەوەشنەوە و پرژ و بڵاو دەبنەوە و لە ئاست ئەوانە کەمتەرخەمی مەکەن کە لەنێو دەچن!"

ئێستا ئەگەرچی ڕەسووڵی خودا (د.خ) لەنێوان ئێمەدا نەماوە بەڵام پەیامی ئەو هەر هەمان یەکایەتییە کە جیهان جوان و ڕووناک دەکات. ئەمە یەکەم پەیامی هەموو پێغەمبەرانی خودا بووە.

واتە پاڵنەدانەوە بە هیچ دەسەڵاتێک جگە لە ‌هێز و دەسەڵات و گەورەیی خودای تاکانە و قەبووڵ نەکردنی نادادپەروەری و ستەم. خودا لە ئایەتی 25ی سووڕەتی ئەنبیادا فەرموویەتی: "پێش تۆ هیچ پێغەمبەرێکمان نەنارد، مەگەر ئەوەی وەحیمان پێ کردبێ کە مەعبوودێکی جگە لە من نییە، کەوایە تەنیا هەر من بپەرەستن."

جارێکی دیکە سەرەخۆشیتان لێدەکەینەوە بە بۆنەی کۆچی دوایی پێغەمبەری نازداری ئیسلام حەزرەتی محەمەدی مستەفا (د.خ) و نەوەی بەڕێزی حەزرەتی ئیمام حەسەنی مجتەبا (ع)

 

سەرپەیڤ