تشرینی دووه‌م 09, 2018 18:34 Asia/Tehran
  • گەشتی وەزیری دەرەوەی قەتەر بۆ عێراق ، مزگێنی دەری پێکهاتنی هاوپەیمانی گەلی تازەیە لە ناوچەکەدا

موحەممەد بن عەبدوڕڕەحمان ئالی سانی وەزیری دەرەوەی قەتەر بەم دوایانە بۆ گەشتێکی دوو ڕۆژە سەردانی عێراقی کردو چاوی بە کاربەدەستانی ئەم وڵاتە کەوت و وتووێژی لەگەڵ دا کردن.

گەشتەکەی موحەممەد بن عەبدوڕڕەحمان ئالی سانی وەزیری دەرەوەی قەتەر بۆ عێراق و چاوپێکەوتن و وتووێژی لەگەڵ کاربەدەستانی ئەم وڵاتە لە چەند ڕوانگەیەکەوە جێگای سەرنج و گرینگی پێدانە.

لە ڕووی پەیوەندیی دوو لایەنەوە، پەیوەندییەکانی نێوان بەغداو دەوحە بە تایبەتی لە ماوەی یەک ساڵی ئەم دواییەدا ڕەوتێکی هەتا ڕادەیەک ڕوولە گەشەی هەبووە. ئەم ڕەوتە ڕوو لە گەشەیە زیاتر لە هەر شتێک لە ئەنجامی ناکۆکییەکانی نێوان قەتەرو سێ ئەندامەکەی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداوی فارس داگری عەرەبستان، بەحرەین و میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان و هەروەها میسر مسۆگەر کراوە. قەتەر کە لە لایەن عەرەبستان و سێ وڵاتەکەی دیکەوە گەمارۆ درا، بە گۆڕینی سیاسەتی دەرەوەیی خۆی دەستی کرد بە کۆکردنەوەی هاوبیرو هاوڕەوتی سیاسی بۆخۆی بە تایبەت لەنێو وڵاتانی عەرەبی کە عێراقیش لە ڕیزی ئەو وڵاتانە دێتە ئەژمار.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە، قەتەر پێکهاتنی دەوڵەتی تازە لە عێراقی بە هەلێکی لەبار زانیوە بۆ بەهێز کردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەم وڵاتە و هەر بەم پێیەش موحەممەد بن عەبدوڕڕەحمان ئالی سانی وەزیری دەرەوەی قەتەر لە ڕیزی یەکەم کاربەدەستانی وڵاتانی عەرەبی دێتە ئەژمار کە سەردانی بەغدای کردووەو  چاوی بە کاربەدەستانی تازەی عێراق کەوتووەو وتووێژی لەگەڵ دا کردوون.

عێراق لە بەر شوێنهاتەکانی شەڕی ساڵی 2003ی ئەمریکاو هەروەها داگیرکرانی ئەم وڵاتە لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە پێویستی بە سەرچاوەی دراڤی و سەرمایەدانانی بیانییە و طەر لە بەر ئەمەش لە بووژانەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانێکی وەک قەتەر کە لە ڕیزی وڵاتانی دەوڵەمەندو سەرمایەدانەری جیهانی عەرەب دێتە ئەژمار، پێشوازیی دەکات.

بەم پێیە، دەشێ پەرە سەندنی پەیوەندییەکانی نێوان قەتەر و عێراق وەک پێویستییەکی دوولایەنە بۆ هەردووک وڵاتەکە لێک بدرێتەوە ، واتە عێراق پێویستمەندیی ئابووری و قەتەریش پێویستمەندیی سیاسی و ئاسایشتی وای کردووە هەتا هەرچی زیاتر لە یەک نزیک ببنەوە.

گەشتەکەی موحەممەد بن عەبدوڕڕەحمان ئالی سانی وەزیری دەرەوەی قەتەر بۆ عێراق و چاوپێکەوتن و وتووێژی لەگەڵ کاربەدەستانی ئەم وڵاتە  لە ڕوانگەی ناوچەییشەوە شیاوی هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەیە. بڕێک لە سەرچاوە هەواڵیەکان لەم پەیوەندییەدا وایان بڵاو کردووەتەوە کە گوایە موحەممەد بن عەبدوڕڕەحمان ئالی سانی وەزیری دەرەوەی قەتەر لەگەشتەکەی بۆ بەغداو چاوپێکەوتن و وتووێژی لەگەڵ کاربەدەستانی ئەم وڵاتە پێشنیاری پێکهاتنی هاوپەیمانییەکی پێنج قۆڵیی کردووە کە داگری عێراق، قەتەر، ئێران و تورکیاو سووریا دەبێت و هاوپەیمانییەکەش بەرژەوەندییە سیاسی ، ئابووری و ئاسایشتییەکانی هەر پێنج وڵاتەکەی لە بەر چاوە.

هەگەری پێکهاتنی ئاوا هاوپەیمانی گەلێک و یان کۆمەڵێک هاوپەیمانیی لەم چەشنە لە کەشی تازەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین دا زۆرە. لە لایەکەوە عەرەبستان لە سەردەمی مەلیک سەلمان و موحەممەدی کوڕی، هەڵوێستێکی پاوانخوازنەی لە هەمبەر وڵاتانێکی گچکەی عەرەبی لەوانە قەتەر گرتووەتە بەر کە ئەمەش لەگەڵ خۆڕاگرتن و دژایەتیی لێبڕاوانەی دەوحەدا بەرەوڕوو بووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە وڵاتێکی وەک تورکیاش ناکۆکییەکانی نێوان قەتەرو هەرچوار وڵاتە عەرەبییەکەی بۆ باشتر کردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوحەدا قۆستووەتەوە. حەسەن شوکری پوور کارناسی پرسە ستراتژییەکان لەو باوەڕەدایە کە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هێندێک لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیلیش پێکهاتنی کۆمەڵێک هاوپەیمانیی تازەی بە بەشداریی ئەو وڵاتانەی کە سوورن لە سەر بەردەوام کردنی بەرخۆدانی دژی ڕژێمی زایونی ،پێویست کردووە.

بە گشتی دەشێ بوترێت کە شێوە هەڵس و کەوتی عەرەبستانی سەعودی کە لە سەر یەک لایەنەخوازی لە جیهانی عەرەب و شوێنکەوتنی سیاسەتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داڕێژراوەو هەروەها ڕوانگەی کۆمەڵێک وڵاتی دەورگێڕی دیکەی وەک قەتەرو تورکیا هاوڕێ لەگەڵ هەڵوێستی خۆڕاگرانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتانێکی وەک سووریاو عێراق دەتوانێ ببێتە هۆی پێکهاتنی جەمسەربەندییەکی تازە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین دا بە تایبەت لە بەرامبەر وڵاتێکی گوێ لە مست و زاڵیەتی خوازی وەک عەرەبستانی سەعودی.