کانونی یه‌که‌م 28, 2018 16:51 Asia/Tehran
  • وزە، کەرتی جێی سەرنجی ھاوکارییەکانی نێوان ئێران و عێراق

کۆماری ئیسلامیی ئێران و عێراق لە چوارچێوەی پەرە پێ دانی ھاوکارییە ئابوورییەکانیان بە تایبەت لە کەرتی وزە، لێکگەییننامەیەکی ھاوکارییان واژۆ کرد.

ئەم ڕێککەوتنە لە ڕەوتی سەردانەکەی ڕەزا ئەردەکانیان وەزیری وزەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەغداو لە دیداری ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە لەگەڵ لوی خەتیب وەزیری کارەبای عێراق مسۆگەر کرا.

وەزیری وزەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای واژۆکردنی لێک گەیین نامە لە بواری کارەبا لەگەڵ عێراق دا وتی: ئەم لێکگەییننامەیە ڕۆژێکی مێژوویی لە پیشەسازیی کارەبای عێراق دا دێتە ئەژمار.

ھاوکاریی ئێران و عێراق لە بواری وزەی کارەبا و ناردەی گاز لەو ھاوکارییە ھاوبەش و خاوەن پێشینانەیە. ئێران بەردەوام پێداویستتییەکانی عێراق بە کارەبای دابین کردووە. ئەمڕۆش کە بایکۆتەکانی ئەمریکا دژی ئێران لە ئارادایە ئەم ھاوکارییانە ھەروا بەردەوامە.

عێراق جاری توانیویەتی دەوڵەتی ئەمریکا ڕەزامەند کات لە مەڕ کڕینی کاربەبا لە ئێران . پێداویستیی کارەبای عێراق بە ئێران پێداویستییەکی ستراتژییە و دەوڵەتی بەغدا ھەروا لە ھەوڵ دایە ئەو بەخششە کاتییەی لای ئەمریکا بکات بە بابەتێکی ھەمیشەیی و بەردەوام.

بە قسەی لوی خەتیب وەزیری کارەبای عێراق، ڕادەی ئەو کارەبایەی کە عێراق لە ڕێگای فرۆشی کارەباو گازی ئێرانەوە دابینی دەکات نزیکەی چوار ھەزار مێگاوات لە کاژێرێکدایە.

لەگەڵ ئەمەش دا ڕەوتی پێداویستیی ساڵانەی وزە لە عێراق دا ڕوولە پەرەیە و ئەم وڵاتە بەشێکی گرینگی وزەی پێویستی خۆی لە ڕێگای ئێرانەوە دابین دەکات. لە وەھا ھەل و مەرجێکدا، واژۆ کرانی لێک گەییننامە لە بواری وزەی کارەبا لە نێوان ئێران و عێراق ڕۆڵێکی ھەستیارو گرینگی لە ڕووی ڕەوتی پەرەسەندنی پێداویستییەکانی عێراق بە کارەبا دەگێڕێت.

واژۆ کرانی لێک گەییننامەکەی نێوان وەزارەتی وزەی ئێران و وەزارەتی کارەبای عێراق چوارچێوەیەکی درێژ ماوە بۆ ھاوکارییە ھاوبەشەکانی نێوان دوو وڵات لە بواری وزەو بنیاتنانەوەی پیشەسازیی کارەبای عێراق و یارمەتی دان و چالاکیی کۆمپانیاو دامەزراوە ئێرانییەکان لەو وڵاتە دیاری دەکات.

ئێران لە بواری پیشەسازیی کارەبا ئەزمونێکی باشی لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا بە دەست ھێناوە. ئێران بەشی ھەرە زۆڕی پێداویستییەکانی خۆی لە بواری پیشەسازیی کارەبا بە پشت بەستن بە توانایی و ئەزمونە نێوخۆیەکانی دابین دەکات. دیارە ئەمەش ھەلێکی زێڕینە بۆ پیشەسازیی کارەبای عێراق ھەتا بە ھاوکاریی درێژماوە لەگەڵ ئێران ئەو پێداویستیانەی خۆی لەم بوارەدا دابین بکات.

خاڵی جێی سەرنج لە ڕووی واژۆ کرانی لێک گەییننامەکەی نێوان وەزارەتی وزەی ئێران و وەزارەتی کارەبای عێراق، کەڵک وەرگرتنی ھاوکات لە مسۆگەراتی سەخت ئامێر و نەرم ئامێری ئێرانە. ھاوکات لە گەڵ ھاوبەشیی کۆمپانیاکانی ئێران لە بواری گەشە پێ دانی پیشەسازیی کارەبای عێراق، زانست و ئەزمونی کۆمپانیا پسپۆڕییەکانی ئێرانیش دەخرێتە بەردەستی لایەنی عێراقی.

کۆمپانیاکانی ئێران لە بواری چێکردنی دامەزراوەگەل و کەرەستەو ئامێری کارەبا، دابەشینی ئاوی خواردنەوە، سیستێمگەلی خاوێن کردنەوەی ئاو، دروست کردنی وزەخانەو ھێزگە و تەکنۆلۆژیای کەڵک وەرگرتن لە وزەگەلی بووژان ھەڵگر، توانایی باشیان ھەیە کە دەتوانن لە چوارچێوەی دیاری کراوی ھاوکاریی درێژماوە لەگەڵ عێراق دا بیخەنە بەردەستی ئەو وڵاتە.

گرینگایەتیی ھاوکاریی ئێران و عێراق لە بواری وزە ھێندە جێی سەرنجە کە بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ڕۆژی پێنج شەممە لە چاوپێکەوتنی وەزیری وزەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندەکەی هاوڕێی ، لەسەر گرینگایەتی پەرەی پێوەندییەکان لە بواری وزە لەگەڵ ئێران، پێی داگرت و وتی: دەبێ لە بواری پەرە پێ دانی پەیوەندیەکانی عێراق لەگەڵ ئێران لە کەرتی کارەبا ڕێگاگەلی تازە بگیردرێنە بەر.

بازاڕی ئێستاکەی عێراق ھەلێکی باشی بۆ کۆمپانیا جۆربەجۆرەکانی ئێران ڕەخساندووە ھەتا لە بواری جۆربەجۆردا بتوانن ببن بە ھاوبەشێکی جێی متمانە بۆ عێراق. نیازپاکی و خەرج و بەرجی کەم لە ڕەوتی ھاوکاریەکانی ئێران و عێراق بووەتە ھۆی ئەوەی کە دەوڵەتی ئەم وڵاتە ڕوانینێکی تایبەتیی بەرامبەر بە ئێران ھەبێت بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانی بە تایبەت لە بواری وزەدا.

ھاوکاریی باش و کاراو  پتەوی ئێستای ئێران و عێراق لە ئاستی جۆربەجۆردا ڕیشەی لە فەکتەرە فراوانە ئایینی و زمانی و ئایینزاییەکانی جەماوەری ھەردووک وڵات داھەیە و دیارە ئەم بابەتە گرینگەش دەبێتە بەردێکی بناغە بۆ ھاوکارییەکانی نێوان ھەردووک وڵات و بە واتایەکی دیکە سەرچاوەیەکی جەماوەریی ھەیە.

سەرپەیڤ