کانونی دوھەم 07, 2018 14:28 Asia/Tehran
  • ئەمریکا؛ لە ناکامی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش تا سەرلێشێواوی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی

"ڕێکس تیلەرسۆن" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتوویەتی کە خەریکی راوێژکاری لەگەڵ یاسادانەرانی ئەمریکاییە سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک و ئەگەری بەدیهێنانی گۆڕانکاری لە یاساکانی ناوخۆی ئەمریکا لەم بارەوە. بەڵام تیلەرسۆن باسی کامە گۆڕانکاری و بە قسەی خۆی کامە چاکسازی لە پێوەندی لەگەڵ ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەکات و ئەو لێدوانەی هەڵگری چ پەیمانێکە بۆ لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی.

ترەمپ لە ڕۆژانی داهاتوودا بەرەوڕووی بڕیاردانی دژوار سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی دەبێتەوە و دەبێ سەبارەت بە مانەوە یان چوونەدەری ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە بڕیار بدات.

تیلەرسۆن ڕۆژی شەممە لە وتووێژ لەگەڵ ئاسۆشێتێدپرێس وتی: سەرۆک کۆمار یان چاکسازی بەدی دێنێ لەو ڕێککەوتننامەیەدا یان لێی دێتە دەرەوە. ئێمە خەریکین هەوڵ دەدەین بۆ جێبەجێ کردنی بەڵێنی بەدیهێنانی چاکسازی لەو ڕێککەوتننامەیەدا."

تیلەرسۆن هەروەها وتی ؛ بێتوو نیشانەگەلێک سەبارەت بە هەوڵی کۆنگرێس لەمەڕ چاکسازی لەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییەیمان بۆ دەرکەوێ، ئەگەری زۆرە ڕۆژی ١٢ی ژانڤییە، هەندێ لێخۆش بوون لە بایکۆتەکان بۆ ئێران واژۆ و مۆربکات.

یەکێک لەو بژاردانەی کە یاسادانەرانی ئەمریکایی بۆ ڕاکێشانی داکۆکی و پشتیوانی کۆشکی سپی خستوویانەتە بەر باس و لێکدانەوە، نەهێشتنی ئەو یاسایەیە کە بە پێی ئەوە ترەمپ هەر سێ مانگ جارێ دەبێ پێبەند بوونی ئێران بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش ڕاپۆرت بکات بۆ کۆنگرێس. دەوڵەتی ئەمریکا بە پێی یاساو ڕێساکانی ناوخۆی ئەم وڵاتە دەبێ هەر ٩٠ ڕۆژ جارێ پێبەند بوونی ئێران بە ڕێکەوتنی ئەتۆمیی پشت ڕاست بکاتەوە. بەڵام سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ لە ڕاپۆرتی سێ مانگانەی خۆیدا پێبەند بوونی ئێران بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی پشت راست نەکردەوە و ٦٠ ڕۆژ دەرفەتی دا بە کۆنگرێس تا بڕیاری یەکجاری سەبارەت بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش ڕابگەیەنێ. بەڵام کۆنگرێس لەو ماوە دیاریکراوەدا نەیتوانی وەڵام بداتەوە.

ئێستا کەشی زاڵ بە سەر کۆنگرێس سەبارەت بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش زۆر بە سوودی ترەمپ نییە. ترەمپ لە سناریۆی قەیران نانەوەی دژ بە ئێراندا لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی هەینیی ئەنجومەنی ئاسایش پێی وابوو دەگاتە کۆدەنگییەکی بەرچاو بۆ ئیدانە کردنی ئێران لە ئاستی ئەنجومەنی ئاسایش و پشتی بە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوەیە وەک کارتی براوەی خۆی بەستبوو؛بەڵام نەک هەرڕووسیا و چین دەنگیان نەدا بە ئیدانە کرانی ئێران بەڵکوو هاوپەیمانە نزیکەکانی ئەمریکایش واتە بەریتانیا و فەرانسایش ئەمجارە خۆیان لەو یارییە سیاسییەی ئەمریکا دوور خستەوە. ئەندامانی دیکەی ئەنجومەنی ئاسایشیش پێشوازییەکی ئەوتۆیان لە ئەمریکا نەکرد.

سەید عەلی بیگدلی مامۆستای زانکۆ و کارناسی پرسە نێودەوڵەتییەکان لە وتووێژ لەگەڵ نامەنیوز رایگەیاند: سەرەکیترین ئامانجی ترەمپ ئەوە بوو کە گەڵاڵەی بنپێکرانی مافی مرۆڤ لەر لایەن ئێرانەوە لە ئەنجومەنی ئاسایش پەسەن بکات و بە پشت بەستن هەر بەو مەسەلەیە، بوار خۆش کات بۆ بنپێ کردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی.

بەرەوڕووی شسکت بوونەوەی ئەو گەڵاڵەیە بۆ ئەمریکا زەبرێکی قورس بوو؛ تا ڕادەیەک کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وتووێژەکەیدا وتی: "ئێمە زۆر بە داخین لەوەی کە یەکێتیی ئەورووپا هەڵوێستێکی لێبڕاوانەی بۆ داکۆکی لە دەنگەکانی خوازیاری چاکسازی لە ئێران نەگرتۆتە بەر."

ئیستا ترەمپ هەتا ١٣ی ژانڤییە دەرفەتی هەیە بۆ یەکلا کردنەوەی جارەنووسی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و ئەو بڕیاردانەیش زۆرهاسان نییە. بێتوو ترەمپ بیهەوێ یەکلایەنە ئەو کارە بکات، پێوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانانەی ئەورووپایی تێک دەشێوێ و کەلێنێکی گەورە لە نێوان ئەمریکا لە لایەکەوە و چینو  ڕوویا لە لایەکیدیکەوە بەدی دێت.

"ڤیلادمیر جەبارۆف" یاریدەری سەرۆکی لێژنەی نێودەوڵەتیی ئەنجومەنی فدراسیۆنی ڕووسیا لەم بارەوە وتوویەتی؛ هاوپەیمانانانی ڕۆژاوای کۆشکی سپی دەبێ وشدار بدەنە ئەمریکا لەحاند پێبەند نەبوونی ویان بەدیهێنانی گۆرانکاری لە بڕگەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان وڵاتانی ئەندامی گرووپی پێنج کۆ یەک و ئێران.

بەڵام ترەمپ لەو یەک ساڵەیدا کە بە سەر سەرۆک کۆمارەتییەکەی تێپەڕیوە، ئەوەی سەلماندووە کە سینگاڵ و وشدارەکانی زۆر درەنگ وەرگرتوە. بەڵام وەدوا کەوتن  و درەنگ جوڵانەوە لە وەرگرتنی وشدارەکانی سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەتوانێ بۆ دەوڵەتی پڕ هەرا و هوریای ترەمپ دواهاتی زۆر نالەباری بە دواوە بێ.