May 04, 2018 15:53 Asia/Tehran
  • پەیامی زەریف: ڕێکەوتنی ئەتۆمی یان تەنیا هەر بەم شێوازە یان هیچ لەونێکی دیکە

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا وتی: یەک ڕێگا ،بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەیە و ئەویش پێبەند بوونی تۆکمە و تەواوی ئەمریکا بە بەڵێن و ئەستۆگرییەکانیەتی.

"محەممەد جەواد زەریف" بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە ئێران بەرامبەر بە ملهوڕییەکانی ئەمریکا قورس و بتەو ڕادەوەستێ، ڕایگەیاند:  "هەرا و هوریا و هەڕەشە و گوڕەشە، بۆ ئەمریکا نابێتە ڕێککەوتنێکی تازە."

سەرۆکی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران ڕاشیگەیاند: ئێران نە ئاسایشی خۆی دەداتە دەستی بیانیەکانەوە و نە لە سەر ڕێککەوتنێک کە لەوپەڕی نیازپاکییەوە بڕگە بە بڕگەی بەجێ هێناوە سەر لە نوێ دانوستان دەکات و یان شتێکی پێ زێدە دەکات. وەزیری دەرەوەی ئێران دیسان وشداری دا: بێتوو ئەمریکا درێژە بدات بە بنپێ کردنی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش یان لێی بێتە دەرەوە، ئێرانیش مافی کاردانەوە نیشان دان بۆ خۆی بە ڕەوا دەزانێ.

هەڵوێستی لێبڕاوانەی وەزیری دەرەەی ئێران دیسان ئەوەی ڕوون و ئاشکرا کرد بۆ هەمووان کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەرگیز بەرامبەر بە مافە ڕەوا و سەرەکییەکانی خۆی کەمتەرخەم نابێ و هەڕەشەو  گوڕەشە و ترساندن نابێتە هۆی ئەوەی ئێران لە پرسە ستراتژیەکانیدا وەک توانای مووشەکی پێ بنێتە ڕێگای ڕاهاتن و سازش. پەیامی زەریف سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کە بە باشی بەڵێنشکێنیی ئەمریکا و هەوڵی ئەرووپا بۆ قەناعەت پێ کردنی "دۆناڵد تەرمپ" بۆ مانەوە لەم ڕێککەوتنە بە خەرجی ئێران دەردەخات، دیسان نیازپاکیی ئێرانی خستە بەرچاوی هەموو جیهانییان. وڵاتانی ئەورووپایی لایەنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی  و ئەمریکا کاتی ڕێککەوتنیان لە سەر بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش، ئەوەیان قەبووڵ کرد کە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا نابی هەندێ بڕگە و بابەتی لاوەکی و پەراوێزی، زەق بکرێتەوە و هەرا و هوریاکانی ئێستای ترەمپ و هەوڵی ئەورووپا بۆ مانەوەی ترەمپ لەم ڕێککەوتنە، نموونەی زەقی بەڵێن شکێنییە. ئەوەی کە ئێران هەڵوێستەکانی راشکاوانە ڕادەگەیەنێ جێگای هیچ شک و گومانێک ناهێڵێتەوە کە ئێران بیهەوێ سەبارەت بە توانای مووشەکیی خۆی و دەز و دەسەڵاتی لە ناوچەی ڕۆژاوای ئاسیا لەگەڵ ئەمریکا و ئەورووپا وتووێژ و دانوستان بکات. هەر لەم ئاراستەیەدا؛ "ئەمیر موحبیان " کارناسی پرسە سیاسییەکان سەبارەت بە پەیامی لێبڕاوانەی زەریف بۆ ئەمریکاییەکان  و ئەورووپاییەکان سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی وتی: راگەیەندرانی هەڵوێستە ڕوون و راشکاوانە کانی هەرچەشنە حەزو هۆگریی بە وەبن  گوشاری زیاتر نانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پووچەڵ دەکاتەوە."

باروودۆخی ئیستای زاڵ بە سەر ڕێککەوتنی ئەتۆمی، کۆماری ئیسلامیی ئیرانی کردووە بە وڵاتێکی بەڵێنمەند بەرامبەر بە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بەڵام لە هەمبەردا، بێتوو ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە بێتە دەرەوە، بۆ جیهان دیسان ئەوە دەسەڵمێندرێ کە واشینگتۆن هەرگیز هاوبەشێکی جێی متمانە  بۆ ڕێککەوتنە نیودەوڵەتییەکان نابێ.

هاوڕەوت بوونی وڵاتانی ئەورووپایی واتە لایەنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ترەمپ بۆ زیاتر وەبن گوشار نانی ئێران لە بواری بەرتەسک کردنەوەی توانای مووشەکیی و دزەو دەسەڵاتی لە ناوچەکەدا، پیشاندەری ئەوەیە کە وڵاتانی خاوەن هێز و دەسەڵاتی ئەورووپایی ئێستایش هەر بەسراوەن بە ئەمریکاوەو ناتوانن بە شێوەی سەربەخۆ ویست و خواستی خۆیان جێبەجی بکەن. سەرانی وڵاتانی بەریتانیا و فەرەنسا لە کاتێکدا کە هەوڵ دەدەن ترەمپ رازی بکەن بە مانەوە لە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش، کە هەر لە بنەڕەتیدا بە دەسەڵات گرتنە دەستی ترەمپ، ئەمریکا ئیدی بەشێک لە ڕێککەتنی ئەتۆمی نەبووە و بەردەوام بنپێی کردووە. ئەوەی زیاتر لە هەموو شتێک لە وڵاتانی ئەورووپایی لایەنی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش چاوەڕێ دەکرێ، ئەوەیە کە جگە لە خۆیان ئەمریکا بۆ جێبەجی کردنی ئەرک و ئەستۆگرییەکانی بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی وەبن گوشار نێن کە بەردەوام بە هەڕەشەو  گوڕەشە و ترساندن و  تۆقاندن هەوڵی داوە پێش بە بازرگانی وڵاتانی جۆربەجۆر لەگەڵ ئێران بگرێ.

لە وەها ڕەوشێکدا ؛ پەیامی زەریف وشدارێکی لێبڕاوانەیە بە لایەنە ئەورووپاییەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و ئەمریکا کە ئێران بە هیچ لەونێ کۆڵ بە سازش نادات و ڕێگا نادات بڕگەیەکی دیکە بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش زێدە بکرێ.

هەڵوێستەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران نیشانی دا تاران بەرامبەر بە هەر سناریۆیەک سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ئامادەیە بە پێی هەڵس و کەوت و کردەوە و ئاکاری ئەمریکا و ئەورووپا، کاردانەوە نیشان بدات. ئێستا ئیتر تۆپ لە زەوینی ئەمریکا و ئەورووپاییەکاندایە تا بەرامبەر بە پەیمانێک کە ساڵی ٢٠١٥ بە زۆرینەی دەنگ ڕێککەوتنی لە سەر کرا، نیازپاکیی خۆیان بسەلمێنن و بێتوو وانەبێ؛ ئەوکات بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش تەنیا بەم شێوازەی ئێستای لە لایەن ئێرانەوە پشت ڕاست دەکرێتەوە.

سەرپەیڤ