تشرینی دووه‌م 09, 2018 23:36 Asia/Tehran
  • شەڕی بەناو دژی تیرۆری ئەمریکا زیاتر لەنیو ملوێن قوربانیی لێ کەوتووەتەوە

زۆرترین ھاوڵاتییانی مەدەنی لە عێڕاق کوژراون کە ژمارەیان لە نێوان ١٨٢ ھەزار بۆ ٢٠٤ ھەزار کەسە.

زیاتر لە ١٧ ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی شەڕی ئەمریکا لە دژی "تیرۆر" تێپەڕبووە و بەپێی نوێترین ئاماریش لە ساڵی ٢٠٠١ەوە تا ئێستا زیاتر لە نیو ملیۆن ھاووڵاتی بوونەتە قوربانیی شەڕی دژی "تیرۆر" و ڕۆژبەڕۆژ کردەوە توندوتیژییەکانیش ڕوو لە زیادبوون دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتێکی پەیمانگای واتسۆن بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دوای ھێرشی یانزەی سێپتەمبەری ٢٠٠١ کە دوو تاوەری بازرگانیی ئەمریکای کردە ئامانج و لەدوای ڕاگەیاندنی شەڕی ئەمریکا لە دژی "تیرۆر" تا ئێستا زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە عێراق و ئەفغانستان و پاکستان کوژراون.

لە ڕاپۆرتی پەیمانگاکەدا ھاتووە، ژمارەی ئەو کەسانەی کوژراون لە نێوان ٤٨٠ ھەزار بۆ ٥٠٧ ھەزار کەسە و ڕەنگە ژمارەی قوربانییەکان زۆر لەو ڕێژەیە زیاتریش بن.

بەپێی ڕاپۆرتەکە زۆرترین ھاوڵاتییانی مەدەنی لە عێڕاق کوژراون کە ژمارەیان لە نێوان ١٨٢ ھەزار بۆ ٢٠٤ ھەزار کەسە و دوای ئەویش ئەفغانستان دێت کە ژمارەیان زیاتر لە ٣٨ ھەزار کەسە و پاش ئەوانیش پاکستان دێت کە زیاتر لە ٢٣ ھەزار ھاوڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانی.

ھەر بەپێی ئامارەکانی پەیمانگاکە نزیکەی ٧ هەزار سەربازی ئەمریکی لە ھەریەک لە عێراق و ئەفغانستان بەھۆی تیرۆرەوە کوژراون.

ئاماری کوژراوەکان سەرجەم چینەکان لەخۆدەگرێت، لەوانە، ھاوڵاتیانی مەدەنی و تاوانباران و و پۆلیس و ئاسایش و ھێزەکانی ناوخۆ و ھێزە ھاوپەیمانەکان و تەنانەت سەربازانی ئەمریکاش دەگرێتەوە.

ھاوکات نوسەری ڕاپۆرتەکە ئەو ھەواڵانە ڕەت دەکاتەوە کە تیایدا ئەمریکا و ھێزە ناوخۆییەکانیش ڕایانگەیاندبوو کوژراوەکان زۆرینەیان چەکداربوونەو دەڵێت، ڕاست نییە و بە پێچەوانەوە زۆرینەی ئەو کەسانە ھاوڵاتی مەدەنی بوون کە بوونەتە قوربانی.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئامارەکان ناوی دەیان ھەزار ھاوڵاتیی مەدەنییان تۆمارنەکردووە کە لە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ و شارەکانی دیکەی عێراق، کە داعش دەستی بەسەردا گرتبوون کوژراون، بەڵام تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئامارەکان ئەو ھاوڵاتییانە ناگرێتەوە کە ناڕاستەوخۆ بەھۆی دەرەنجامەکانی ئەو شەڕەوە وەکو نەخۆشی و برسێتی گیانیان لەدەستداوە.

شەڕی دژی "تیرۆر" ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی و ئابوری و سیاسیی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی بوو کە لەدوای ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١ەوە دەستیانپێکرد بۆ خۆیان وتەنی ڕیشەکێشکردنی "گروپە تیرۆریستییەکان" و پاشان لە سەردەمی ئیدارەکەی باراک ئۆباما گۆڕا بۆ "تیرۆری ناوخۆیی"، کە مەبەست لێی بەئامانجگرتنی چەکدارانی ڕێکخراوی قاعیدە بوو لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھاندا.

سەرپەیڤ