ئه‌یلوول 22, 2018 12:58 Asia/Tehran
  • دیداری بەرپرسانی تورکیا لەگەڵ نوێنەرانی تورکمانی ئێراق

شاندێکی نوێنەرانی تورکمانەکان لە پەرلەمانی ئێراق لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا لە ئانکارا دیداریان کرد.

شاندێک لە سیاسەتوانانی تورکمانی کە ئەم بەینە وەک نوێنەر ڕێیان پەیدا کردۆتەوە پەرلەمانی ئێراق، لەگەڵ "ڕەجەب تەییب ئەردۆغان" و"مەولوود چاووش ئۆغڵوو" سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئانکارا دیداریان کرد. ئەو چاوپێکەوتنە بۆماوەی هەشتا خولەک، لەپشت دەرگا داخراوەکان بەڕێوە چوو.

ئەو دیدارە لەکاتێکدا ئەنجامی گرت کە، دوو مانگ لەوەپێشیش شاندێکی سیاسەتوانانی تورکمانی ئێراق بەسەرۆکایەتی"ئەرشەد ساڵحی" و"حەسەن تورران" لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا دیداریان کردبوو. بەپێی راپۆری میدیاکان، کاربەدەستانی ئانکارا نیگەرانیان دەربڕیوە لەمەڕ ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە شاری کەرکووک و سەرکەوتنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی ئێراق بەڕێبەریی خانەوادەی تاڵەبانی لەو شارە.

بەرپرسانی ئانکارا، تورکیا بەلایەنگری تورکمانەکانی ئێراق و سوریا دەزانن و ئیدیعا دەکەن هەرکات کە بەرژەوەندییەکانی ئەو کەمینە لە ئێراق و سوریا بکەوێتەبەرمەترسی، داکۆکییان لێ دەکەن. بۆ نموونە، مەولوود چاووش ئۆغڵوو وەزیری دەرەوەی تورکیا لەڕەوتی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستانی ئێراق، لەمانگی سیپتەمبەری ساڵی ڕابردوو، لەقسەگەلێکدا لەمەڕ داکۆکی لە تورکمانەکانی ئێراق وتبووی: "بێتوو تورکمانەکانی باکووری ئێراق بکەونە بەرئامانج، تورکیا دەسبەجێ هەڵمەتی سەربازی لەباکوری ئێراق ئەنجام دەدا".

مەولوود چاووش ئۆغڵوو هەروەها بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە تورکیا جارێکی دیکە تێوەگلاوی قەیرانێکی نوێ لەناوچەدا بووە، وتبووی: "بێتوو پەلامار بکرێتەسەر تورکمانەکان لەباکووری ئێراق، ویان شۆفێرە تورکیاییەکان بکرێنە ئامانج و زیان لە تیجارەتی تورکیا بدرێ، لەو ناوچەیە، هەڵمەتی سەربازیی ئەنجام دەدرێ".

هەرلەوپەیوەندییەدا، "دەوڵەت باغچەلی" سەرۆکی پارتی بزاڤی نیشتمانی و یەکگرتووی پارتی دەسەڵاتداری دادوگەشەی تورکیا لە دوو هەڵبژاردنی رابردووش لەڕەوتی کۆپرسییەکەی کوردستانی ئێراق، ئامادەیی هەزاران خۆبەخش بۆ بەرەڤانی لە تورکمانەکانی ئێراق لە پارێزگای کەرکووکیان راگەیاندبوو. ناوبراو وتبووی: "بێتوو هەرێمی کوردستانی ئێراق گوشار بخاتە سەر تورکمانەکانی ئێراق ، هەزاران کەسی خۆبەخش ئامادەن هەتا بەرەڤانی و داکۆکی بکەن لە تورکمانە ئێراقییەکانی نیشتەجێ لەباکوری ئێراق. ئەو کەسانە ئامادەن پەیوەستی ئەو تورکمانانە بن کە لە بەرگریی لە کەرکوک و شارەکانی دیکەی ئێراق دەکەن".

ئەو لێدوانانەو لێدوانی هاوشێوەی بەرپرسانی ئانکاراو سیاسەتوانانی تورک هەمووان پێشاندەری هەوڵی تورکیایە بۆ داکۆکی لە کەمینەی تورکمان لە خاکی ئێراق. لەڕاستیدا، لەماوەی دە ساڵی ڕابردوو، هەرکات بەرژەوەندیی تورکیا لە ئێراق ویان سوریا بەرەوڕووی هەڕەشە دەبوو، داکۆکی لە کەمینەی تورکمان دەکرایە  بژارەیەکی زەقکراوی کاربەدەستانی تورک بۆ دەسوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئەو دوو وڵاتە دراوسێیە. سەرباری ئەوە واپێ دەچێ کە، ڕێبەرانی ئانکارا لەبارودۆخێکدا هۆگری هێنانەئارای هەڵوێست گرتنی داکۆکیارانە لەتورکمانەکانی ئێراق بوون کە، بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی تورکیا کەوتووەتە بەرمەترسی. حکومەتی تورکیا لەماوەی قەیرانی ئێراق و سوریا، هەوڵی زۆری داوە بۆ سوودوەرگرتنی زیاتر لە تورکمانەکانی دانیشتووی ئەو دوو وڵاتە دراوسێیە بەشێوەیەکی بەرفراوان لەمەڕ پرس و لایەنی سەربازیی- ئاسایشییەوە بگرە هەتا بواری سیاسی و میدیایی.