ته‌مووز 27, 2018 14:15 Asia/Tehran
  • وتاری سەربازیی سەردار سولەیمانی؛ نیشان دانی هێز و توانای ئێران بە ترەمپ

جەن ڕۆژ پاش هەڵوێستە پتەو و دیپلۆماتیکەکانی سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر بە هەڕەشە و گوڕەشەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا، فەرماندەری فەیلەقی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بە داکۆکی لە هەڵوێستی بوێرانەی دکتۆر حەسەن ڕۆحانی، بە شێوەزارێکی سەربازی، هەڕەشە و گوڕەشەکانی "دۆناڵد ترەمپ"ی لەوپەڕی سەربەرزی و سەربەستی ئێرانییەوە وەڵام دایەوە.

وتاری سەربازیی سەردار سەرلەشکەر قاسم سولەیمانی فەرماندەری فەیلەقی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران پاش وتاری دیپلۆماتیکی سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران  نیشانی دا بەرەڤانی و بەرگری لە قازانج و بەرژەوەندیی نیشتمانی، سەرداری سیاسی و سەربازی بۆ نییە و هەموان لە گەمیی بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی نیشتمانیدا یەک ئامانجی هاوبەشیان هەیە. بانترین بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ئێران،ئەم ڕۆژانە لەهەمبەرهەڕەشە و  گوڕەشەکانی دەوڵەتی ترەمپ، ویست و ورەی بەرزی خۆڕاگری و بەرخۆدانیان خستە بەرچاو.

سەردار قاسم سولەیمانی ڕۆژی پێنجشەممە لە هەمەدان هەڵکەوتوو لە ڕۆژاوای ئێران لە کاردانەوە بە تویتی پڕ هەڕەشە  و گوڕەشەی ترەمپ دژ بە ئێران کە وتبووی بەڵایەک بە سەر ئێران دێنم کە پێشتر کەس شتی وای هەر نەبینیوە، ڕوو لە سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند: تۆ خۆ لەم بوارەدا هیچ پێشینە و ئەزموونێکت نییە، ئەوەندەیش مێشکت بەلای هەندێ شتەوەیە کە ئیتر بیرت بۆ لای پرسیار کردن ناچێ، لانیکەم لە دەزگەی هەواڵگری و ئەمنیی ئەمریکا پرسیار بکە با بزانی پێش تۆیش کەس نەیتوانیوە بەڵا بە سەر ئێران بێنێ." ئەم فەرماندەرە بەناوبانگەی ئێران کە لە جیهانی سیاسەتی ئەمڕۆیشدا ناوبانگی دەرکردووە و بە چاکە ناوی دەبردرێ، وشداری دا بە "دۆناڵد ترەمپ" : باش دەزانن شەڕ بە مانای تیاچوونی هەموو ئیمکاناتی ئێوەیە؛ ئەو شەڕە ڕەنگە ئێوە دەستی پێ بکەن بەڵام بێ گومان ئێمە کۆتایی پێ دێنین."

ئەو بۆچوونەی کەسەردار سولەیمانی سەبارەت بە سوپای ئەمریکا هەیەتی لەگەڵ راستییەکان دێتەوە؛ لەبەر ئەوەی کە فەرماندەری باڵای سەربازیی ئێران باش هەموو توانا و کەرەستەی جەنگیی ئەمریکا دەناسێ و لە ژێر چاوەدێرییدا بووە. بۆ هێزە سەربازییەکان و فەرماندەرانی ئەمریکاییش کەسایەتیی کاریزماتیکی سەربازیی سەردار سولەیمانی ناسراوە. هەڵوەشانەوەی خەلافەتی درۆینەی داعش لە ئێراق و سووریا، یەکێک لە نیشانەکانی دەسەڵاتی کاریگەری فەرماندەری فەیلەقی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانە کە بە ڕێک و پێکی بە گواستنەوەی ئەزموونەکانی خۆی بۆ هێزە ئێراقی و سووریاییەکان و تەنانەت هەندێ جار فەرماندەرێتی کردنی ئۆپەراسیۆنەکان، دۆسییەی تیرۆریستانی بەکرێگیراوی داعشی داخست و هێز و ستراتژیی سەربازیی خۆی نیشانی بانگەشەکارانی ئەمریکایی دا. هاوپەیمانیی ئەمریکایی بەو هەموو توانای تەکنیکی و سەربازی و پڕوپاگەندەییەوە، هێزێکی بێ دەسەڵات و ناکارامە بووە لە شەڕی دژ بە تیرۆریزم لە ناوچەکەدا و ئەوەی بە قسە وترا، بە کردەوە جێبەجێ نەکرا و لە وەها ڕەوشێکدا هەر جارێک کە سەردار سولەیمانی ستراتژیی شەڕی دژ بە تیرۆریزمی ڕادەگەیاند، بە کردەوەیش لەو ستراتژییەدا سەرکەوتوو دەبوو.

هەر ئەو راستییە لە نێو هەموو هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بەدی دەکرێ و سەردار سولەیمانی بە پشت بەستن بە ڕاستییە دیار و بەرچاوەکان و ئەزموونی جۆربەجۆری سەربازی ئەوەی وەبیری سەرۆک کۆماری بێ ئەزموونی ئەمریکا هێنایەوە کە ئەوە ئەمریکا نییە کە دەسپێکەر و کۆتایی پێهێنەری هەر شەڕێک بێ و ئەنجامەکەی تیاچوونی هەموو ئیمکاناتی ئەو وڵاتەیە. ئەزموونی ٤٠ ساڵ توانای سەربازی و بەرەڤانیی ئێران، هەلی هەرچەشنە شەڕاشۆیی بۆ وڵاتانی زۆربێژ هەڵپێچاوەتەوە و ناتوانن بە هاسانیی دژ بە ئێران شەڕ بنێنەوە و تەنانەت مەزەندە کردنیشی بۆیان  هاسان نییە.

هەر لەم ئاراستەیەدا؛ سەردار سەرلەشکر "محەممەد عەلی جەعفەری" فەرماندەری سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی  ڕۆژی سێشەممە بە ئاماژە بە هەڵوێستی شۆڕشگێرانەی ئەمدواییەی سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاردانەوە بە هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ وتی:  ئەگەر سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە تواناکانی ئەمڕۆی سپای پاسداران کە تا مەودای ٢٠٠٠ کیلۆمەتریش توانای خۆ دەرخستنی هەیە ئاگادار ببێتەوە،  هەرگیز لەو وڕینەگەلە ناکات و باش تێدەگات کە هەڕەشەی نەوتی بە هاسانی وەڵام دەدرێتەوە.

سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دەورێکی ستراتژیک لە سەربەرزی و سەربەستیی سەربازی و بەرەڤانیی ئێران دەگێڕی و توانای مووشەکیی ئەم هێزە، لە ئاستی ناوچەکەدا بەرگرییەکی پێشپێگرانەی بەهێز وجێمتمانە لە ئێران دەکات.

بنکەی شرۆڤەکاری میدڵ ئیست ئای، ڕۆژی ٢٥ی ژولایی ئەمساڵ نووسی ساڵی رابردوو (٢٠١٧) ناوەندێکی هەواڵگریی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە شی کردنەوەی دۆکتۆرینی دەریایی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، رایگەیاند: سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران تەیار کراوە بە خێراترین پاپۆڕی جەنگی، گەمیی جۆربەجۆر، مووشەکی کروزی دژ بە گەمی و مینی دەریایی.

سەرپەیڤ