نیسان 06, 2020 09:47 Asia/Tehran
  • شاعیره ناسک خەیاڵەکەی مەهاباد گوڵی ژیانی ژاکا

ناسر ئاغابرا ناسراو بە "ژاکاو" شاعیری ناسک خەیاڵی مەهابادی دڵی لە لێدان کەوت و کۆچی دوایی کرد .

سیامەند جوانبەخت ئەمڕۆ دوشەممە لە وتووێژ لە گەڵ هەواڵدەری ئیرنا دا گوتی ئەم شاعیر و نوسەرە رووناک دڵەی مەهاباد لە تەمەنی 52 ساڵیدا بە هۆی وەستانی دڵەوە کۆچی دوایی کرد .

ناوبراو وتیشی : تەرمی ئەم شاعیرە مەهابادیە بڕیارە ئەمڕۆ دوشەممە بە ئامادەبوونی ژمارێکی کەم لە کەسوکاری و ئەدەب دۆستانی مەهابادی لە شوێنی ناشتنی شاعیران و ئەدیبانی مەهاباد بە خاک بسپێردرێ .

وتیشی : بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا ، ڕێوەڕەسمی پرسە و یادکردنەوەی ئەم شاعیرە بۆ کاتێکی دیکە و دوای ڕەوینەوەی ئەم نەخۆیە بەڕێوە ئەچێ .

 ناسر ئاغا برا ناسراو بە ژاکاو ساڵی 1968 لە گوندی بەردە ڕەشانی مەهاباد هاتەسەر دونیا و سەرباری نابینا بوونی ، تا قۆناغی ماستەر خوێندی.

 ئەوجیا لە ئەندامەتی لە ئەنجوومەنی ئەدەبیی مەهاباد ، توێژەری وێژە و ئەدەب و وانەبێژ لە زانکۆی پەیامی نووری مەهاباد بوو و سێ بەرهەمی لە پاش بە جێماوە بە ناوەکانی : کەژاوەی دڵ ، تریفەی ئاوات و کۆللارە .

شێعرەکانی  ناسر بە هۆی کێشی مۆسیقایی و ڕەوانبوون زۆر لەبەر دڵانن و بەشێکیان کراونەتە گۆرانی کە هۆنراوە جوان و زوڵاڵەکەی " کانی " نمونەی دیاری هۆنراوەکانی ژاکاوە .