ئاب 31, 2018 19:45 Asia/Tehran
  • داخوازیی مەکرۆن لە مەڕ بەھێزکرانی ھاوپشتی و بەرەڤانیی بەکۆمەڵ لە ئەورووپا

سەرھەڵدانی ناکۆکیی بەربڵاو لە نێوان ئەمریکاو یەکێتیی ئەورووپا دوای ھاتنەسەر کاری داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە تایبەت لە سەر پرسی بەرەڤانی و ڕۆڵ و گرینگایەتیی ناتۆ و ھەروەھا کشانەوەی بریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا«برگزیت» ، بووەتە ھۆی ئەوەی کە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، بیرلە بەھێز کردنی دەستەبەرو مسۆگەراتی سەربەخۆی ئەورووپی لە ڕووی بەرەڤانی و ئاسایشتییەوە بکەنەوە.

سەرھەڵدانی ناکۆکیی بەربڵاو لە نێوان ئەمریکاو یەکێتیی ئەورووپا دوای ھاتنەسەر کاری داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە تایبەت لە سەر پرسی بەرەڤانی و ڕۆڵ و گرینگایەتیی ناتۆ و ھەروەھا کشانەوەی بریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا«برگزیت» ، بووەتە ھۆی ئەوەی کە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، بیرلە بەھێز کردنی دەستەبەرو مسۆگەراتی سەربەخۆی ئەورووپی لە ڕووی بەرەڤانی و ئاسایشتییەوە بکەنەوە. لەم بوارەدا ھەوڵەکان بۆ سەربەخۆ کردنی ئەورووپاو پێکھێنانی ھێزێکی سەربەخۆی سەربازی،ئامادە کردنی ستراتژیای جیھانیی یەکێتیی ئەوروپاو ھەروەھا دامەزراندنی پێکھاتەی سەربازی و ئاسایشتیی ئەورووپی ڕەوتێکی خێراتری گرتووەتە بەر. ئاڵمانیاو فەرانسا وەکوو گرینگترین وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا لەم ڕەوتەدا ڕۆڵێکی کارا دەگێڕن و خوازیاری بەدەستھێنانی ھەرچی خێراتری توانایی بەرگریکارانەی سەربەخۆی ئەورووپین. لەم بوارەدا ئێمانوۆئێل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرانسا داوای لە وڵاتانی ئەورووپی کردووە کە پێکھاتەیەکی بەرەڤانیی بەکۆمەڵ دامەزرێنن و ھاوپشتی لە یەکێتیی ئەورووپادا بەھێزتر بکەن. مەکرۆن کە خوازیاری کۆتایی ھێنان بە پشت بەستنی ئەورووپییەکان بە پشتگریی سەربازیی ئەمریکا بووە، پێی داگرتووە کە ئەرووپا دەبێ لە بواری بەرەڤانییەوە بە سەربەخۆیی ستراتژیانە بگات. ناوبراو جەختی کردووە بۆ گەییشتن بە وەھا ئامانجێکیش دەبێ ھاوکارییەکان بەشێوەیەکی خۆڕسک بەھێز بکرێن، بە جۆرێک کە ئەگەر وڵاتێک کەوتەبەر پەلامار، ھاوپشتییەکی ڕاستەقینە بۆ خۆ تێگەیاندن بێتەئاراوە.

پێشنیاری مەکرۆن لە ڕاستی دا پێکھاتنی میکانیزمێکی بەرەڤانیی بەکۆمەڵی ئەورووپییە لە ڕێگای «بە ھێزکردنی بڕگەی پێنجی» پەیماننامەی ناتۆوە. بە پێی ئەم بڕگەیە ھەر وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ کە بکەوێتە بەر پەلامار، ئەوپەلامارە وەک ھێرش کرانە سەر ئەندامانی دیکەی ناتۆش دێتە ئەژمار. 

وتەکانی ئەم دواییەی ئێمانوۆئێل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرانسا بە تایبەت بە سەرنجدانی توندوتیژ بوونەوەی ھەڵوێستە نەرێنییەکانی داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دژی ناتۆ واتایەکی قوڵتر پەیدا دەکات. ناوبراو ھەڕەشەی کردووە کە لەوانەیە ئەمریکا لەو پەیمانە سەربازییە بکێشێنێتەوە.

ترەمپ وێڕای ئاماژە کردنی پاڵەکی بە کۆبوونوەی ئەم دواییەی سەرکردەکانی ناتۆ لە برۆکسێڵ ڕایگەیاند: بە ئەندامانی ناتۆمان وتووە ، ئەگەر پارە نەدەن لەم پەیمانە دەکشێینەوە.

ھەرچەند سەرۆک کۆماری فەرانسا بانگەشەی کردووە کە قسەکانی بە واتای ھەوڵدان بۆ لاواز کردنی ناتۆ نییە و ئەم پەیمانە ھێشتاش ھەر وەکوو یەکێتییەکی گرینگەو ستراتژی ئەمێنێتەوە، لەگەڵ ئەمەش دا ئاشکرایە کە ھەڵوێستە نەرێنییەکانی ئەمریکا وەکوو گرینگترین ئەندامی ناتۆ لە ھەمبەری دا بووەتە ھۆی پەرە سەندنی ڕەش بینیی ئەورووپییەکان لە بارەی داھاتووی ئەم ھاوپەیمانییە سەڕربازییەوە. جیا لە فەرانسا، ئاڵمانیاش داوای بەھێزکرانی ھاوپشتی و ھاوتەریبیی بەرگریکارانە لە ئەورووپا دەکات.

ھایکۆماس وەزیری دەرەوەی ئاڵمانیا حعوتەی ڕابردوو لە یادداشتێکدا لە سەر بەھێز کرانی ھاوکاریی سەربازی و پێکھاتنی ھاوسەنگی لە بەرامبەر ئەمریکادا پێی داگرت.

نۆ وڵاتی ئەورووپی لە ژوئەنی ٢٠١٨ لە گەڵاڵەکەی فەرانسا بۆ پێکھێنانی ھێزی کاردانەوەی خێرا پشتیوانییان کرد. یەکێتیی ئ ەورووپا لە مای ٢٠١٨ دا ڕایگەیاند کە لە ساڵی ٢٠٢١ ھەتا ٢٠٢٧ نزیکەی ٢٠ ملیارد یۆرۆ بۆ پرسی سەربازی و بەرەڤانی تەرخان دەدات. ئەم بوجەیە بۆ گەشەی تەکنیکیی تازەی سەربازی بەکار دەبردرێت. دەوڵەتەکانی ئەورووپا بەم کۆبەندییە گەییشتوون کە ئێستاکە د ەبێ پشت بە خۆیان ببەستن و سەردەمی پشت بەستنی ڕەھا بە ئەمریکا بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشتی ئەورووپا بەسەر چووە. بە تایبەت ئەمەی کە ترەمپ بە ڕاشکاوی پێی لە سەر ئەوە داگرتووە کە ئەمریکا ئیدی ئامادە نییە خۆی وتەنی «کۆڵی بەلاش» بە ھاوپەیمانەکانی بدات و خوازیاری ئەوەیە کە ئەوانە نەک ھەر خەرجی بەرەڤانی کردن لە خۆیان بکێشن، بەڵکو واشێنگتۆنیش دەبێ لەو پەیوەندییەی لەگەڵیاندا ھەیەتی بەھرەی پێویست ببات.

ھەوڵەکانی ئەورووپا بۆ بەدەست ھێنان و مسۆگەر کردنی سەربەخۆیی بەرگریکارانەو سەربازی لەوانە پێکھێنانی توانایی بۆ ئەورووپا لە ئاراستەی خۆپاراستن و بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ قەیرانە ئاسایشتییەکانی نێوخۆی ئەورووپا، بووەتە ھۆی ناڕەزامەندیی ھەرچی زیاتری ئەمریکا، چونکو وەدی ھاتنی ئاوا ئامانجێک بە واتای کەم کرانەوەی بارستایی و قورسایی واشێنگتۆن بۆ دەستوەردان و ڕۆڵگێڕان لە قەیرانە ئاسایشتییەکانی ئەورووپایە.

وادیارە یەکێتیی ئەورووپا لێبڕاوە ھەتا ھەرچی خێراتر دەستی بە توانایی و بارستایی و کارامەیی سەربەخۆی بەرگریکارانەو سەربازی بگات و ئیدی لەم پەیوەندییەدا پشت بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەبەستێت.

سەرپەیڤ