تشرینی یه‌که‌م 01, 2020 16:29 Asia/Tehran
  • یانەیەک تایبەت بە وەرزشی «پەرەگلایدەر» لە کۆیەی ھەرێمی کوردستان کرایەوە

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە ئاھەنگێکدا لە چیای «کۆساریی گەشتیاری» لە قەزای «کۆیە»ی ھەرێمی کوردستان دامەزراندنی یانەی ئاسمانی کۆیە راگەیەندرا.

کاپیتانی یانەی ئاسمانیی کۆیە، «هیوا عەزیز حسێن» لەبارەی یانەکەیان بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاندووە:دوای ئەوەی ژمارەیەک گەنج لە رێکخراوی شاخەوانیی «باواجی» وەرزشی شاخەوانیمان دەکرد بیرمان لەوە کردەوە بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیایی شاری کۆیە و گونجاو بوونی بۆ وەرزشەکە، وەرزشی فڕین «پەرەگلایدەر»  بهێنینە شاری کۆیە، بۆیە پەیوەندیمان بە یانەی فرۆکەوانی سلێمانییەوە کرد و ئەوانیش راهێنەرێکیان بۆ دابینکردین و لە رۆژی ١٥ی ئاب دەستمان بە راهێنان کرد تاوەکو یەکی ئەیلول بە سەرکەوتوویی خولەکە کۆتایی هات.

ناوبراو وتیشی: بڕیاروابوو دوای کۆتایی هاتنی خولەکە و دەرچوونی یاریزانەکانمان دامەزراندنی یانەکە رابگەیەنین بەڵام بەهۆی نالەباریی کەش و هەوا بۆ وەرزشەکە کاتەکەمان دواخست، تاوەکو ڕۆژی ٢٥ی ئەیلول کەش و هەوا لەباربوو هەرچوار یاریزانی یانەکە کە لە خولەکە دەرچوو بوون لەسەر چیای «کۆساری گەشتیاری»یەوە فڕینیان ئەنجام دا کە بەرزییەکەی زیاتر لە ١٠٠٠ مەترە .

لە ئاھەنگەکەدا هەردوو یانەی ئاسمانیی هەڵەبجە و یانەی فرۆکەوانی سلێمانی بەشداربوون و هەر یانەیەک و شەش یاریزانیان لە ئاھەنگەکەدا بە ئاسمانی کۆیەدا بە پەرەگلایدەر فڕیناین ئەنجامدا.

کاپیتان هیوا راشیگەیاند: لەدوای ئەم ئاھەنگەو فڕینی یاریزانەکان یانەی ئاسمانیی کۆیە راگەیەندرا و لەو ڕۆژە بەولاوە  وەک یانەیەکی فرینی هەوایی (پەرەگلایدەر) دەست بەکار بووین.