شوبات 19, 2018 20:51 Asia/Tehran
  • ھەنگاوی ھاوبەش لە ڕوانگەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامییەوە

وتەکانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە بارەی ھەنگاوی ھاوبەش جارێکی تر ئەوەی دەرخست کە ڕێبازی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەر بنەمای لۆژیک و ژیرایەتی و ئەزمون و ناسینی ئامانجەکانی ئەمریکایە.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە لە دیداری پڕشۆری ھەزاران کەس لە جەماوەری دیندارو شۆڕشگێڕی تەورێز لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران، وێڕی ئاماژە کردن بە پەیمان شکێنی و ھەڵس و کەوتی کرێتی ئەمریکییەکان و بڕێک لە وڵاتانی ئەورووپی ڕایگەیاند: ئێمە دەرەنجامی پشتبەستن بە بیانییەکانمان لە پرسی ھەنگاوی ھاوبەش دا بەدی کرد و لە پرسی دانوستانی ناڤۆکیش متمانەمان پێ کردن بەڵام ھیچ قازانجێکمان نەکرد.

بێ متمانەیی بەرامبەر بە ئەمریکا تەنیا دروشم نییە، بەڵکو لە سەر بنەمای ئەزمونی ڕابردوو، ھەڵس و کەوتی ئێستاو ھەبوونی شیکارییەکی ڕاستبینانە لە بارەی ئامانجەکانی پاوانخوازانەی ئەمریکایە. ئەمەی کە ھەنگاوی ھاوبەش لە ئەنجامی کارشکێنییەکانی ئەمریکا نەیتوانیوە بە ئامانجەکانی پێشتر دیاری کراوی خۆی بگات، وتەیەکە لە سەر بنەمای ڕاستی کە لەم ڕۆژانەدا بووە بە پەرۆشییەکی جیھانی و لەم بارەیەوە نیگەرانیی زۆر دەگاتە گوێ.

ئێستاکە ٢٥ مانگ ڕاپەڕێندرانی ھەنگاوی ھاوبەش تێپەڕ دەبێت، لە حاڵێکدا کە پەیمان شکێنیی ئەمریکا بۆ ھەمووان سەلمێندراوە. بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران بەتەما نییە بە بەڵێنی پڕوپوچ کات و وزەی خۆی بۆ ھەمیشە لە ئاراستەی چاوەڕوانییەکی بێ ئەنجام بەفێڕۆ بدات. ئەوەی وا بۆ ئەمڕۆو سبەینێی گەلی ئێران گرینگە، کەڵک وەرگرتن لە بارستاییە نێوخۆییەکان بەتایبەت لە بەشە جۆربەجۆرەکانی ئابووریی وڵاتە. وەک چۆن حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران فەرموویانە کە نابێ وڵات دەستخڕۆی بابەت گەلی خەیاڵی بکرێت.

ھەڵس و کەوتی ئەمریکاو ھێندێک لە وڵاتانی ئەورووپی لەوانە فەرانسە، ئێستاکە واوەتر لە پرسی ناڤۆکییە و بەرەو بواری بەرەڤانیی ئێرانیش تەشەنەی سەندووەو ئەمەش بە واتای دەستوەردان و زۆربێژییەو ئامانجەکەشی لاواز کردنی ئێران لەناوپڵ دایە.

دکتۆر موراد عینادی شرۆڤەکاری پرسی سیاسی و کترناسی پەیوەندیی نێونەتەوەیی لە یادداشتێکی ڕۆژنامەی جامی جەم بۆ شی کردنەوەی ڕەفتارو ھەڵس و کەوتەکانی ئەمریکا سەبارەت بە تێکدانی ھەنگاوی ھاوبەش دەنووسێت: گەرچی ترەمپ ھەڵپەساردنی بایکۆتەکانی واژۆ کردو وازی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی نەھێنا، بەڵام لە سیاسەتێکی ھێدی ھێدی دا ھەمیسان سست و بێ کەڵکی کرد. لەو گەمەیەی نێوان کۆنگرێس و کۆشکی سپی بۆ کوشتنی ھەنگاوی ھاوبەش، ئەمریکا وای پێ باشتر بوو کە بە توند کردنەوەی بایکۆتەکانی دیکە ھەروا سوورو پێداگر بێت لە سەر ستراتژیای بایکۆت.

ئەمریکا کە لە ساڵی ١٣٨٥ەوە بایکۆتە سەرەتاییەکانی پەسەند کراوی کۆنگرێسی ئژی ئێران بەردەوام کردووە، بە سیاسەتی تازەی بایکۆت کردن وەکوو کاتساو بە بیانووی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ یان بانگەشەی پشتیوانیی ئێران لە تیرۆریزم بە کردەوە بایکۆتەکانی سەرەتاشی بە شێوازگەلی تازە بەردەوام کردووەو بەھێزتری کردوون.

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا 25ی ژوئیە گەڵاڵەی بایکۆتی تۆکمەوتەواوی ئێرانی تێپەڕاند کە کورتکراوە ئینگلیزییەکەی ئەم یاسایە دەبێتە دایکی بایکۆتەکان یان هەمان( کاتسا) .

ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و گرووپی پێنج کۆ یەک بریتی لە وڵاتانی (ڕووسیا، چین، بەریتانیا، فەرانسا، ئەمریکا و ئەڵمان) لە ژانڤییەی ٢٠١٦ـەوە چووەتە واری جێبەجێ کرانەوە ، بەڵام دەوڵەتی ئەمریکا وەکوو یەکێک لە ئەندامانی گرووپی پێنج کۆ یەک بەردەوام لە سەر ڕێگای جێبەجێ کرانی ئەو ڕێککەوتنەدا تەگەرە دەنێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەردەوام بە پێچەوانەی هەڵوێستی لایەنەکانی دیکەی هەنگاوی هاوبەش، ڕێککەوتنی ناڤۆکیی وەک ڕێککەوتنێکی ترسناک وەسفکردووەو داوای تێکدانی دەکات، کەچی دنیا نەیاری ئەو هەنگاوەی سەرۆک کۆماری ئەمریکایە.

لێرەدا پرسیارەکە ئەمەیە کە ئایا ئەم باج وەرگرتنە تەواوی داخوازییەکانی ئەمریکا لە ئێرانە؟ دیارە وەڵامەکەی ڕوونە. ئەمریکا خەو بە زاڵ بوونی دووبارە بەسەر گەلی ئێران دا دەبینێت.

حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، ساڵ و نیوێک لەمەوبەریش لە وتەگەلێک دا بە ئاوڕدانەوەیەکی قوڵ لەم بابەتە ئەوەی وەبیر ھێنایەوە کە: ئەم ھەنگاوی ھاوبەشە بۆ ئێمە بوو بە نمونەو ئەزمونێک، بە ڕواڵەت بەڵێنێک دەدەن و بە زمانی چەورو لوس قسە دەکەن و کەچی لە کردەوەدا پیلان دەگێڕن، کاری تێکدەرانە دەکەن و ڕێ لە بەرەوپێش چوونی کارەکان دەگرن.