ته‌مووز 21, 2018 13:28 Asia/Tehran
  • ئامانج و شوێنهاتەکانی یاسای ڕەگەزپەرستانی

کنێست (پەرلەمان) ی رژیمی زایۆنی پڕۆژەیاسای ڕەگەزپەرستانی"وڵاتێکی یەهود"ی رۆژی١٩ی ژوولای پەسەندکردو کردی بەیاسا.

بەپێی یاسای ڕەگەزپەرستانی وڵاتێکی یەهود کە بە٦٢دەنگی ئەرێ لەهەمبەر٥٥دەنگی ناو دوو دەنگی بێلایەن لە کنێست(پەرلەمان)ی رژیمی زایۆنیستی پەسەندکرا، سەرزەوینی فەلەستین دەبێتە نیشتمانی مێژوویی گەلی یەهود . ئەویاسایە، زمانی عیبری وەک زمانی فەرمیی ڕادەگەیێنێ و ئاستی زمانی عەرەبی هەتا ئاستی"دۆخی تایبەت" لاواز دەکا، بەو مانایە کە تەنیا لە بڕێک حاڵەتدا دەکرێ لەو زمانە لە دەم و دەزگە زایۆنییەکان کەڵک وەربگیردرێ. ئەو یاسایە جگە لە ڕاگەیاندنی شاری قودس وەک پایتەختی رژیمی زایۆنیستی، داکۆکی دەکا لە پەرەی شارۆچکەکانی زایۆنیست نشین و دامەزرانی شارۆچکە نوێکانیش لە سەرزەوینە داگیرکراوەکان.

یاسای وڵاتێکی یەهود ، یەک لە بڕگەکانی گەڵاڵەی ئەمریکیی مامەڵەی سەدە دێتەئەژمار کە لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە ئامادە کراوەو ڕەوتی جێ بەجێ کرانیشی دەس پێ بووە. لەڕاستیدا، پاش گوێزرانەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تەلەبیب بۆ قودس، پەسەندکرانی یاسای وڵاتێکی یەهود لە پەرلەمانی ئیسرائیل، دووهەم کردەی گرینگ لەئاراستەی جێ بەجێ کرانی گەڵاڵەی مامەڵەی سەدەیە.

ئەو ئامانجانەی لەو یاسایە پێوشوێن دەگیردرێن، هەمان ئامانجن کە لەگەڵاڵەی مامەڵەی سەدەدا گونجێندراوە. ئەو ئامانجانە، بەیەهودی کردنی بەتەواوەتی قودس، پێکهێنانی دوو وڵات، بەڕەسمییەت ناسینی شارۆچکەسازی و هەروەها سڕینەوەی پرسی قودس و ئاوارەکان لە دانوستانەکانی بەناو ئاشتی لەخۆ دەگرن.

ماڵپەڕی شیکاریی"میدل ئیست ئای" لە وتارێک لەنووسینی" بێن وایت" پەسەندکرانی ئەو یاسایەی ناوناوە"جێ بەجێ کرانی ئاپارتاید لەسەرزەوینە داگیرکراوەکان" و ئامانج لەویشی، "لەناوبردنی شووناس و ماکی فەلەستینی" ڕاگەیاندووە.

"بێن وایت " نووسی: گەڵاڵەی"وڵاتێکی یەهود" نوێترین هەوڵی ئیسرائیل بۆ پەسەندکرانی یاساوڕێسای هەڵاواردنانە لەدژ فەلەستینیانە. یاسای وڵاتێکی یەهودی و چارەنووسی یەکجاریی ئەو یاسایە، بەشێکە لە شەڕێکی مێژوویی کە گرێدراوی حەشیمەتە. لە ڕوانگەی ئیسرائیلییەکان، ئەو شەڕە جەخت لە پێویستیی کردەی توند لەدژ فەلەستینیان و هەوڵدان بۆ سەرکوت کردنیان دەکا.

بەم حاڵەوە، خاڵی گرینگ ئەوەیە کە ئەو یاسایە لە کنێستی ئیسرائیل تەنیا بە ٦٢دەنگی ئەرێ لەهەمبەر ٥٥ دەنگی نا و دوو دەنگی بێلایەن پەسەند کرا. بەواتایەکی دیکە ئە یاسایە بەزۆرینەیەکی لاواز پەسەند کرا. هۆی سەرەکیی ئەوەیە کە پەسەندکرانی ئەو یاسایە هەم بڕێک یاسای ناوخۆی ئیسرائیل پێشێل دەکاو هەمیش جێ بەجێ کرانی بۆ ڕژیمی ئیسرائیل هاسان نابێ. ئەو یاسایە، یاساوڕێسا ناوخۆییەکانی ئیسرائیل پێشێل دەکا چونکە حەشیمەتی عەرەبی دانیشتوو لە سەرزەوینە داگیرکراوەکان لەبەرچاوناگرێ. جێ بەجێ کرانی هاسان نابێ چونکە لەدژ شووناس، جوگرافیاو مێژووی فەلەستینەو هەر بەوجۆرەی گرووپە فەلەستینییەکان لەگەڵ گەڵاڵەی مامەڵەی سەدە نەیارەتیان کردووەو تەنانەت دامەزراوەی خۆبەڕێوەبەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەو گەڵاڵە پچڕاندووە، لەگەڵ ئەو یاسا ڕەگەزپەرستانەشدا نەیارن ولەبەرامبەر جێ بەجێ کرانی بەتوندی خۆڕاگری دەکەن. ئەو یاسایە، چوونەسەری توندوتیژی لە سەرزەوینە داگیرکراوەکان و تەشەنای تێکهەڵچوونەکان لەنێوان ئیسرائیل وفەلەستینی لێ دەکەوێتەوە.

خاڵی کۆتایی ئەوەیە کە پەسەندکرانی وەها یاساوڕێساگەلێک لە کنێستی ئیسرائیل زیاتر لەهەرشتێ پێشاندەری شووناسی ڕەگەزپەرستانەی ئەو رژیمەیە، لەکاتێکدا کە ڕەگەزپەرستی دەیان ساڵە کە لەمافە نێودەوڵەتییەکاندا وەک تاوان و تاوانکارییەک لەقەڵەم دەدرێ.