کانونی دوھەم 10, 2019 18:32 Asia/Tehran
  • حەوتەمین گەشتی دەرەوەیی بەرھەم ساڵح لە ماوەی سەد ڕۆژدا

بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ڕۆژی یەکشەممە نۆھەمی ژانویە لە گەشتێکی فەرمیانەدا گەییشتە دەوحەی پێتەختی قەتەر.

بەرھەم ساڵح ڕۆژی دووھەمی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ وەک سەرۆک کۆماری تازەی عێراق جێگای فۆئاد مەعسومی گرتەوە. لە ماوەی سەد ڕۆژێک کە بە سەر دەستپێکی خولی سەرۆکایەتییەکەی بە سەر عێراق دا تێ دەپەڕێت، ناوبراو ھەتا ئێستا حەوت گەشتی دەرەوەیی ئەنجام داوە کە سەردانەکەی بۆ دەوحە حەوتەمین گەشتی دێتە ئەژمار. بەرھەم ساڵح بەرلەمە سەردانی موەیت، میرنشینە یەکگرتووە عەرەبیەکان، ئەردەن ، ئێران ، عەرەبستان و تورکیای کرد بوو. سەرۆک کۆماری عێراق لە ھەل و مەرجێکدا سەردانی قەتەری کردووە کە حەوتەی ڕابردووش لە گەشتەکەی بۆ تۆرکیا چاوی بە ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کەوت و وتووێژی لەگەڵدا کرد. گەشتەکەی دەوحە دووھەمین گەشتی دەرەکیی بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە ساڵی ٢٠١٩ دا دێتە ئەژمار.

بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری تازەی عێراق ھەوڵ دەدات جارێکی تڕ ڕۆڵی ناوچەیی و نێونەتەوەیی ئەم وڵاتە گرینگە ئیسلامییە بووژێنێتەوەو بەرزی کاتەوە.

ھەر لەم ئاراستەیەدا لوقمان فەیلی وتەبێژی سەرۆک کۆماری عێراق لە بارەی ئامانجەکانی گەشتەکەی بەرھەم ساڵح بۆ قەتەر پێی داگرتووە کە: ئەم گەشتە لە ئاراستەی تۆکمەکرانی چاوپێکەوتنەکانی بەرھەم ساڵح بۆ بووژاندنەوەی ڕۆڵی ناوچەیی و نێونەتەوەیی ئەم وڵاتە و بەرز کردنەوەی جێ و شوێنی عێراق لە نێو وڵاتانی دۆست و برادایە.

بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لەو گەشتە ناوچاییانەی دا لە ھەوڵدایە ھەتا ڕۆڵی نێوندگرێک لە نێوان ئەو وڵاتانەدا بگێڕێت کە پێکەوە ناکۆکن. بەرھەم ساڵح ھەوڵ دەدات ئاڵۆزییەکانی نێوان ھێندێک لە وڵاتانی عەرەبی بە تایبەت عەرەبستانی سەعودی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و ھەروەھا ناکۆکییەکانی نێوخۆیی عەرەکان بەتایبەت قەتەرو چوار وڵاتی عەرەبستان و میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان و میسر چارەسەر کات و ببێتە نێوندگریان.

ئاخۆ عەرەبستانی سەعودی، میسر، میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان و بەحرەین پێنجەمی ژوئەنی ٢٠١٧ لە بەیاننامەگەلێکی جیاجیادا پچڕاندنی پەیوەندیی دیپلۆماسیانەی خۆیانیان لەگەڵ قەتەر ڕاگەیاند بوو،پاشان لە 23ی ژوئەنی ھەمان ساڵ پێڕستی سیانزە مەرج و داخوازییان خستە بەردەم قەتەر و ڕایانگەیاند کە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی لەگەڵ دەوحەدا بەسراوەتەوە بە ڕاپەڕێندرانی ئەم مەرجانەوە.

گرینگترینی ئەو مەرجانەش کە عەرەبستان و هاوپەیمانەکانی بۆ دەوحەیان دیاری کردبوو، پچڕانی پەیوەندیی دیپلۆماسیانەی ئەم وڵاتە لەگەڵ ئێران و حیزبوڵڵا،داخستنی یەکجاریی کەناڵی ئەلجەزیرەو پێچانەوەی بنکەی سەربازیی تورکیا لە خاکی قەتەردا بوو.

پەیامەکەی دیکەی گەشتە ناوچەییەکانی سەرۆک کۆماری عێراق ئەمەیە کە ئەم وڵاتە بسێوی و نائاسایشتییە نێوخۆییەکانی سەرچاوەگرتوو لە ھێرشی تیرۆریستانی داعشی وەپشت سەر ناوەو چووەتە نێو قۆناغی بنیاتنانەوە. دیارە ئا لەم قۆناغەش دا یەکێک لە گرینگترین پێداویستییەکانی  عێراق، پەرە پێ دانی پەیوەندیی دوو قۆڵی بە تایبەت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ھاندانی ئەم وڵاتانە بۆ سەرمایە نانەوەی ئابووری لە عێراق دایە.

بێ گومان سەرمایەنانەوەی ئابووری و پەرە پێ دانی پەیوەندیی ئابووری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەرژەوەندییەکی زیاتری ھەم لە ڕووی ئابووری و ھەم لە ڕووی ئاسایشتییەوە بۆ وڵاتانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناڤین لەوانە عێراق بەدواوە دەبێت. ھاوپشتیی ئابووریی نێوان وڵاتانی ناوچەکە دەبێتە ھۆی ئەوەی کە بناغەی ئاسایشت ھەم لە ناوچەکەو ھەم لەو وڵاتانەدا پتەوتر بێتەوە.

 ھاوبەشیی ئاسایشتی و ئابووری نەک ھەر بۆ وڵاتی عێراق بەڵکو بۆ وڵاتانی دیکەی ڕۆژھەڵاتی ناڤین وەک جۆرە پێویستییەک دێتە ئەژمار کە ھەڵبەت ئەم پێویستییە لە بەر ئەو کاولییانەی کە لە بەر شاڵاوی تیرۆریستانی داعش بەدی ھاتووە لە وڵاتێکی وەک عێراق زیاتر ھەستی پێ دەکرێت. ئا لەم ڕوەوە بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق  وێڕای ئەوەی کە ھەتا ئێستا سەردانی وڵاتانی دەوڵەمەندو خاوەن سەرمایەی کردووە، پەرە پێ دانی پەیوەندی لەگەڵ ئەم وڵاتانەشی وەک ئامانجێکی سەرەکیی گەشتەکەی پێ و شوێن دەگرێت. بابەتێک کە لە بەیاننامەکەی نووسینگەی سەرۆک کۆمارەتیی عێراق لە بارەی گەشتەکەی بەرھەم ساڵح بۆ قەتەریش جەختی لە سەر کراوە.

لەو بەیاننامەیەدا ھاتووە: بەرھەم ساڵح لەم گەشتەی دا لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای قەتەر بە مەبەستی پەرە پێ دانی پەیوەندیی برایانە لە نێوان دوو وڵاتی دۆست و ھاوڕێ دیدارو وتووێژ دەکات.

 

 

سەرپەیڤ