ئه‌یلوول 07, 2018 16:29 Asia/Tehran
  • تاران ؛ ئەمڕۆ ، میوانداری سێهەمین کۆبوونەوەی سێ لایەنەی ئێران، تورکیا و ڕووسیایە

تاران ئەمڕۆ میوانداری سەرۆک کۆمارانی تورکیا و ڕوسیایە لە چوارچێوی سێهەمین کۆبوونەوەی سێ لایەنەی وڵاتانی دەستەبەرکاری دانوستانی ئاشتیی ئاستانە.

ئەم کۆبوونەەیە کە ئەمڕۆ (هەینی) بە ئامادە بوونی "حەسەن ڕۆحانی" سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران،"ڕەجەب تەیب ئەردوغان" سەرۆک کۆماری تورکیا و "ڤیلادمیر پوتین" سەرۆک کۆماری ڕووسیاو لە تاران بەڕێوە دەچی، لە درێژەی دوو کۆبوونەوەی پێشووی ئەم سێ وڵاتە لە سووچی و ئانکارا؛ کۆبوونەوەیەک کە تەوەرەی سەرەکییەکەی لێکدانەوەی هاوکاریی ناوچەیی بۆ دامەزراندن و چەسپاندنی پاوەجێی و ئاسایش لە سووریایە.

نوێنەرانی سێ وڵاتی ئێران، تورکیا و ڕووسیا تا ئێستا لە چوارچێوی کۆبوونەوەکانی ئاشتیی ئاستانەدا، ١٠ کۆبوونەوەیان بەڕێوە بردووە کە ئەنجامەکانی ئەو کۆبوونەوانە لە دوو کۆبوونەوەی سەرۆک کۆمارانی سێ وڵات هەڵسەنگێندراوە و پشتڕاست  و پەسەن کراوە.

چۆنیەتی کۆتایی هێنان بە قەیرانی سووریا  و چۆنیەتی بەرەنگابوونەوەی تیرۆریستان، چۆنیەتی یارمەتیدانی دەوڵەتی یاسایی سووریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆیستان و ڕێکارەکانی دیاری کردنی ناوچەی کەم کێشە و ئاسایی کردنەوەی باروودۆخەکە بە مەبەستی پەرە پێدانی یارمەتیی مرۆڤدۆستانە گرینگترین تەوەرەی دانوستانی ئاستانە بووە.

هەر بەم پێیە، باس و بابەتەکانی درێژەپێدانی یارمەتییەکانی دەوڵەتی یاسایی سووریا بۆ پاکتاو کردنی ئەو ناوچانەی کە هێشتا لە ژێر چنگی تیرۆریستاندایە و داخستنی دۆسییەی تیرۆریزم، بەهێزتر کردنی پرۆسەی سیاسی بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی سووریا،گەڕانەوەی زیاترلە شەش ملوێن ئاوارەی سووریایی و ڕاکێشانی داکۆکیی نێودەوڵەتی بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانە ئابوورییەکانی ئەم وڵاتە لە گرینگترینی ئەو پرس و بابەتانەیە کە لە کۆبوونەوەی سێهەمدا دەخرێنە بەر باس و لێکدانەوە.

سەرپەیڤ