تشرینی یه‌که‌م 20, 2020 14:02 Asia/Tehran
  • تیپی «وچانی» پارێزگای کوردستان لە بەر بێ وچانی خەریکی ھەڵوەشانەوەیە

لەدوای دابڕانی گۆڵپارێزە ناوازەکەی تیپی «وچان» لە ئێستادا کاپیتانی تیپەکەش خەریکە لێی جیا بێتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، تیپی ھەڵبژاردەی تۆپی پێی «وچان»ی پارێزگای کوردستان کەوەرزی پێشووی بە تێکچڕژان و گۆڕدرانی بەڕێوەبەرایەتییەکەی دەست پێ کرد، لە کۆتایی وەرزەکەڕدا بە پلەی جێگری پاڵەوان بەسەندەی کرد.

ئەم تیپەی ئافرەتانی پارێزگای کوردستان کە توانی بووی جیا لە ناسناوی جێگری پاڵەوان، بە ھۆی گۆڵپارێزە ھێزمەندەکەیەوە ڕەچەی «ملین شیت»ی تۆپی پێی ئێرانیش بشکێنێ، وەرزری ڕابردوو باشترین ھێڵی بەرەڤانیشی لە کارنامەی خۆی دا تۆمار کردو لە ئێستادا و ئا لەم وەرزەدا یەکێک لە باشترین بەرگریکارەکانی لێی جیا بووەتەوە.

«سەرشین کەمانگەر» کاپیتانی ٢٤ ساڵانی تیپی «وچان»ی پارێزگای کوردستان لە بارەی بڕیاری وازھێنانی لەم تیپە وتوویەتی: گرفتی بەڕێوەبەرایەتی و دراڤیمان نەبوو، بەڵام ئەرخەیانی و ئارامشەکەی وەرزەکانی ڕابردوومان نەما بوو.

ناوبراو وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە ئەوبەرایەتیی سەرەکیم لە ھەڵبژاردنی تیپێک بوونی ئارامش و ھێورییە، وتیشی: ئەوە بۆ پێنج ساڵ دەڕوات کە بۆ تۆپی پێی پارێزگای کوردستان یاری دەکەم، بەڵام لە ئێستادا وا ھەست دەکەم  ئەو ئارامش و وچانەی کە پێویستە نیمەو ھەر لە بەر ئەمەش بڕیارم دا لە یانەی «وچان» جیا ببمەوە.

کاپیتانەکەی پێشووی یانەی «وچان» وتیشی: لە لایەن چەند یانەیەکی ناوداری وڵاتەوە پێشنیاری ھاوکاریم پێ کراوە کە ھەڵبەت ھێشتا لەم بارەیەوە ھیچ بڕیارێکم نەداوە.

وەک باسی دەکرێت گوایە لە ماوەی ڕۆژانی داھاتووش بڕیارە چەند یاریزانێکی دیکە لەم یانەیەی پارێزگای کوردستان جیا ببنەوەو وادیارە ھۆیەکەشی ھەر بۆ نەبوونی وچان و ئارامش دەگەڕێتەوە.

سەرپەیڤ