تشرینی دووه‌م 01, 2019 15:37 Asia/Tehran
  • جەختی بەشار ئەسەد لە سەر پارێزرانی سەروەریی خاکی سووریا

بەشارئەسەد سەرۆک کۆماری سووریا لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵە سوورییەکان، وێڕای وشداری دان بە تورکیا، ڕەخنەی لە ئەمریکا گرت و باسی بوژاندنەوەی داعشی کرد لە لایەن واشێنگتۆنەوەو سەر پارێزرانی سەروەریی خاکی سووریا پێی داگرت.

تورکیا بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکا لە ڕۆژی ١٧ی ئۆکتۆبەردا ھەڵیکوتایە سەر باکووری سووریا کە ئەمەش حەوتەیەک بەربەردەوامی مایەوەو ئینجا بەشارئەسەد سەرۆک کۆماری سووریاش لەم بارەیەوە تیشکی خستووەتە سەر سێ خاڵ.

یەکەم ئەوەی کە ھێرشەکەی تورکیا بە سەرچاوەگرتوو لە ھۆگریی ئەو وڵاتە بۆ خەباتی دژی تیرۆریزم نەزانیوە، بەڵکو بۆ تەماحکارییەکانی تورکیاو خۆمەڵاس دانی بۆ خاکی سووریای گەڕاندووەتەوە.

دووھەم ئەوەی کە، تورکیای وەک نوێنەری ئەمریکا لە ناوچەکەدا ناساندووە. بە واتایەکی دیکە بەشار ئەسەد لەو باوەڕەدایە کە ئەمریکا مۆڵەتی بۆ ئەو ھێرشانەی تورکیا بۆ سەر سووریا دەرکردووەو دیارە ئەمەش دەبێ ببێتە ئامۆژگاری و ئەزمونێک بۆ ئەو لایەنە سووریانە بە تایبەت کورد کە چیدی پشت بە ئەمریکا نەبەستن.

سێھەم ئەوەی کە، بەشار ئەسەد وشداریی بە تورکیا داوە کە ئەگەر بێتو خاکی سووریا چۆڵ نەکات، ھیچ بژاردەیەک بێجگە لە شەڕوپێکدادان نامێنێتەوە.

ئەسەد نەک ھەر جەختی لە سەر کشانەوەی ھێزەکانی تورکیا لە سووریا کردووە، بەڵکو وشداریی بە تیرۆریستانی سەر بە تورکیا لە پارێزگای ئیدلەبیش داوە کە ئەگەر ناڕۆن بۆ تورکیا یان دەبێ واز لە شەڕو بەگژداچوونەوەی دەستەڵاتی سووریا بھێنن و یان ئەوەی کە سوپای سووریا بۆ دەرپەڕاندنیان دێتە مەیدانەوە.

ئەم ھەڵوێستەی بەشارئەسەدی سەرۆک کۆماری سووریا وا دەردەخات کە حکومەتی سووریا وێڕای تێپەڕ کردنی قەیران و ئاڵۆزییەکانی، لە ئێستادا ھەل و مەرجێکی باشی لەمەڕ بەرەڤانی کردن لەخۆی بۆ ڕەخساوەو پارێزرانی سەروەریی خاکەکەی بە یەکەم ئەولەوییەتی خۆی دەزانێت.

بەشێکی دیکەی وتەکانی بەشارئەسەدی سەرۆک کۆماری سووریا ھاوپەیوەندە بە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە بارەی سووریاوە. لە قسەکانی ناوبراو لەم پەیوەندییەش دا دەشێ ئاماژە بۆ چوار خاڵی گرینگ بکرێت.

یەکەم ئەوەی کە، لە ڕوانگەی بەشارئەسەدی سەرۆک کۆماری سووریاوە ئۆپراسیۆنی دژی ئەبوبەکر بەغدادی و کوشتنی لە ڕاستی دا ئۆپراسیۆنی ھەڵخەڵەتاندن و چەواشەکاری بووە، چونکو ئەمریکا بە کوشتنی سەرکردەی تاقمی تیرۆریستی داعش ھەوڵی داوە ھەتا ئابڕووی لەکیس چووی خۆی لە خەباتی دژی تیرۆریزم دا ببووژێنێتەوە.

دووھەم ئەوەی کە، بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە بووژاندنەوەو یان پێکھێنانی دووبارەی تاقمگەلێکی وەک داعش دایە. بەم پێیە بەشارئەسەدی سەرۆک کۆماری سووریا لەو باوەڕەدایە کە شیمانەی پێکھێنانەوەی داعش و قوت کردنەوەی ھێندێک ئەبوبەکر بەغدادیی دیکە لە ئاردایە.

سێھەم ئەوەی کە، بانگەشەی ئەمریکا لە بارەی ھاوبەشیی سووریا لە ئۆپراسیۆنی کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی ساختەکارییە، چونکو متمانە نەکردنی دیمەشق بە واشێنگتۆن ڕێگرە لە بەردەم ھەرچەشنە ھاوکارییەکی نێوان دوو وڵات لەوانە لە خەباتی دژی تیرۆریزم.

سەرۆک کۆماری سووریا لەم بارەیەشەوە جەختی کردووە کە، سووریا ھیچ پەیوەندییەکی بەو ئۆپراسیۆنەوە نەبووەو ھیچ ھاوکارییەکی لە گەڵ ھیچ دامەزراوەیەکی ئەمریکی دا نەکردووەو ناشیکات.

چوارەم ئەوەی کە، ئەمریکا لە سووریادا بە نیازی خەباتی دژی تیرۆریزم نییە، بەڵکو بە دووی نەوت دایە. ئا لەم ڕووەوە سەرۆک کۆماری سووریا بە لاقرتییەوە «داناڵد ترەمپ»ی وەک باشترین سەرۆک کۆماری ئەمریکا ناوزەد کردو وتی: ترەمپ باشترین سەرۆک کۆماری ئەمریکایە، لە بەر ئەوەی کە زیاترین زۆڵاڵییەتی لەنێو سەرۆک کۆمارانی دیکە ئەمریکادا ھەیەو دەڵێ ئێمە بە دووی نەوتی سووریاوەین و ئەمەش ھەمان ڕاستییەکانی سیاسەتی ئەمریکایە.

سەرپەیڤ