ته‌مووز 08, 2020 17:30 Asia/Tehran
  • موسیقاژەنێکی کوردی ئێرانی لە فستیڤاڵێکی نێونەتەوەیی دا ھەڵبژێردرا

«زانا ئیبراھیمی» موسیقاژەن و ئاوازدانەری کوردی ئێرانی بە بەرھەمی «دەڕژێ»، توانی وەک ھونەرمەندێکی ھەڵکەوتەی بەشی موسیقای ڕۆژھەڵاتی ناڤین لە شێوازی «ئارابسک» لە فستیڤاڵێکی جیھانی دا خۆی بناسێنێ.

«زانا ئیبراھیمی» لە ھونەرمەندان و موسیقاژەنانی گەنجی موسیقای کوردی لە فستیڤاڵێکی جیھانی دا سەرکەوتنی تۆمار کرد.

کۆمپانیای «ئینتێڕ کانتینێنتاڵ میوزیک ئاوارد»ی وڵاتی ئەمریکا ماوەیەک لەمەو پێش بە بەرپا کردنی قستیڤاڵێکی موسیقایی لە موسیقاژەنان و ھونەرمەندانی چالاکی بواری موسیقای گێڕایەوە ھەتا بەرھەمەکانیان بەم فستیڤاڵە بناسێنن. لەم ئاراستەیەدا «زانا ئیبراھیمی»ش کە لە ھونەرمەندانی لاوی کوردستانی ئێرانەو لە ماوەی مانگەکانی ئەم دواییە چالاکانەتر لە بواری موسیقادا ھەوڵ دەدات وێڕای بەشداری کردن لە فستیڤاڵەکەدا توانی بە بەرھەمی «دەڕژێ» لە ئاوازدانان و وتنەوەی خۆی پلەی ھەڵبژاردەی شێوازی «ئارابسک» لە بواری موسیقای ڕۆژھەڵاتی ناڤین مسۆگەر کات.

«زانا ئیبراھیمی» لەو ھونەرمەندە گەنجانەی ناوچەی مەھابادە کە خوێندنی باڵای خۆی لە بواری موسیقادا تەواو کردووەو ھەڵگری بڕوانامەی بەکارلیۆسی موسیقایە. ئەم ھونەرمەندە کوردە دوای تەواو کردنی خوێندن لە ئێران بە ئامادە بوونی لە زانکۆی «ئاکدنیز»ی تورکیا دەستی کرد بە فێربوونی بواری ئاوازدانان لە بەشی موسیقای تورکیی «ئاناتولا».

زانا جیا لە چالاکی توێژینەوەو ئامازدانان لە بواری سازگەلی جۆربەجۆری وەک «باغڵەمە، باغڵەمەی کارەبایی، گیتار، باس گیتار، گیتاری کارەبایی، تار،تارجومبوش، عود، وزوکی، مەندۆلین، بوزاق، کوریت و تاری قەوقازی»ش دا شارەزایە.

ھاوکاری لەگەڵ ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ناوەندەکانی مەھاباد،ورمێ و تەوزێز، فێرکردنی موسیقا لە فێرگە جۆربەجۆرەکانی تایبەتی موسیقا، ھاوکاری لەگەڵ ھونەرمەندانی وڵاتانی جۆربەجۆر لەوانە سویید، تورکیا، عێراق، ئازەربایجان، ئەرمەنستان، ئەفغانستان و سوریا و ھەروەھا پێشکەش کردنی کۆنسێرت لە وڵاتانی سویید، نەرویژ، فەنلاند، ئاڵمانیا، بریتانیا، دانیمارک، ئەمەنستان، گورجستان و ئێران لەو چالاکیانەی ئەم ھونەرمەندە کوردە دێنە ئەژمار.

جێگای ئاماژەیەک شێوازی «ئارابسک» کە «زانا» سەرکەوتنی تیادا مسۆگەر کردووە، زاراوەیەکە کە موسقارانی تورکیا بۆ ئەو موسیقاگەلە دایانناوە کە ڕیتم و ستایلی عەرەبیی ئاوێتەی تورکییان ھەیە.