تشرینی یه‌که‌م 19, 2018 22:30 Asia/Tehran
  • جەمال خاشقچی لە دوایین وتاری خۆی دا : جیھانی عەرەب پێش ھەموو شتێک پێویستی بە ئازادیی رادەربڕینە

ئەم وتارە دوایین نووسینی جەمال خاشقچی رۆژنامەنووسی عەرەبستانی و نەیاری ڕژێمی ئالی سەعودە کە پێش بێ سەرو شوێن بوونی ناردویەتی بۆ رۆژنامەی واشێنگتۆن پۆست و بڵاوی کردووەتەوە.

لەم ماوەیەدا لەسەر ئینتەرنێت بووم و تەماشای راپۆرتی ساڵی ٢٠١٨ی "ئازادییەکان لە جیھاندا"م دەکرد کە لەلایەن "فریدەم ھاوز"ەوە بڵاوکراوەتەوە و شتێکی ترسناکم بۆ ئاشکرا بوو. تەنھا یەک وڵات لە جیھانی عەرەبدا وەک "ئازاد" لە قەڵەمدراوە؛ ئەو وڵاتەش تونسە. ئوردن، مەغریب و کوەیت لە پلەی دووەمدا دێن و بە "نیمچە ئازاد" پۆلێن دەکرێن. سەرجەم وڵاتانی دیکەی جیھانی عەرەب بە "نا-ئازاد" پۆلێنکراون. لە دەرەنجامدا، ئەو عەرەبانەی لەو وڵاتانەدا دەژین یان ئەوەتا بێ زانیاریین یان بە ھەڵە زانیارییەکانیان لەبەردەستدایە. ئەوان ناتوانن بە باشیی گفتوگۆ و بە ھیچ شێوەیەک بە ئاشکرا تاووتوێی ئەو مەسەلانە بکەن کە کاریگەریان لەسەر ناوچەکەیان و ژیانی رۆژانەیان ھەیە. دەوڵەتەکان لە رێگەی چیرۆکێکی دروستکراوەوە کۆنترۆڵی سایکۆلۆجی گشتیان کردووە و ھەرچەندە زۆرن ئەوانەی باوەڕ بەم چیرۆکەی حکومەتەکانیان ناکەن، بەڵام زۆربەی زۆری دانیشتوانەکەی بوونەتە قوربانیی ئەم گێڕانەوە ھەڵەیە. بەداخەوە، پێناچێت رەوشەکە گۆڕانکاری بەسەردا بێت. جیھانی عەرەب لێوانلێو بوو لە ھیوا لە بەھاری ٢٠١١دا. رۆژنامەنوس، ئەکادیمیی و دانیشتوان بەگشتیی پڕبوون لە چاوەڕوانیی کۆمەڵگایەکی عەرەبیی ئازاد و رۆشن لە وڵاتەکانی خۆیاندا. ئەوان پێشبینی ئەوەیان دەکرد ئازادبکرێن لە ھەژموونی حکومەتەکانیان و دەستێوەردانی بەردەوام و سانسۆرکردنی زانیارییەکان. ئەم چاوەڕوانییانە زوو وردوخاش بوون و ئەم کۆمەڵگایانە یان گەڕانەوە بارودۆخی پێشوویان یان بەرەو خراپتر ھەنگاویان نا.

ھاوڕێی ئازیزم، ساڵح شێھی، یەکێک لە بەناوبانگترین وتارەکانی لە میدیای سعودییدا بڵاوکردەوە. بەداخەوە، ئەو ئێستا لە زینداندایە بۆ تەواوکردنی حوکمێکی بێبنەمای پێنج ساڵی؛ گوایە لەبەرئەوەی قسەی دژی دەسەڵاتدارانی سعودییە کردووە. دەستگرتن بەسەر تەواوی رۆژنامەی میسری، ئەلمیسر ئەلیەوم، لەلایەن حکومەتی میسرییەوە نەبووەھۆی توڕەبوون و ھاندانی ھاوەڵەکان. ئەم کردارانە چیتر نابنە ھۆی دروستکردنی کاردانەوە لەنێو کۆمەڵی نێودەوڵەتییدا، بەڵکو ئەم کردارانە رەنگە ببنە ھۆی ئیدانەکردن و ھەر زووش بێدەنگیی بەدوادا دێت. لە ئەنجامدا، حکومەتە عەرەبیەکان رۆژ بە رۆژ بە خێراییەکی زیاتر دەستیان بۆ بێدەنگکردنی میدیا کراوەیە. سەردەمانێک ھەبوو رۆژنامەنوسان پێیانوابوو ئینتەرنێت زانیارییەکان ئازاد دەکات لە سانسۆر و ئەو کۆنترۆڵەی پەیوەستە بە میدیای چاپکراوەوە،  بەڵام ئەم حکومەتانە کە بوون و مانەوەیان پشت بە کۆنترۆڵکردنی زانیاریی دەبەستێت، زۆر بە توندی رێگەیان لە ئینتەرنێت گرتووە. ھەروەھا پەیامنێری ناوخۆیی دەستگیر دەکەن و فشار دەخەنە سەر کۆمپانیاکانی ریکلام بۆ ئەوەی زیان بە داھاتی ھەندێک لە بڵاوکراوەکان بگەیەنن. 

چەند ئاوەدانییەک ماوە کە ھێشتا رۆحییەتی بەھاری عەرەبیان تیا ماوە. حکومەتی قەتەر بەردەوامە لە پاڵپشتیکردن و بەسەرکردنەوەی ھەواڵی جیھانی. بەپێچەوانەی ھەوڵی دراوسێکانییەوە بۆ ھێشپنەوەی کۆنترۆڵی زانیارییەکان بەمەبەستی پشتگیریکردن لە "نیزامی کۆنی عەرەبی". تەنانەت لە تونس و کوەیتیش کە تیایاندا لانیکەم بە "نیمچە ئازاد" لەقەڵەم دەدرێت، میدیا بابەتی ناوخۆیی بەسەر دەکاتەوە، بەڵام ئەو بابەتانە ناوروژێنێت کە  رووبەڕووی جیھانی گەورەتری عەرەب دەبنەوەو ناوێرن بوار بە رۆژنامەنوسانی سعودییە، میسر و یەمەن بدەن بۆ قسەکردن.

جیھانی عەرەب؛ رووبەڕووی شێوازێکی خۆی لە دیواری ئاسنین بۆتەوە کە نەک لەلایەن وڵاتانی دەرەکییەوە سەپێندراوە بەسەریاندا بەڵکو لەناوەوە دەرەنجامی ململانێی ھێزەکانە بۆ قۆرخکردنی دەسەڵات. لە سەردەمی جەنگی سارددا، رادیۆی "ئەورپای ئازاد" کە پاش ساڵانێک بوو بە دامەزراوەیەکی رەخنەیی، رۆڵێکی گرنگی ھەبوو لە دروستکردن و ھێشتنەوەی ھیوای ئازادییدا؛ عەرەبیش شتێکی ھاوشێوەیان پێویستە.

جیھانی عەرەب؛ پێویستیی بە شێوازێکی مۆدێرنی میدیای نێونەتەوەیی ھەیە تاوەکو ھاووڵاتیەکانیان بە رووداوەکانی جیھان ھۆشیار بن. لەمەش گرنگتر، پێویستمان بە پێگەیەکە بۆ دەنگە عەرەبیەکان. ئێمە کێشەی ھەژاری، خراپ بەڕێوەبردن و خراپیی کەرتی پەروەردەمان ھەیە. لەرێگەی دروستکردنی کۆڕبەندێکی نێودەڵەتییەوە، دوور لە کاریگەریی حکومەتە نەتەوەییەکان کە سەرقاڵی بڵاوکردنەوەی رق وکینەن لەرێگەی پروپاگەندەوە، خەڵکی ئاسایی لە جیھانی عەرەبدا دەتوانن تاوتوێی کێشە ریشەییەکانی کۆمەڵگاکانی خۆیان بکەن. 

سەرپەیڤ