شوبات 02, 2018 17:47 Asia/Tehran
  • بەردەوامیی سیناریۆکانی ئەمریکا دژی سووریا ، هەر لە بوختانەوە هەتا هەڕەشەی سەربازی

کاربەدەستێکی سەربازیی ئەمریکا ڕۆژی پێنج شەممە بوختانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بۆ دەوڵەتی سووریا کردو وتی:واشێنگتۆن مافی هەرچەشنە هەنگاوێکی سەربازی) دژی سووریا بۆ خۆی بە پارێزراو دەزانێت.

هێدێر نائۆرت وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا لەم بوارەدا ڕایگەیاند: ئێمە پەرۆشی ئەو ڕاپۆرتانەین کە سەبارەت بە کەڵک وەرگرتنی هێزەکانی سووریا لەگازی کۆلۆر لەغوتەی ڕۆژهەڵات بەدەستمان گەییشتوە.

زۆرێک لە کارناناسان تۆمەتبار کردنی دەوڵەتی سووریا بە کەڵک وەرگرتن لە چەکی کیمیایی بە هەنگاوێک لە ئاراستەی چەواشە کردنی بیروڕای گشتی و بەراوەژوو پیشان دانی ڕاستییەکان هاوتەریب لەگەڵ سەرکەوتنەکانی ئەم دواییەی سوپای سووریا لە بەرامبەر تیرۆریستان دەزانن و لەم ڕووەوە وتەکانی هێدێر نائۆرت وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا دژی سووریا وەک درێژەی پڕوپاگەندەی کاربەدەستانی ئەمریکی دژی بەرەی خۆڕاگری لە ناوچەکەدا لێک دەدەنەوە.

سەرکەوتنەکانی بەرەی خۆڕاگری لە عێراق و سووریا و شکست هێنانی تاقمە تیرۆریستە تەکفیرییەکان لەم دوو وڵاتە بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەمریکا ڕوو لە بواری بەستێن خۆش کردن بۆ بە ڕەوا پیشاندانی دەستوەردانی سەربازیی زیاتری لە سووریاو عێراق دا بکات. ئەم پیلان و بەستێن خۆش کردنەی ئەمریکا بۆ سەرەڕۆیی لە ناوچەکەو تێوەگلان بە شەڕێکی هەمەلایەنەی دژی سووریا لە حاڵێکدایە کە ماوەیەک لەمەوپێش سەرچاوە هەواڵدەرییەکان لەوانە کەناڵی هەواڵیی مەیادینیش باسی تۆمار کردنی گەشتە نائاساییەکانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکی بە ئاسمانی سووریایان کردووە لە قەواخی جم و جوڵەکانی هاوپەیمانیی دژی بەناو تیرۆریزم بە سەرکردایەتیی ئەمریکا. ئەم سیناریۆ داڕشتنانەی ئەمریکا لە هەل و مەرجێکدایە کە کۆشکی سپی هیچ بەڵگەیەکیشی لە بارەی بانگەشەکانیەوە نەخستووەتە ڕوو.

چاودێرانی سیاسی پێ لە سەر ئەوە دادەگرن کە بۆختانەکانی کۆشکی سپی دەربڕی چەواشەکاریی ئەمریکایە بۆ دەست پێ کردی قۆناغێکی تازەی شەڕی پڕوپاگەندەیی لە ئاراستەی خەوشاندنی سیمای دەوڵەتی یاسایی و جەماوەریی سووریا و خۆش کردنی بەستێن بۆ هاوتەریب کردنی بیروڕای گشتی لەگەڵ سیاسەتەکانی سەرەڕۆیانەو دەست درێژکارانەی زیاتری ئەمریکی لە سووریا.

خولی تازەی بوختانی ئەمریکا بۆ سووریا لە حاڵێکدایە کە لە حەوتەمی ئاپریلی 2017 دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە بیانووی شاڵاوی کیمیایی فەرمانی تەقاندنی 59 موشەکی بەرەو بنکە ئاسمانییە سەربازییەکەی شەعیرات لە حومس دەرکرد. کەچی هەر لەو قۆناغەش دا سیمۆرهێرێش نووسەری ناوداری ئەمریکی ئەوەی لەقاو داکە هەر لەو کاتەدا ڕێکخراوەی هەواڵگریی ئەمریکا ترەمپی لەوە تێ گەیاند کە هیچ بەڵگەیەکی لە بارەی ئەمەی کە دەوڵەتی سووریا دەستی هەبووە لە هێرشە کیمیاییەکەی سەر خان شەیخونی نزیکی شاری ئەدلەب لە ئاردا نییە.

بانگەشەی تازەی ئەمریکا سەبارەت بە هێرشی کیمیایی سووریا لە حاڵێکدا دێتە ئاراوە کە لە ساڵی 2014 دا دیمەشق جبەخانەی چەک و چۆڵی کیمیایی خۆی ڕادەستی نوێنەرانی ڕێکخراوەی نەتەوەکان و سووریا ئێستاکە هیچ جۆرە چەک و چۆڵێکی کیمیایی لە بەردەست دا نییەو ڕێکخراوەی قەدەغەی چەک و چۆڵی کیمیاییش لەو بڕگەیەدا دانی بەم بابەتەدا نا.

بەڵام بابەتی گرینگ لێرەدا ئەمەیە کە ئێستاکە ئەمریکا دوای تێپەڕینی حەوت ساڵ لە دەست پێ بوونی قەیرانی سووریاو ئامادە بوونی تاقمە تیرۆریستەکان، خۆی لە سەروبەندی دۆڕان و شکست هێنانی یەکجاری دا لە سووریا دەبینێتەوەو هەر لە بەر ئەمەش کەوتووەتە پەلەقاژەو هەرجۆرێک بووە دەیهەوێ پێش بە کۆتایی هاتنی قەیرانەکە بە قازانجی بەرەخۆڕاگری بگرێت.

ئاشکرایە کە هەرچەشنە دەست درێژکارییەکی ئەمریکا بۆ سەر سوپاو یان جەماوەری سووریا لە ڕاستی دا خزمەت کردن بە تاقمە تیرۆریستەکانەو لەگەڵ بنەماو ئامانجەکانی جاڕنامەی ڕێکخراوەی نەتەوەکان و بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشت دا لە بارەی خەباتی دژی تیرۆریزمەوە یەک ناگرێتەوەو دژە.

شاڵاوی موشەکیی ئەمریکا بۆ سەر بنکەی شەعیراتیش لەو کاتەدا نەک هەر نەبووە هۆی زیاتر بوونی قورسایی و دەستەڵاتی هاوپەیمانی دژی داعش، بەڵکو بووە هۆی لادانی نوکە ڕمی خەباتی دژی داعش و تاقمە تەکفیرییەکان بەرەو دەوڵەتی سووریا. شاڵاوی موشەکیی ئەمریکا بۆ سەر شەعیرات بووە هۆی ئەوەی کە تاقمە تەکفیرییەکان هەست بە بوونی کەشێکی لەبارتر بکەن بۆ جم و جۆڵی تازەو دانوستانی سیاسی لە بارەی سووریاش بکەوێتە ژێر کاریگەرییەوە.

 

 

 

 

 

 

ئێستاکە ئەمریکا شەپۆلێکی تازەی ڕەوانیی دیکەی بۆ ڕاپەڕاندنی ئامانجە سیاسییەکانی خۆی لە سووریا وەڕێ خستووە. ئەم چەواشەکارییانە لەگەڵ پیلانەکانی (تاقمی واشێنگتۆن) دا هاوتەریب بووە. چەند ڕۆژ لەمەوبەر کەنەڵی تەلەفزیۆنیی مەیادین ڕایگەیاند کە بەڵگەیەکی دەست کەوتووە   لە لایەن تاقمی واشێنگتۆنەوە گەڵاڵەڕێژی کراوەو داگری دابەشکرانی سووریایە و سەرپەرشتی کرانیشی دەکەوێتە ژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی ڕێکخراوەی نەتەوەکانەوە. تاقمی ناسراو بە واشێنگتۆن داگری ئەمریکا، بریتانیا، فەرانسا، عەرەبستان و ئەردەنە. لەم ڕۆژانەدا ڕۆژهەڵاتی ناڤینیش بووە بە گۆڕەپانی خولی تازەی جم و جوڵەکانی سەربازی و پیلانگێڕانی ئەمریکا. ئەم جم و جوڵانە داگری جم و جوڵی خوێناویی سەربازیی ئەمریکا لە سووریا لە قەواخی هێزەکانی هاوپەیمانیی بەناو دژی تیرۆریزمە کە ئەمەش لە خاک و خوێن دا گەوزانی کۆمەڵێکی تر لە شارومەندانی سووریای لێکەوتووەتەوە. ئەمریکا بەو هەنگاوە پڕ لە پیلانانەی هەر دەم ڕەوشتی سوریا ئاڵۆزتر دەکات. سیاسەتەکانی نەگونجاوو چەواشەکارانەی ئەمریکا لە هەمبەر سووریا چارەنووسێکی باشتر لە دەرەنجامە نالەبارەکەی شەڕی ڤییەتنامی بۆ ئەمریکا بەدواوە نابێت. تێ چەقینی هەرچی زیاتری ئەمریکا لە زۆنگاوە خۆکردووەکەی لە سووریا دوابەدوای سیاسەتەکانی شەڕخوازانەی ترەمپ دەربڕی ئەم ڕاستییەیە.