تشرینی یه‌که‌م 25, 2019 14:33 Asia/Tehran
  • ئایا ھەنگاوی چوارەمی ئێران ھەڵدەگیردرێت؟

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی لە سەروبەندی کۆتایی ھاتنی مۆڵەتی ٦٠ ڕۆژەی ھەنگاوی سێھەمی ئێران، وشداریی دایە ئەورووپا کە ئەگەر بەرژەوەندییەکانی ئێران لە بەرجام دابین نەکرێت، ھەنگاوی چوارەم ھەڵدەگیردرێت.

«سەیید عەبباس عەراقچی» جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی ، ڕۆژی پێنج شەممە لە مۆسکۆ لە پاش ڕاوێژی لەگەڵ «سێرگێئی ڕیابکۆف» جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، وێڕای ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی یەک لایەنەی ئەمریکاو لێنەھاتوویی ئەورووپا لە ڕاپەڕاندنی بەڵێنەکانی لەپاش کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام پێی داگرت: ئەگەر خواستی ئێران وەدی نەیەت، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێی بڕگەی ٣٦ی ڕێککەوتنەکە کەم کردنەوەی بەڵێنە بەرجامییەکانی بەردەوام دەکات.

ئێران ھاوکات لەگەڵ تێپەڕینی ساڵێک بە سەر کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام لە ھەشتەمی مانگی مای  ٢٠١٨ و لەپاش ئەوەی کە ئەورووپا نەیتوانی بەبێ ئەمریکا بەرژەوەندییەکانی ئێران دابین بکات، بەرەبەرەو بە مەودای ھەردوو مانگ ھەنگاوگەلێکی لە ئاراستەی کەم کردنەوەی بەڵێنە بەرجامییەکانی ھەڵگرتووە.

ئێران بە گەڕانەوە بۆ بڕگەکانی ٢٦ و ٣٦ی ڕێککەوتنی بەرجام ھەنگاوی  کەم کردنەوەی بەڵێنە بەرجامییەکانی دەست پێ کردو ھەتا ئێستا سێ ھەنگاوی لەم ئاراستەیەدا ھەڵگرتووە.

ھەنگاوی سێھەمی ئێران شەشەمی سپتامبەر ھەڵگیراو لەم چوارچێوەیەدا تەواوی بەرتەسکییەکان لەمەڕ توێژینەوەو پەرە پێ دانی ناڤۆکی وەلا نراون. لە ئێستادا ھەنگاوی سێھەم ڕۆژانی کۆتایی خۆی تێپەڕ دەکات و شەشەمی نوامبەری ٢٠١٩ کاتی ھەڵگرتنی ھەنگاوی چوارەمی ئێرانە.

سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بارەی کەم کردنەوەی بەڵێنە بەرجامییەکانی ئەوەی دەرخست کە تاران ھیچ گومانێکی لە پراکتیزە کردنی بڕیارەکانی نییەو ئەگەر ھەتا چەند ڕۆژی داھاتووش لایەنەکانی دیکەی بەرجام ھەنگاوێکی کردەیی ھەڵنەگرن، ئەوسا ھەنگاوی چوارەمی ئێران کە لە قۆناغی تاوتوێ کراندایە ، دەچێتە واری جێبەجێ کردنەوە.

ھەرلەم پەیوەندییەدا «سەیید عەبباس موسەوی» وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران ڕۆژی دوشەممەی ڕابردوو لە پرێس کۆنفرانسی حەوتانەی خۆی دا لەگەڵ هەواڵنێرانی ناوخۆیی وبیانی ڕایگەیاند:هەنگاوی چوارەم گەڵاڵە ڕێژی کراوە و خەریکی تاوتوێی ھێندێک بابەتین کە ھەڵبەت ھیوادارین کار نەگاتە جێبەجێ کردنی هەنگاوی چوارەم و بەڵێنەکانی ئەورووپا جێبەجێ بکرێت.

ئەگەرچی ئێران ھاوتەریب لەگەڵ ڕاپەڕاندنی بڕیارەکانی بۆ کەم کردنەوەی بەڵێنە بەرجامییەکان دەرفەتی بە دیپلۆماسیش داوە ھەتا قەیرانی ئێستای بەرجام چارەسەر بکرێت،بەڵام تائێستا لە بەر کاریگەری وەرگرتنی ئەورووپییەکان لە ئەمریکا ھیچ بەڵێنێک لە لایەن ئەوانەوە جێبەجێ نەکراوە. دیارە لەگەڵ بەردەوام کرانی ئەم ڕەوتەی ئەورووپا، ڕێگای دیپلۆماسیش ھیچ یارمەتییەکی دەرباز بوون لەم چەقبەستووییە نادات و ئاوا ھەل و مەرجێکدا لە کردەوەدا لەوە ئەچێ کە ئەورووپییەکان لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ئاستی ئێراندا بووبن بە ھاوتەریب.

گومان لەوەدا نییە کە مانەوەی ڕێککەوتنی بەرجام بەس لە گرێوی ھەوڵی ڕاستبێژانەی ئەورووپیەکان و سەربەخۆ بوونیان لە کردەوەدایەو دەبێ بە دەر لە بازنەی خواستی ئەمریکا ئەو ڕێککەوتنەی کە دەرھاویشتەی دیپلۆماسییەکی جیھانییە لە فەوتان بپارێزن و ڕایگرن.

دیارە لەم ئاراستەیەش دا تەنیا پشتگریی سیاسیی ئەورووپییەکان لە ڕێککەوتنەکە بەس نییەو ھیچ یارمەتییەکی ئەم ڕەوشتەی ئێستا نادات و تەنیا ھەنگاوی پراکتیکی و کردەیی لایەنی ئەورووپییە کە ئێران ڕەزامەند دەکات بە ھەڵنەگرتنی ھەنگاوی چوارەم ، ئەگینا ھەتا ١٢ ڕۆژی دیکە «حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وردیاتی ئەم ھەنگاوە تازەیە ڕادەگەیەنێت.

سەرپەیڤ