ته‌مووز 06, 2018 17:43 Asia/Tehran
  • ھەگبەی دڵساردکەرەوەی ئەورووپا، بەردەوامیی ڕێککەوتنی ناڤۆکی لە گرێوی دانیشتنەکانی ڤییەنادایە.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە سەروبەندی بەرپاکرانی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتنی ناڤۆکی لە ڤییەنا _ئەمریکای لێوە بەدەر بێت_ لەگەڵ ڕاوێژکاری ئاڵمانیاو سەرۆک کۆماری فەرانسا بە تەلەفۆنی قسەی کردو ھەگبە پێشنیارکراوەکەی ئەورووپا بۆ ئێرانی بە مەبەستی بەردەوام کردنی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بە جێگای دڵخۆشی نەزانی.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ ئانگێلا مێرکێڵ ڕاوێژکاری ئاڵمانیا، ھەگبە پێشنیارکراوەکەی سێ وڵاتە ئەورووپییەکەی لەبارەی بەردەوام کردنی ھاوکارییەکانی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بە جێگای دڵخۆشی نەزانی و پێی داگرت: ئەگەر ڕەوتی کاری کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەورووپا لە ڤییەنا بۆ ھاندانی ئێران بە مەبەستی ھاوکاری و چالاکیی ھاوبەش جێگای دڵخۆشی بێت، لانیکەم ئەوسا دەشێ ڕەوتی ھاوکاری لەگەڵ ئەورووپا بەردەوام بکرێت. ڕۆحانی ھەروەھا ئێواڕەی ڕۆژی پێنج شەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ ئێمانۆئێل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرانسە ، ئاماژەی کرد گونجاو نەبوونی ناوەڕۆکی ھەگبە پێشنیار کراوەکەی ئەو سێ وڵاتە ئەورووپییە.

وتووێژی تەلەفۆنیی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لەگەڵ سەرکردەکانی ئاڵمالنیاو فەرانسا وەکوو دوو وڵات لەو سێ وڵاتەی لایەنی ڕێککەوتنەکە، ئەویش بەر لە بەرپاکرانی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی لایەنەکانی ڕێککەوتنی ناڤۆکی لە ڤییەنا، ھەڵگری پەیامێکی ڕوون و ئاشکرایە بۆ ئەورووپییەکان. دیارە ئەو پەیامەش لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە ئەگەر بێتوو ئەمڕۆ ھەینی خواست و چاوەڕوانییەکانی ئێران لەو دانیشتنەدا نەیەتە دی، ئێران ھاوکارییەکانی لەگەڵ ئەورووپا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ناڤۆکی  بە پێی ھەل و مەرجی ئێستا بەردەوام ناکات.

وتووێژی ڕاشکاوانەی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لەگەڵ سەرکردەکانی ئاڵمان و فەرانسا بە باشی ئەوە دەردەخات کە ناوەڕۆکی ھەگبە پێشنیار کراوەکەی ئەو سێ وڵاتە ئەورووپییە بۆ ئێران درێژدادڕی و لە ئاستی دا قسەدایەو لەگەڵ پراکتیزە کرانی دا مەودای زۆرە. 

دوابەدوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی، ئێران لە بواری بانکی و چالاکیی ئابووری تووشی ھێندێک گرفت ھاتووەو بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو گرفتانەش، خواستی ئەورووپییەکان بۆ بەردەوام کرانی ڕێککەو.تنی ناڤۆکی دەبێ بچێتەواری جێبەجێ کردنەوە، ئەگینا بەسەندەکردن بە بەیاننامەکانی پێشووترو دووپات کردنەوەی لە قەواخی ھەگبەی پێشنیار کراودا، ئاسۆیەکی ڕووناک بۆ بەردەوام کرانی ڕێککەوتنەکە بەبێ مانەوەی ئەمریکا بەدی ناھێنێت.

موحەممەد جەوادی زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران شەوی پێنج شەممە لە کۆتایی گەشتەکەی شاندی باڵای ئێران بۆ ڤییەنا، بەسەرنجدانی ئاگادار بوونی لە ناوەڕۆکی ھەگبە پێشنیارکراوەکەی ئەو سێ وڵاتە ئەورووپییە جارێکی تر ڕاشکاوانە پێی داگرت کە، پێبەند بوون بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ناڤۆکی بە ڕوونی دەرکەوتووەو وا ھەڵدەگرێت کە ئەم خواست و پێبەند بوونە بچێتە واری جێبەجێکردنیشەوە.

ھەگبە پێشنیار کراوەکەی ئێستای ئەو سێ وڵاتە ئەورووپییە بۆ ئێران کە حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بە جێگای قەبووڵی نەزانیوە، وا دەردەخات کە ئەورووپییەکان ھێشتا نەیانتوانیوە سیاسەتێکی سەربەخۆو بە جیا لە خواستی ئەمریکا لە بەرامبەر ڕێککەوتنی ناڤۆکی بگرنە بەر . پێوەبەسترانی ئابووری و سیاسیی ئەورووپا بە ئەمریکا، واوەتر لەو ئاستەیە کە ڕێککەوتنی ناڤۆکی بتوانێت لە یەک دایانببڕێت.

ھەر لەم پەیوەندییەدا مەحمودسەریعولقەلەم مامۆستای زانکۆو کارناسی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان لەو باوەڕەدایە کە، سیاسەتی ئەورووپاو ئەمریکا لێک جیا ناکرێنەوەو ئابووری، سیاسەت، ئاسایشت و فەرھەنگی ئەورووپاو ئەمریکا پێکەوە گرێ دراون.

حەسەن کامەران دەستجردی نوێنەری مەجلیسی شورای ئیسلامیش لە وتووێژێکی تایبەتی دا لەگەڵ پەیامنێری ئێران پرێس سەبارەت بە ھەگبە پێشنیارکراوەی ئەورووپا بۆ ئێران بە مەبەستی پاراستنی ڕێککەوتنی ناڤۆکی وتوویەتی: کردەوەی پێشتری ئەورووپا لە زۆرێک لە وڵاتاندا لەوانە ئێران نیشانی داوە کە ئەوانە تەنیاو تەنیا بەدووی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندان و ڕێگاچارەیەکی ئەوتۆ بۆ گرفتی وڵاتانی دیکە نادۆزنەوە.

ئەزمونەکانی ڕابردوو ئەوەیان دەرخستووە کە ئەورووپییەکانیش ھەروەک ئەمریکا ھێندەش جێگای متمانە نین و لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیانداو لە جەغزی سیاسەتەکانی ئەمریکادا دەجوڵێنەوە. بە سەرنجدانی ھەر ئەم ئەزمونە مێژووییە، ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی دوابەدوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی، چوارچێوەی ڕێککەوتنی تازە واتە بەرجامی ئەورووپییان بە چەند مەرجێکی گرینگەوە بەستەوە ، لەوانە بەردەوامیی ھاوکاریی بانکی و کڕینی نەوت بەڕادەی پێویستی ئێران لە سەردەمی بایکۆتەکانی ئەمریکادا. بە سەرنجدانی ئەم مەرجانە چاوەڕوانیی ئێستای ئێران لە ئەورووپا خستنەڕووی بەرنامەیەکی ڕوون و خشتە بۆ دیاری کراوە ھەتا بتوانن ڕۆڵێکی قەرەبووکارانە بگێڕن لە پاش کشانەوەکەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی.

کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی لایەنی بەرامبەری ڕێککەوتنی ناڤۆکی لە ڤییەنا، دەرفەتێکی دیکەو لەوانەشە دوایین دەرفەت بێت بۆ ئەورووپییەکان ھەتا لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە بۆ پشتگری کردن لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی ھاوسەنگییەک بەدی بھێنن بۆ ئەوەی بتوانن  بە قسەی عەبباس عەراقچی جێگری سیاسیی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆچنەیەک لە ڕووی ڕێککەوتنەکە بکەنەوە.

 

 

 

سەرپەیڤ