تشرینی یه‌که‌م 19, 2018 15:28 Asia/Tehran
  • حەشدی شەعبیی عێراق و حیزبوڵڵای لوبنان، ئەزمونێکی سەرکەوتوو لە بواری بەرخۆدانی ئازایانەی جەماوەری لە ناوچەکەدا

ئیبراھیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق لە پرێس کۆنفرانسێکی ھاوبەشدا لەگەڵ جوبران باسیل ھاوتای لوبنانیی خۆی لە بەیرتی پێتەختی لوبنان، وێڕای ئاماژە کردن بە ئەزمونی ھاوبەش و بایەخمەندی ھەردووک وڵات لە بەرخۆدانی دژی تیرۆریزم، حەشدی شەعبیی عێراقی وەک حیزبوڵڵای لوبنان زانی کە ھەردووکیان جێگای شانازی و سەربەرزیی گەلانی ناوچەکەن بۆ بەرەوڕوو بوونەوەی سەرکەوتووانە لەگەڵ ھەڕەشەو مەترسییەکاندا.

حیزبوڵڵای لوبنان لەو فەکتەرە سەرەکیانەی دەستەڵاتە لەو وڵاتەدا بۆ بەرەوڕوو بوونەوەی پیلانەکان و لەو لقە سەرەکیانەی سێ گۆشەی زێڕینی بەرەڤانیی ئەو وڵاتە پێک دێنێ کە داگری سوپا و گەل و خۆڕاگرییەو دیارە ئەمەش نھێنیی سەرکەوتنی لوبنانە بۆ پەڕینەوە لە ھەر ھەل و مەرجێکی ھەستیارو گرینگ. لە ئەنجامی ھەوڵی کۆڵەکەکانی بەرەڤانیی لوبنان بە تایبەت خۆڕاگریی ئیسلامیی ئەم وڵاتە، لە بەرواری ٢٦ ئوتی ساڵی ٢٠١٧ سەرزەوییەکانی ئەم وڵاتە بەتەواوی لە بوونی تاقمە تیرۆریستییەکان پاک کرایەوە. سەرکەوتنی لوبنان لە بەرامبەر تیرۆریزم دا لەژێرناوی( ڕزگار کردنی دووھەم) لە ھەل و مەرجێکدا مسۆگەر کرا کە ھێزەکانی خۆڕاگریی بە ھاوکاریی سوپای لوبنان توانییان بەشەکانی ڕۆژھەڵاتی ئەم وڵاتە لە تاقمە تیرۆریستی تەکفیرییەکان بستێننەوە. لە لوبناندا ئەم ڕووداوە وەک ڕزگار کردنی دووھەم ناوی دەرکردووە واتە دوای ئەوەی کە بەشی ھەرە زۆری ئەم وڵاتە لە ساڵی ٢٠٠٠ دا لەژێر کۆنترۆڵ و داگیرکاریی ڕژێمی زایونی ڕزگار کرا کە لەو سەرکەوتنەش دا ھەر حیزبوڵڵای لوبنان ڕۆڵێکی کاراو گرینگی ھەبوو. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە حەشدی شەعبیی عێراقیش وەک نوسخەیەکی دیکەی خۆڕاگریی جەماوەریی خەڵکی ناوچەکە لە عێراق دا پێکھات و بە دامەزرانی ئەم پێکھاتەیەش بە فەرمانی مەرجەعییەت ئەو وڵاتە لە کردەوەدا شکست ھێنان و توانەوەی تیرۆریزم لە عێراق دا مسۆگەر کرا.

سەلیم بەدورە نوێنەری لوبنان لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوەکان ماوەیەک لەمەوپێش وێڕای پێداگری لە سەر ئەمەی کە حیزبوڵای لوبنان بەشێکی بنەماییە لە کۆمەڵگای لوبنان، وتیشی: حیزبوڵڵا لە پەرلەمان و دەوڵەتی ئەم وڵاتەدا کۆمەڵێک نوێنەری ھەیە کە ئەمەش جێ و شوێنی جەماوەری و یاسایی حیزبوڵڵا دەردەخات و ئەمەش لە حاڵێکدایە کە ڕەوتی خۆڕاگری لە عێراقیش دا خاوەنی جێ و شوێنێکی بەرزە لە پەرلەمانی عێراقک و دەنگ ھێنانی بەرفراوانی  ئەم پێکھاتەیە لە ھەڵبژاردنی ئەم دواییەی پەرلەمانی عێراق پیشاندەری ئەم ڕاستییەیە. لە ڕووی توانایی و کاراییشەوە  حەشدی شەعبی لەماوەی چوارساڵی پێکھاتنی دا لە ڕەوتی پاکتاوکردنی عێراق لە بوونی تیرۆریستانی داعش و لە بواری چەسپاندنی ئاسایشتیش لە عێراق و ناوچە سەرسنوورییەکانی لەگەڵ سووریا ڕۆڵێکی بنەمایی گێڕاوە. پێکھاتەکانی بەرخۆدانی جەماوەری وەکوو  حیزبوڵڵاو حەشدی شەعبی لە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکادا ناجوڵێنەوە، چونکو واشێنگتۆن بەنیازە چەسپێندرانی ئاسایشت لە عێراق دا بۆ بوونی ھێزەکانی خۆی لەم وڵاتەدا بگەڕێنێتەوە.

لە بواری کرداری و ھەڵوێستیش دا ئەگەرچی حەشدی شەعبی ئامادە بوونێکی ڕاستەوخۆی لە گۆڕەپانی سیاسی دا نییەو لێی قەدەغە کراوە، بەڵام ئەو کۆتلەو  باڵانەی سەربە حەشدی شەعبین بەشدارییەکی تۆخ و جێی سەرنجیان لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق دا ھەیە و پێڕستی نەسر کە ڕێبەرانی حەشدی شەعبی پشتیوانییان لێ کرد لە ھەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی پەرلەمان دا دەنگێکی زۆری بە دەست ھێنا. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە نزیکەی دووسا لەمەوپێشیش ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕەزامەند بوو بە پەیوەست بوونی ھێزەکانی حەشدی شەعبی بە ھێزە چەکدارەکانی عێراق و سوپای ئەم وڵاتەوە.

یەکگرتن و یەکانگیر بوونی سیاسی لەو پێداویستیانەی سەرکەوتنن لە دوو وڵاتی عێراق و لوبنان لە گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی دا لە ئاوا ھەل و مەرجێکدا چەسپێندران و بەھێز کرانی جێ و شوێنی حەشدی شەعبی و حیزبوڵڵا لە گۆڕەپانی بەرگریکارانەی عێراق، دەربڕی کارایی و حەق بوونی ئەم ھێزانە لە بەرەڤانی کردن لە عێراق و لوبناندادیە و بێ گومان پشت بەستن بەم ھێزانە پارێزرانی سەروەریی خاکی ھەردووک وڵاتەکە دەستەبەر دەکات. ئاڵ و گۆڕەکانی ناوچەکە وا دەردخات کە سەرباری جوڵانەوەکانی ئەمریکا بۆ تەریک خستنەوەی جۆڕاگری لە ناوچەکەدا چ لە فەلەستین و چ لە لوبنان و عێراق و سووریاو یەمەن بە ھانا بردن بۆ پیلانی جۆربەجۆری وەک سەودای سەدە کەچی جەماوەری ناوچەکە ئامادە نین لە سەر ئارمانج و بەرژەوەندی و قازانجەکانی وڵاتەکەیان مامەڵە بکەن و بەرخۆدان و خۆڕاگری بە تاقە ڕێگای بەرپەرچ دانەوەی دوژمنەکانیان دەزانن. دیارە ئەم بابەتەش بووەتە ھۆی پڕەنگ و تۆختر بوونی خۆڕاگری لە گۆڕەپانە جۆربەجۆرەکانی سیاسی و بەرەڤانی و بنیاتنانەوە لە سەرتاسەری ناوچەکەدا لەماوەی ساڵانی ئەم دواییە. ئەمەش ھەمان بابەتە کە ئەمریکاو ڕژێمی زایونی و دەستەڵاتدارانی عەرەبی بەچۆکدا ھێناوەو قەت حەزی پێ ناکەن.