حوزه‌یران 20, 2018 02:24 Asia/Tehran
  • بڵێی لەشکری تورکیا بگاتە قەندیل ؟

کۆنەڕاوێژکارێکی سەربازیی تورکیا: هێشتا زووە بۆ ئەوەی بڕیاربدەی کە تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی سەربازی فراوان ئەنجام دەدات، تائێستا هێرشە سەرەکییەکانی تورکیا بۆسەر قەندیل بەس لەڕێگای فرۆکەی ئێف 16 و هەلیکۆپتەر و فرۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجام دراون.

مەتین گورجان، ئەستون نوسی گۆشەی ( ترپەی تورکیا) لە سایتی ئەلمۆنیتەر، کەسایەتییەکە کە وەکو ڕاوێژکاری سەربازی تورکیا لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٢ بۆ ٢٠٠٨ لە ئەفغانستان و کازاخستان و قڕقیزستان و عێراق کاری کردووە. ناوبراو دوای دەست لەکارکێشانەوەی لە بواری سەربازی، وەکو شیکەرەوەیەکی ئاسایشیی سەربەخۆ لەئەستەمبوڵ کاری کردووە. مەتین گورجان وتارێکدا بەناونیشانی"لەئۆپەراسیۆنی پەرەسەندنی قەندیلدا تورکیا شەڕی کوردەکان دەکات"ئاماژه‌ى به‌وه‌کردووه‌، سەرەڕای گرژییەکان بەهۆی هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی ئەم مانگەوە، لەم چەند ڕۆژەی دواییدا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی چەکدارانی کورد لەباکوری عێراق-دا لە ناوچەی سیدەکان ئەجێندای تورکیای داگیرکردووە. لەئێستادا ١٥٠٠ سەربازی کۆماندۆ و پیادەو ژەندرمە لە هەوڵی کردنەوەی ڕێڕەوێکدان بۆئەوەی لە سیدەکانەوە پێشڕەوی بکەن بەرەو قەندیل، کە بارەگای سەرەکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی لێیە.لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ١٥٠٠ کۆماندۆی دیکەی تورکیا وەکو پشتیوان گەیشتوونەتە ناوچەکە، ئەمەش وەکو ئاماژەیەکە بۆ سوربوونی ئەنکارا لەمەڕ ئەنجامدانی ئەم ئۆپەرسیۆنە.لەگەڵ ئەمەش دا هێشتا زووە بۆ ئەوەی بڕیاربدەی کە تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی سەربازی فراوان ئەنجام دەدات، چونکو تائێستا هێرشە سەرەکییەکانی تورکیا بۆسەر قەندیل تەنیا لەڕێگای فرۆکەی ئێف 16 و هەلیکۆپتەر و فرۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراون. ڕاستە بەرپرسانی تورکیا بەزمانێکی وروژێنەرو هەراسانکەرانە باسی ئامانجی تورکیا دەکەن و ڕستەگەلی وەک "وشککردنی زۆنگاوەکە لەباکووری عێراق" یان "بڕینی سەری مارەکە" بۆ سڕینەوەی بوونی پەکەکە لە قەندیل بەکاردەهێنن، بەڵام میدیاکانی سەربە حکومەتی تورکیا بەهۆی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانەوە بە پەرۆشەوە باسی داگیرکردنی قەندیل و بەرزکردنەوەی ئاڵای تورکیا لەماوەی نەوەدرۆژ لەسەر قەندیل دەکەن.

مەتین گورجان لەو باوەڕەدایە کە هەرچەندە سەرچاوە باوەڕپێکراوە ئاسایشییەکانی ئەنقەرە جەخت لەسەر سووربوونی تورکیا دەکەنەوە لەسەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە، بەڵام خۆیان بەدوور دەگرن لەباسکردنی وێنەگەورەکە. یەکێک لە سەرچاوەکان باسی ئەوەی کردووە کە:"لە ئێستادا، ئامانجی بنەڕەتی دروستکردنی کاریگەری سایکۆلۆژی و ترسە لەسەر پەکەکە، مەبەستەکە داماڵینی ئەو ڕەوایەتیەیە کە پەکەکە بەهۆی شەڕی داعشەوە بەدەستی هێناوە.هەروەها تورکیا سوربوونی خۆی لەسەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە بە ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕاگەیاندووە، بە بەغدا و هەولێریشی ووتووە کە ئاسایشی تورکیا لە باکووری عێراقەوە دەستپێدەکات. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە قەندیل شوێنێک نییە کە بەرژەوەندیی گەورەی ئەمەریکا و ڕوسیا و وڵاتانی ئەوروپای تێدابێت، هەر لەبەرئەوەیە ئەنکەرە پێیوایە وڵاتانی دیکە بەجدی دژایەتی ئۆپەراسیۆنی قەندیل ناکەن. هه‌روه‌ها پێشبینى ئه‌وه‌یکردووه‌، بە پشتبەستن بە ژمارەی سەربازانی بەشداربوو لە ئۆپەراسیۆنەکە و سەختی سروشستی ناوچەکە و پێگە پتەوەکانی پەکەکە و کاریگەر نەبوونی هێرشە ئاسمانییەکان، ئەم ئۆپەراسیۆنەی ئێستاش کاریگەری یەکلایی کەرەوەی نابێت. تەنیا ئامانجی ئەم ئۆپەراسیۆنە بە دەستهێنانی چەند ئامانجێکی کردەییە بۆ سنوردارکردنی جموجوڵی پەکەکە لە تورکیا و باکوری سوریا دا. 

 ئەم ئۆپەراسیۆنە تەنیا کاریگەرییەکی سایکۆلۆژی دەبێت مەگەر بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان، پشتیوانی لۆجیستیکی بەردەوام بنێرن بۆ بارەگا سەربازیەکانی تورکیا لە باشور و باشوری ڕۆژئاوای قەندیل، ئەگەر نا ئەم ئۆپەراسیۆنە ناتوانێت لەمانگی نۆ زیاتر بخایەنێت و بەردەوامبێت لەبەرئەوەی ئاستەمە بتوانرێت پشتیوانی لۆجیستیکی بۆ بارەگا سەربازیە تازە دامەزراوەکانی تورکیا لەناوچەکە دابین بکرێت. 

مەتین گورجان، تیشکى خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش کە، بۆ کردنەوەی ڕێڕەوێک بەرەو ڕۆژهەڵات و باکوری ڕۆژهەڵات بۆ گەیشتن بە قەندیل، تورکیا پێویستی بە پشتیوانیی سەربازیی تاران دەبێت. هەروەها لەباشورەوە تورکیا پێویستی بە پشتیوانی سەربازی بە‌غدا و هەولێر دەبێت. تورکیا بەدوای ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی (تورکیا-ئێران-عێراق)ەوەیە بەبەشداریی زیاتر لە ٣٠ هەزار سەرباز کە ماوەی یەک ساڵ بخایەنێت. ئەگەر نا ئەنکەرە هیچ ئەنجامێکی کاریگەری دەستناکەوێت. بەڵام ئەوەی ڕاست بێت بەپێچەوانەی ئەنکەرە، پێدەچێت تاران هیچ ئامانجێکی ستراتیژی نەبێت بۆ شەڕی پەکەکە لەدەرەوەی سنورەکانی ئێراندا. هەروەها تاران چەندین جار ڕایگەیاندوە کە پشتیوانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا ناکات لەدژی پەکەکە لە باکوری عێراق و بەزاندنی سنووری وڵاتانی دیکەی تەنانەت بە بیانووی خەباتی دژی تیرۆریزم پێ پەسەند نییەو شەرمەزاری دەکات. ھەرلەبەرئەوە سەرباری لێدوانە گەشبینەکانی بەرپرسانی تورکیا پشتیوانیی ئێران بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە بابەتێکی چاوەڕوان نەکراوەو تەنیا دەستکەوتی تورکیاش دڵەڕاوکێ دروستکردنێکی کاتییە کە ھێندە خۆی بڕوای پێ کردووە لای کەسانی تر بەھەند نەگیراوە.