ته‌مووز 05, 2019 15:53 Asia/Tehran
  • دەست گرتن بە سەر نەوتبەرێکی ئێرانی- یاریی بریتانیا لە زەویی ئەمریکادا

ھێزی دەریایی بریتانیا لە گەرووی جەبەل تاریق نەوتبەرێکی ئێرانی کە گوایە نەوتی بۆ سووریا بردووە، ڕاگرت.

سەرچاوەکانی بریتانی ڕۆژی پێنج شەممە بانگەشەی ئەوەیان کرد کە نەوتبەرەکەی ئێران ھەم بایکۆتەکانی ئەمریکاو ھەم بایکۆتەکانی یەکێتیی ئەورووپا دژی سووریای کە لە ساڵی ٢٠١١ دانراوە، پێشێل کردووە.

جیا لەوەی کە نەوتبەرەکەی ئێران بە ئاراستەیەکی دروست و بە پێی یاسای دەریایی بە ڕێگادا بووە، ئەو ھەنگاوەی ھێزی دەریایی بریتانیا لەمەڕ ڕاگرتنی ئەم نەوتبەرە وەک دزی و یان جەردەیی دەریایی لێک دەدرێتەوە.

بێ گومان کردەوەی سەرەڕۆیانەی ھێزی دەریایی بریتانیا لەمەڕ دەست گرتن بە سەر نەوتبەرەکەی ئێران کە بە خواستی دەوڵەتی ئەمریکا ئەنجامی گرتووە، ھەنگاوێکی مەترسیدار دەکات بە باو.

دیارە بەردەوام کرانی وەھا سیایەتێکی تێکەڵ بە کرداری ملھوڕانەو نایاسایی لە ئاوە نێونەتەوەییەکاندا تەنیا لێکدانەوەی جەردەی دەریایی بۆ ناکرێت و دەشێ بوترێت کە لە ئاستی ڕۆڵگێڕە فەرمییەکاندا وڵاتێکی وەک بریتانیاش ڕووی لە کاری جەردەیی کردووە.

«عەبباس موسەوی» وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەوی ھەینی وێڕای ئاماژە کردن بە بانگ کردنی باڵوێزی بەریتانیا لە تاران بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ دەست گرتن بە سەر نەوتبەرەکەی ئێران لە گەرووی "جەبەل تاریق" لە لایەن هێزی دەریایی بەریتانیاوە وتی: دەست گرتن بە سەر ئەو نەوتبەرەی ئێراندا نایاسایی و ئاڵۆزی سازکەرو لە ڕاستی دا ھەنگاوێکی ناباوی مەترسیدارە.

داسەپاندنی بایکۆتی واوەناوچەیی، ھەنگاوێکی نایاساییە کە ئەمریکا لە بەرامبەر ئێراندا کردوویەتی و دەست گرتن بە سەر نەوتبەرەکەی ئێران لە گەرووی "جەبەل تاریق" یش دەربڕی ملکەچ بوونی بریتانیا لە ھەمبەر وەھا سیاسەتێکی تێکدەرانەیە.

ئەمریکا دوابەدوای کشانەوەی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام لە ھەشتەمی مانگی مای ساڵی  ٢٠١٨ ، بایکۆتە ناڤۆکی و بەدەر لە ناڤۆکییەکانی دژی ئێران گەڕاندەوەو وێڕای ھەڕەشە کردن لە وڵاتانی دیکەش، ھەوڵی پێمل کردنیان بۆ ڕاپەڕاندنی ئەو بایکۆتانە دەدات.

ھەنگاوەکەی بریتانیا لە مەڕ پشتڕاست کردنەوەی ئەو بایکۆتە واوەناوچاییانەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە بەرلەمە یەکێتیی ئەورووپا بەردەوام دژایەتیی لەگەڵدا کردووە. ئەمەش لە ھەل و مەڕجێکدایە کە پشتڕاست کردنەوەی ھەنگاوی تێکدەرانەو یەلایەنە ھیچ یارمەتییەکی سەروەریی یاسا لە ئاستی جیھانی دا نادات و بەس دەبێتە ھۆی پەرە سەندنی ئاڵۆزییەکانی ئێستا.

دەست گرتن بە سەر نەوتبەرەکەی ئێران لە گەرووی "جەبەل تاریق" لە لایەن هێزی دەریایی بەریتانیاو پشتگریی دەوڵەتی لەندەن لەم جەردەییە دەریاییە جارێکی تر ئەوە دەدرەخات کە ئەورووپا لە بەرامبەر ئێران دەستەوەستانە و ناتوانێ بەشێوەیەکی سەربەخۆ بڕیار بدات.

جیا لەمە، تێکدانی ڕەوتی بازرگانیی نەوتی ئێران قەت لەگەڵ سیاسەتە ڕاگەیەندراوەکەی ئەورووپییەکان سەبارەت بە دەستەبەر کردنی سەرەتییە ئابوورییەکانی ئێران کە لە ڕێککەوتنی بەرجام دا ئاماژەی پێ کراوە یەک ناگرێتەوە.

بە پێی بڕگەکانی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام، ئێران دەبێ بەبێ گرفت بتوانێ نەوتی خۆی بفرۆشێت و پارەکەشی بھێنێتە نێو ئێرانەوە. دیارە دەستەبەر کردنی ئاوا گەڕێکە کە چەمک و واتا بە میکانیزمی تایبەتی سات و سەوداو بازرگانیی ئەورووپا لەگەڵ ئێران ناسراو بە« ئینیتێکس» دەبەخشێت.

بریتانیا، فەرەنساو ئاڵمانیا دوای کشانەوە نایاساییەکەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام لە ھەشتەمی مای ٢٠١٨ بەڵێنی ئەوەیان دا کە بە پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئێران ئەو ڕێککەوتنە ڕابگرن و نەھێڵن ھەڵوەشێتەوە، ئینجا بۆ ئەم مەبەستەش باسی میکانیزمی تایبەتی سات و سەوداو بازرگانیی ئەورووپا لەگەڵ ئێران ناسراو بە« ئینیتێکس»یان ھێنایە ئاراوە، کەچی لەم بوارەش دا سەرباری ڕاوەستانی سەرزارەکی و سیاسییان لە بەرامبەر ھەنگاوەکانی ئەمریکا لە ڕووی ڕاپەڕاندنی ئەو بەڵێنانەی کە بۆ پاراستنی ئەم ڕێککەوتنە دابوویان، ھەتا ئێستا ھیچ سەرکەوتنێکی ئەوتۆیان بەدەست نەھێناوەو ھیچیان پێ نەکراوە.

ھەر بەوجۆرەی کە «حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی کۆڕی دەوڵەت پێ داگرت، ئینستێکس  تەنیا کردەوەیەکی نومایشی و نێوپوچەڵە کە بە کاری ھیچ نایەت و لەم ڕووەوە دەبێ گەڕانەوەی پارەی فرۆشتنی نەوت لە لایەن ئەورووپییەکانەوە دەستەبەر بکرێت.

لەم ڕۆژانەدا کە ئەورووپا لە ژێر سێبەری میکانیزمی تایبەتی سات و سەوداو بازرگانیی ئەورووپا واتە«ئینیتێکس»دا خەریکی حەسانەوەیەو خۆی وتەنی پشتگریی لە ڕێککەوتنی بەرجام دەکات، ئەو ھەنگاوە نایاساییەی بریتانیا لەمەڕ دەست گرتن بە سەر نەوتبەرەکەی ئێران کە بە ئاراستەیەکی دروست و بە پێی یاسای دەریایی بە ڕێگادا بووە ، چەمک و واتایەکی دیکەی لێ دەکەوێتەوە.

سەرپەیڤ