کانونی یه‌که‌م 11, 2018 20:34 Asia/Tehran
  • ژنانی ئێزیدی لافارجی فەڕەنسی دەدەنە دادگا

لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا کۆمپانیای زەبەلاحی فەڕەنسی (لافارج) درایە دادگا دوای ئەوەی کۆمپانیاکە و خاوەنەکانی تۆمەتبارکران بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ داعشدا و هاوکاریکردنی ئەو ڕێکخراوە لە بەرانبەر بەردەوامی کارکردنیان لە سوریا. لە ئێستادا ژنانی ئێزیدی داواکاریەکی تایبەتیان پێشکەشی دادگا کردوە کە بەشداربن لە کەیسی دادگاییکردنی کۆمپانیا فەڕەنسیەکە و داوا دەکەن کۆمپانیاکە بە توندی سزابدرێت لەسەر هاوکاریکردنی تیرۆر.

 

یەکێک لە پارێزەرانی کەیسی ژنە ئێزیدیەکان (ئەمەل کلونی)ی بە ڕەگەز لوبنانی-بەریتانیە کە تایبەتمەندە لە یاسای نێودەوڵەتیدا و کەسایەتیەکی بەناوبانگە. ئەو، کە هاوکات هاوسەری ئەکتەری بەناوبانگی هۆڵیود (جۆرج کلونی)ە بە ڕاگەیاندنەکان دەڵێت: «لە ئابی ٢٠١٤ وە داعش ئێزیدیەکانی عێراق و سوریای کردە ئامانج و بە زۆرەملێ وەدەریاننان و ژنانی ئێزیدی ڕووبەڕووی فڕاندن و کوشتن و دەستدرێژی سێکسی بوونەوە. من شانازیدەکەم کە نوێنەرایەتی ئەم ژنانە بکەم.»

کۆمپانیای لافارجی فەڕەنسی کە لە بواری چیمەنتۆدا کاردەکات مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ تۆمەتبارکرا بەوەی بڕی ١٣ ملیۆن یۆرۆیان داوەتە ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش لە سووریا تا ڕێگایان پێبدەن لەسەر کارکردن لە کارگەی (جەلەبیە) لە سوریا بەردەوامبن، ئەمەش دوای ئەوەهات کە هەموو کۆمپانیا فەڕەنسیەکانی تر لە کارکردن لە سوریا وەستابوون و لەو وڵاتە کشابوونەوە.

کۆمپانیای لافارج لقی لە هەرێمی کوردستانیش هەیەو لە بواری بیناسازیدا کاردەکات، ئەم کۆمپانیایە بۆ نزیکەی دوو سەدە لەمەوپێش لە فەرەنسا دامەزرا.

ئەو بڕە پارەیەی کە لە لایەن لافارجەوە دراوەتە داعش لە تۆماری دارایی کۆمپانیاکەدا بە (باج) لەقەڵەمدراوە کە کۆمپانیاکە داویەتی بۆ بەردەوامیی کار، بەڵام دوایی لە دادگادا ئاشکرابووە کە ئەم باجە دراوە بە ڕێکخراوی داعش.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەم بەڵگانە، کۆمپانیا فەڕەنسیەکە لە پاریس درایە دادگا و پێش دەستپێکردنی دادگاییکردن بڕی ٣٠ ملیۆن یۆرۆ لە کۆمپانیای لافارج وەرگیرا وەک ئەمانەت تا تەواوبوونی دادگاییکردنەکە، جگە لە کۆمپانیاکە ١٢ بەڕێوەبەری ئێستا و پێشووی کۆمپانیاکە داوایان لەسەر تۆمارکرا، ئەم ڕووداوەی ئەمساڵیش وەک یەکەم ڕووداو لە مێژوودا تۆمارکرا کە کۆمپانیایەکی زەبەلاح مامەڵەی دارایی لەگەڵ ڕێکخراوێکی تیرۆرستیدا کردبێت.

جگە لە پێدانی پارە بە ڕێکخراوەکە، کۆمپانیاکە تۆمەتبارکرا بە کڕین و فرۆشی نەوت و چیمەنتۆ لەگەڵ داعشدا.

تا ئێستا کۆمپانیا فەڕەنسیەکە لە دادگادا توانیویەتی بێ تاوانی کۆمپانیاکەیان بپارێزن و ڕایانگەیاندوە کە وەک کۆمپانیایەک هیچ پلانێکی لەو شێوەیەیان نەبوە و ئەو ڕووداوەش کارێکی تاکلایەنەی هەندێک لە بەرپرسانی کۆمپانیاکەبووە کە دەستبەجێ لەسەرکار لابراون، (بیت هیس) بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای لافارج بە ڕۆژنامەی گاردیان دەڵێت: «ئێمە زۆر پەشیمانین لەو ڕووداوەی لە بەشی سوریای کۆمپانیاکەمان ڕوویدا، لەگەڵ ئاگادارکردنەوەماندا بڕیاری دەستبەجێ و توندمان دا. هیچ یەکێک لەو بەرپرسانەی کۆمپانیاکە کە تۆمەتبارکراون چیدی لە کۆمپانیای ئێمە کارناکەن.» دەشڵێت کە داواکان دژی کۆمپانیاکە نادادپەروەرن چونکە وەک کۆمپانیا ئاگادار نەبوون و بە شێوازێکی سیستەماتیک و ڕێکخراو کارەکە نەکراوە.

بە پێچەوانەوە، (سەنتەری ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ) پشتیوانی دادگاییکردنەکەی کردوە و بەڕێوەبەری دادوەری کۆمپانیاکە دەڵێت: «چالاکیەکانی لافارج لە سوریا، لە کاتێکدا بوو کە تاوانی قێزەون ئەنجام دەدرا، نیشاندەرێکی زەقە کە چۆن کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان دەتوانن هاریکار و ڕێگەخۆشکەری جەنگ و ناکۆکیەکان بن.»

وەک قوربانیانی یەکەمی تاوانە دژ بە مرۆڤایەتیەکانی داعش، ژنانی ئێزیدی داواکاریەکیان پێشکەشی دادگاکردوە کە بەشێک بن لە کەیسی دژ بە کۆمپانیای لافارج. ئەمەل کلونیی پارێزەر دەڵێت: «ئەم کەیسە هەلێکە تا دووپاتی بکەینەوە کە داعش و هەموو هاوکارەکانیان دەهێندرێنە بەر دادگا و قوربانیەکان مافی خۆیان وەردەگرن. هاوکات، پەیامێکە بۆ کۆمپانیا و دەزگاکان کە هەر کات پێشێلی یاسا نێودەوڵەتیەکانیان کرد و تاوانیان ئەنجامدا باجی یاسایی ئەو کارەیان دەدەن.»

(لافارج) کۆمپانیایەکی چیمەنتۆی فەڕەنسی دێرینە و مێژووی دامەزراندنی بۆ ساڵی ١٨٣٣ دەگەڕێتەوە، بارەگای سەرەکی کۆمپانیاکە لە پاریسە و لە ساڵی ٢٠١٥ دا لەگەڵ کۆمپانیای (هۆلسیم)ی سویسریدا یەکیانگرت و لە ئێستادا بە (لافارج هۆلسیم) ناودەبرێت. تەواوی پشکەکانی ئەو کۆمپانیایە بە ٣٤.٨ ملیار یۆرۆ لە ساڵی ٢٠١٤دا مەزەندەکراوە.

..............

سه رچاوه : هاوڵاتی