کانونی دوھەم 12, 2018 14:12 Asia/Tehran
  • عەرەبستان گومەزی ئاسنین لە تەلەبیب دەکڕێت

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، عەرەبستانی سەعودی بۆ خۆپاراستن لە موشەکەکانی ئەنساروڵڵا سیستێمی گومەزی ئاسنین لە ڕژێمی زایونی دەکڕێت.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، ماڵپەڕی ڕەئی ئەلیەوم  کە بنکەکەی لە لەنداندایە نووسیویەتی: میدیا عبرییەکان سەرنجێکی تایبەتییان داوە بە ڕاپۆرتی تازەی ڕۆژنامەیەکی سوییسڕایی سەبارەت بە پەرە پێ درانی پەیوەندییەکانی نێوان ڕیازو تەلەبیب.

ڕۆژنامەی باسلێر سایتۆنگ (Basler Zeitung ) چاپی سوییسڕا لەم دواییەدا نووسیویەتی: دەوڵەتی عەرەبستانی سەعودی ھۆگریی خۆی دەربڕیوە بەرامبەر بە کڕینی سیستێمی گومەزی ئاسنین لە ئیسرائیل کە سیستێمێکی دژی موشەکییەو دیارە نیازی عەرەبستانیش بەکار ھێنانی ئەم سیستێمە لە شەڕی دژی ئەنساروڵڵای یەمەن دایە.

لەم ڕاپۆرتە وا دەر دەکەوێ کە ئیسرائیل و عەرەبستان سەرباری نەبوونی پەیوەندیی دیپلۆماسیانە لە بواری سەربازی و ئاسایشتی پێکەوە ھاوکاری دەکەن بەو ھیوایەی کە پێش بە ئامادە بوون و دەستڕۆییشتوویی ڕوولەپەرەی ئێران لە ڕۆژھەڵاتی ناڤین دا بگرێت.

ئەم ڕ اپۆرتە ئەوەش پشتڕاست دەکاتەوە کە، عەرەبستانی سەعودی پرسی کڕینی کەرەستەوئامێری سەربازی لە ئیسرائیل لەوانە سیستێمی بەرەڤانیی تانک شکێنی (تروفی) چێکراوی ئیسرائیل تاوتوێ دەکات. وا باس دەکرێت کە کە کارناسانی سەربازیی عەرەبستان تەکنۆلۆژیای سەربازیی ئیسرائیلیان لە ئەبوزەبی دا تاقی کردوەتەوە.

ڕۆژنامەی باسلێر سایتۆنگ (Basler Zeitung ) چاپی سوییسڕا بە گێڕانەوە لە بازرگانێکی چەک و چۆڵی ئەورووپیی دانیشتووی ڕیاز نووسیویەتی: سەعودییەکان خەریکی لێکدانەوەی گەڵاڵەی کڕینی کەرەستەگەلێکی دیکەی وەک سیستێمی (ئاسپرۆ ئەی_ASPRO-A)شین. ئەم سیستێمە داگری ئامێرێکی بەرگریکارانەی بەرھەمی کۆمپانیایەکی ئیسرائیلییە بە ناوی ڕافائێل سەربە پیشەسازیی چێکردنی چەک و پیشەسازیی ئاسمانیی ئیسرائیل (IAI) کە بۆ پاراستنی تاکبەرو تانکەکان دیزاین کراوەو بە شێوەی ئۆتۆمات ھەر موشەکێک کە لێی نزیک بێتەوە لەنێو د ەبات.

شاڵاوەکانی عەرەبستانی سەعودی بۆ سەر جەماوەری بێ دەرەتانی یەمەنی لێ کەوتووەتەوەو ئەم ئەنساروڵڵای یەمەنیش لە کاردانەوە بەرامبەر بەو کردارەی عەرەبستانی سەعودی و ھاوپەیمانەکانی جاروبار بە موشەک بنکەکانی بەکرێگیراوان و سوپای عەرەبستان لە خاکی خۆی دا دەداتە بەر پەلامار کە ئەمەش ترس و تۆقانی ڕۆژلەدوای ڕۆ زیاتری ئالی سەعودی لێ کەوتووەتەوە.

عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە مارسی دووهەزاروپانزەوە شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە. ئەمە جیا لەوەی کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تەواوی خاپوور کراون و جەماوەری ئەم وڵاتە بەرەوڕووی دیاردەی دەگمەن و بەربڵاوی برسیەتی و نەخۆشیی بەربڵاو لەوانە کۆلێرا بوونەتەوە بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان. ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.

بە گوێرەی ڕاگەیاندنی  ئەم دامەزراوە نێونەتەوەییە، هێرشە ئاسمانییە بێ بڕانەوەکان و شەڕ لەم وڵاتەدا زەرەرو زیانێکی قورسی بەسەر جەماوەری یەمەن دا سەپاندووەو زەبرێکی قورسیشی لە ژێرخانە گشتی و تایبەتییەکانی  یەمەن وەشاندووە و و هاوکات ڕێگاشی لە گەییشتنی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە بەم وڵاتە گرتووە.