ئه‌یلوول 25, 2020 18:54 Asia/Tehran
  • ھونەرمەندێکی شانۆکاری شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد

ئەمڕۆ هەینی «عەباس ژاژڵەیی» هونەرمەندی دیاری شانۆ لە شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستان کە ماوەی زیاتر لە شەش ساڵە بەهۆی نەخۆشییەوە لەکاری هونەری دورکەوتبووەەوە، کۆچی دوایی کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی خەندان ،هونەرمەند «عەباس ژاژڵەیی» ناوی تەواوی «عەباس مەلا مەعروف مەلا علی مەلا مەمەد چاومار» ە، ساڵی ١٩٥٠ لە گوندی ژاژڵەی سەر بە قەزای «ماوەت» لەدایک بووە، قۆناغی منداڵی و سەرەتایی لە گوندی ژاژڵە تەواو کردووە و پاشان بۆ خوێندن ڕوی لە شاری سلێمانی کردووە.

هونەرمەند «عەباس ژاژڵەیی» لە سەردەمی دەستەڵاتدارانی پێشووی عێراق دوردەخرێتەوە بۆ شاری بەسڕە و دوای گەڕانەوەی بۆ شاری سلێمانی دەبێتە فەرمانبەر لە فەرمانگەی بیناسازیی، هەروەها لە ساڵی ١٩٩٠ لەبەر ئەوەی ئەندامەتی لە حیزبی بەعسی  قەبووڵ نەکرد کارەکەی دور دەخرێتەوە، بەڵام دواتر دەگەڕێتەوە سەر کارەکەی و بەردەوام دەبێت و ساڵی ٢٠١٤ دا خانەنشین دەکرێت.

هونەرمەند «عەباس ژاژڵەیی» لە بواری هونەریدا لە دەیان دراما و شانۆ و فیلم و کورتە فیلمدا  وەک ئەکتەر و دەرهێنەر چالاکیی نواندووە کە، نمونەی کارەکانی بریتین لە« بوکی ژێر دەواری ڕەش، شەوێک لە ژیانی خانزاد، گڵکۆی تازەی لەیل، بوون بە خۆر، ژیلەمۆی ئەوین» و چەندین کاری دیکەش.

ناوبراو لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بەهۆی نەخۆشیی درێژخایەن نەیتوانیوە چیتر لە کاری هونەری بەردەوام بێت و سەرەنجام لە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠٢٠ بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

سەرپەیڤ