ئه‌یلوول 11, 2017 11:38 Asia/Tehran
  • یانزەی سیپتەمبەر،دوای شانزە ساڵ

١٦ساڵ لەوەپێش لە وەها ڕۆژێکدا، یانزەی سیپتەمبەری٢٠٠١، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، شایەتی دوو پەلاماری تیرۆریستیی بوو.

سێ فڕۆکەی موسافیرهەڵگر کە کەوتبوونە دەست فڕۆکەڕفێنان ، بیناکانی ناوەندی بازرگانیی جیهانی لە نیۆیۆرک و باڵەخانەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە واشنگتۆنیان کردە ئامانج و نزیک بە سێ هەزارکەسیان کردە قوربانی . حکومەتی ئەو کاتی ئەمریکا، بەرپرسایەتی ئەو کردەیەی خستەئەستۆی تاقمی ئەلقاعیدە و لە تۆڵەی داڕمانی تاوەرە دووانییەکانی نیۆیۆرک و بینای پێنتاگۆن، هێرشی کردەسەر ئەفغانستان. لەدرێژەی ئەوەی وا ناوی دەنرا شەڕی دژ بەتیرۆر، دوو ساڵ دوای ڕووداوی یانزە سیپتەمبەر، ئێراق، وڵاتێکی دیکەی ئیسلامیش، کەوتەبەر پەلاماری ئەمریکییەکان.

ئێستا١٦ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر ئەوەی وا ناوی نراوە گەورەترین شۆکی ئاسایشیی مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکان. وایان دانا بوو، ئەو شۆکەی لە کۆمەڵگای ئەمریکا کەوت، کێشەی تیرۆریزم بۆ ئەو وڵاتەو هەروەها بۆ کۆمەڵگای جیهانی بۆ هەمیشە چارەسەر بکات. بەم حاڵەشەوە بەئاوڕدانەوەیەکی خێرا بەسەر ڕەوتی گۆڕانکارییە سیاسی-ئاسایشییەکانی١٦ساڵی رابردوو، بەباشی دەردەکەوێ کە حکومەتی ئەمریکا بۆ هێنانەدی ئامانجە سەرەکییەکانی خۆی لە بەرەوڕووبوونەوەی تیرۆریزمی جیهانیدا بێ ئاکام بووەو هەرەسی هێناوە.

میکا زنکۆ کارناسانی ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی ئەمریکا لەوتارێکدا لە رۆژنامەی نیۆیۆرک ئەو پرسیارە دێنێتە ئاراوە کە: لەبەرچی بەگوێرەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ژماری گرووپە ڕەشەکوژە بیانییەکان لە٢٨حاڵەت لەساڵی٢٠٠٢دا بۆ٦١حاڵەت لەئێستادا زیادی کردووە.

لەو ١٦ساڵەدا، چەند وڵات لەلایەن ئەمریکیەکانەوە داگیرکران یان کەوتنە بەرپەلاماری فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەمریکا. دەگوترێ، شەڕ لە ئەفغانستان و ئێراق پتر لە شەش تریلیۆن دۆلار تێچووی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بۆ باجدەرانی ئەمریکی بەدواوە بووە.

لەو شەڕانەدا زیاتر لە یەک ملوێن مرۆڤ لە ئێراق، ئەفغانستان، سووریا، لیبیاو یەمەن بەبیانووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم گیانیان لەدەست داوە. ژماری کوژراو و برینداری سوپای ئەمریکا لە شەڕی ئێراقیش لە٤٥٠٠کەس تێپەڕی و ریکۆردی کوژراو و بریندارانی شەڕەکانی ئەمریکا پاش شەڕی ڤێتنامی شکاند. هاوکات، حکومەتی ئەمریکا بۆ بەرەوڕووبوونەوەی تیرۆریزم هەموو سنوورەکانی پاراستنی مافی شارومەندیی بەزاندو گەورەترین هەڵمەتی سیخوڕیی و شۆڤاریی لە مێژووی مرۆڤایەتی ئەنجام دا.

بەم حاڵەوە، بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ژماری قوربانیانی کردەوە تیرۆریستییەکان لە ساڵانی دوای یانزە سیپتەمبەر یەکجار زیاتر بووە لەچاو ساڵانی پێش ئەو ڕووداوە. هەتا پێش ڕوودانی یانزەی سیپتەمبەر ئەگەر کێشەی تیرۆریزم بە ناوچەگەلێکی تایبەتی جیهان بەتایبەت لە رۆژاوا و باشووری ئاسیا بەرتەسک دەبۆوە، پاش ئەو ڕووداوە، بوو بە کێشەو گرفتێکی جیهانی و سەرتاسەری جیهان، بۆ وێنە ئوروپای رۆژاوایی و ویلایەتە یەکگرتووەکانیشی گرتەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە کە بەگرتنەبەری سیاسەتی دووفاقیی لەهەمبەر گرووپە ڕەشەکوژەکانی وەک ئەلقاعیدەو داعش لەلایەن ژمارێک دەسەڵاتی جیهانیەوە، ئەو چاوەڕوانییەش دەکرێ کە لەساڵانی دوای ڕووداوی یانزەی سیپتەمبەر، تیرۆریزم بەرفراوانتر بێت و جیهان ببێتە شوێنێکی مەترسیدارتر.