ته‌مووز 27, 2018 12:48 Asia/Tehran
  • جەختی ئەردوغان لە سەر ستراتژی بوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیاو ئێران

سەرۆک کۆماری تورکیا، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە ھاوبەشی ستراتژیی وڵاتەکەی زانی .

ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری تورکیا بەرلە سەردانەکەی بۆ ئەفریقیای باشووری بە مەبەستی بەشداری کردن لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی تاقمی بریکس وتیشی:کۆماری ئیسلامیی ئێران ھاوبەشی ستراتژیی تورکیایەو داخوازیی بۆ پچڕاندنی پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ تاران لەگەڵ بۆچوونمان لە بارەی سەربەخۆیی لە جیھاندا جیاوازەو یەک ناگرێتەوە.

ڕەجەب تەیب ئەردوغانی سەرۆک کۆماری تورکیا وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە تورکیا وزەی خۆی لە ڕێگای ئێرانەوە دابین دەکات، وتیشی: تورکیا بە ھیوایە لە مەڕ بایکۆت کردنی ئێران ھەنگاوێکی ھەڵە ھەڵنەگیردرێت.

مەولودچاووش ئوغلو وەزیری دەرەوەی تورکیاش ڕۆژی سێ شەممە لە ڕەوتی سەردانەکەی بۆ کۆماری ئازەربایجان و لە پرێس کۆنفرانسێکی ھاوبەش دا لەگەڵ ھاوتاکەی لە باکو وێڕای ئاماژە کردن بە نەیارەتیی تورکیا لەگەڵ بایکۆتەکانی ئەمریکا دژی ئێران وتی: ئانکارا ناچار نییە شوێنی بڕیارەکانی ئەمریکا بکەوێت بۆ داسەپاندنی بایکۆت بەسەر ئێران دا.

حەوتەی ڕابردوو شاندێک لە ئەمریکاوە وێڕای سەردانی ئانکارای پێتەختی تورکیا داوای لە کاربەدەستانی سیاسی و ئابووریی ئەم وڵاتە کرد کە بۆ داسەپاندنی بایکۆت بەسەر ئێران دا پشتی ئەمریکا بگرێت، کەچی کاربەدەستانی تورکیا وێڕای ڕەت کردنەوەی ئەم بابەتە، بڕیاری کاربەدەستانی ئەمریکییان لەم بوارەدا بە ھەڵە زانی.

جێگای ئاماژەیە دەوڵەتی ئەمریکا ھەشتەمی مای ٢٠١٨ وازی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی لەگەڵ ئێران ھێناو دوای ئەوە ڕایگەیاند کە، ھەتا چوارەمی نوامبر ناردەی نەوتی ئێران دەگەیەنێتە ئاستی سیفر.ھەر لەم ئاراستەیەدا، واشێنگتۆن داوای لە وڵاتانی جیھان کردووە کە وەکوو بەشێک لە بایکۆتە ئابوورییەکانی دژی تاران، ھاوردەی نەوتی ئێران بگەیەننە ئاستی سفیر. بەڵام سەرباری ئەمەش زۆرێک لە وڵاتانی جیھان ڕایانگەیاندووە کە شوێنی داخوازییەکانی ئەمریکا ناکەون. ئینجا ھەڵوێستی کاربەدەستانی تورکیاش لە بارەی بایکۆتەکانی ئەمریکا دژی ئێران دەربڕی پەیوەندیی قوڵی نێوان تاران و ئانکارایە. پەیوەندییەک کە لە بەر دراوسێ بوون و پێوەبەسترانی دوو وڵات بە یەکتر پێشینەیەکی کۆن و لەمێژینەی ھەیە. دیارە پاراستنی ئەم پەیوەندییە بۆ تورکیا ھەنگاوێکی لە سەداسەد پێویستەو لە لایەکی دیکەوە ھەڵگری کۆمەڵێک قازانجی دوو لایەنەشە بۆ ھەردووک وڵاتی ئێران و تورکیا. ئینجا لە ڕووی بازرگانیشەوە یەکێک لە سەرەکی ترین تەوەرەکانی بازرگانیی نێوان تورکیا بازرگانیی وزەیە. تورکیا بەشی ھەرەزۆری وزەی خۆی لە ڕێگای وڵاتانی دراوسێ و ھەروەھا ڕووسیاوە دابین دەکات. لەم ڕووەوە کەم کرانەوەی ژمارەی بنێرانی وزە بۆ تورکیا ئەو شوێنھاتەی لێ دەکەوێتەوە کە بڕێک لە فرۆشیارانی وزە بە تورکیا جێ و شوێنێکی تایبەتی لای ئەو وڵاتە پەیدا دەکەن و دیارە ئەمەش تورکیا بۆ وتووێژ لە بارەی دابین کردنی وزەی پێویستی خۆی تووشی گرفت و تەنگژە دەکات.

لە لایەکی دیکەوە تورکیاو ئێران بەھەردووکیانەوە باش دەزانن کە بۆ پاراستنی سەقام و ئاسایشت لە ناوچەکەدا وا ھەڵدەگرێت کە پێکەوە ھاوکارییەکی نزیکیان ھەبێت و سیاسەتێکی ھاوبەش و ھاوتەریب بگرنەبەر.لەم ڕووەوە لاوار بوونی ھەرکام لەم دوو وڵاتە بۆی ھەیە زەبر لە توانایی ئەوی دیکەیان لە مەڕ پاراستنی سەقام و ئاسایشت لە ناوچەکەدا بوەشێنێ. بەم پێیە تورکیا وەک دراوسێیەکی ئێران کە بە بابەتگەلی ئاسایشتیی ھاوبەشەوە تێوەگلاون، بە پێویستی دەزانێت کە خۆی لە سیاسەتگەلێک دوور خاتەوە کە لەوانەیە لاواز بوونی ئێرانی بەدواوە بێت.

سیماشاین توێژەری سیاسەتی نێونەتەوەیی لەم پەیوەندییەدا لە وتارێک دا باسی ئەوەی کردووە کە: ئێران و تورکیا بابەتی ھاوبەشی زۆریان لە ئاستی ناوچەکەدا ھەیە و سیاسەتەکانی ھەردووک وڵات لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو ئەوەی دەرخستووە کە سەقام و ھێزو دەستەڵاتی نیشتیمانییان بۆ یەکتر گرینگە.

لە کۆتایی ئەم وتارەدا دەبێ ئاماژە بەوەش بکرێت کە لە وەھا ھەل و مەرجێکدا وا ھەڵدەگرێت کە کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەوڵەتی دادوگەشەی تورکیا وێڕای پشت بەستن بە خاڵە ھاوبەشەکانیان و ئاگادار بوون لە ھەل و مەرج و ڕەوشی ھەرە ناسک و ھەستیاری ناوچەکەو جیھان، ڕێ لەو ئانتریک کاری و ھەنگاوانە بگرن کە ئەنجامەکانیان لاواز کردنی ئەم دوو دەستەڵاتە ناوچەییەن.