کتێبی "کەس خۆی بۆ تەرک ناکرێ" چاپ و بڵاو کرایەوە
کتێبی شێعری " کەس خۆی بۆ تەرک ناکرێ" بەرهەمی نوێی سەلاح موحەمەدی شاعێری گەنجی مەریوانی هاتە بازاڕی کتێبی کوردی.
بە ڕاپۆرتی هەواڵنێری مێهر، کتێبی " کەس خۆی بۆ تەرک ناکرێ " وەک دوەمین بەرهەمی چاپ کراوی سەلاح موحەمەدی لە ۷٦ لاپەڕەدا و بە تیراژی ۱۰۰۰ دانە لە لایەن ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی خانی چاپ کراوە.
کتێبی "کەس خۆی بۆ تەرک ناکرێ" لە ۲۸ شێعری کورت و شێعری درێژی فلۆرا پێکهاتووە.
لە باری تەکنیکییەوە کتێبی "کەس خۆی بۆ تەرک ناکرێ" سەر بە رەوتی شێعری شار و سەیالی بەرەی چواری شیعری کوردیە و زۆر هەوڵی داوە نزیک ببێتەوە لە ئەزموون و رووداوەکانی ژیانی رۆژانە بە زمانێکی ناعورفی و شاعێرانەوە.
سەلاح موحەمەدی لە دایکبووی ۱۳٥۹ی شاری مەریوان و دانیشتووی شاری سنە، ماوەی زیاتر لە بیست ساڵە بە نووسینی شیعر و بابەتی ئەدەبییەوە سەرقاڵە و کتێبی یەکەمی بە ناوی "بۆ بێتاقەتی شاعیرم" چوار ساڵ لەمەوپێش لە لایەن بڵاڤگەی گوتار چاپ کرا.