تشرینی دووه‌م 06, 2019 10:12 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی جیهانی بە ڕاگەیێندرانی هەنگاوی چوارەمی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران

هەنگاوی چوارەمی ئێران لەمەڕ کەمکردنی ئاستی بەڵێنیەکان هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەرەوڕووی کاردانەوەی بەرفراوانی جیهانیی بووە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی مێهر، ڕاگەیێندرانی هەندێ بڕگەی هاوپێوەند بە هەنگاوی چواری ئێران لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بەرەوڕووی کاردانەوەی بەرفراوانی جیهانی بووە لەلایەن ژمارێک وڵاتی ئوروپایی و نائوروپاییەوە.

لەکاردانەوە بە ڕاگەیێندرانی ئیرادەی ئێران بۆ جێ بەجێ کردنی هەنگاوی چواری کەمکردنی وادەکانی هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ناڤۆکی، یەکێتی ئوروپا بەدەربڕینی نیگەرانی لە بڕیاری نوێی ناڤۆکیی ئێران ، ئیدیعای کرد کە ئەو بڕیارە ڕێککەوتنی ناڤۆکی دەخاتە مەترسی. یەکێتی ئوروپا بێ ئاماژە بە پەیمان شکێنی لایەنە ئوروپاییەکان، نیگەرانی دەربڕی لەمەڕ هەنگاوی نوێی ئێران بۆ کەمکردنی وادەکانی هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و داوای لەتاران کرد بگەڕێتەوە سەر ڕەوتی پێبەندبوون بەو ڕێککەوتنە.

هەرلەوبارەشەوە، مایا کوتسیانچیچ، وتەبێژی کۆمیسیۆنی ئوروپا، لە پرێس کۆنفرانسێکدا لەبارەی هەنگاوەکەی ئێران وتی کە ئەو ڕێککەوتنە، "پەیوەندیی هەیە بەئاسایشی ئێمەو ڕێککەوتنێک نییە کە تەنیا بۆ ئاسایشی ناوچەو ئوروپا گرینگ بێ، بەڵکوو بۆ ئاسایشی گشت جیهانە".

"نیکۆلاس دندیاس" وەزیری دەرەوەی یونانیش لە دیداری باڵوێزی ئێران لە ئاتێن جەختی کرد لەسەر داکۆکیی حکومەتی یونان لە پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی.

وەزیری دەرەوەی یونان لە دیدار لەگەڵ "ئەحمەد نادری" باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە یونان، ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە ڕێککەوتنێکی گرینگ زانی و وتی: یونان لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەندامی یەکێتی ئوروپا لەو ڕێککەوتنە جیهانییە کە بەقازانجی هەمووانە، داکۆکی دەکا.

وەزارەتی دەرەوەی فەڕانسەش لە کاردانەوە بە ڕاگەیێندرانی فەرمیی هەنگاو و هەوڵە نوێ ناڤۆکییەکان لە ئێران، تارانی تۆمەتبار کرد بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ناڤۆکی.

فەڕانسە لەبارەی خرانەگەڕی زنجیرە سەنتریفیوژەکانی بەرەی شەشەم لەلایەن ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران کە رۆژی ڕابردوو بەفەرمیی لەلایەن سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێرانەوە ڕاگەیێندرا، داوای لەتاران کردووە بەبڕیارەکەیدا بچێتەوە.

فەڕانسە لەهەمان کاتدا ڕایگەیاندووە، چاوەڕوانی ڕاپۆری فەرمیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەبێ لەپەیوەندی لەگەڵ هەنگاوە ناڤۆکییەکانی ئێراندا.

حکومەتی ئاڵمانیش کاردانەوەی بەڕاگەیاندنی هەنگاوی چوارەمی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران داو هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئاڵمان کە بۆ سەردانێکی دیپلۆماتیک لە بوداپستی پایتەختی هەنگاریایە، رۆژی سێ شەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ هاوتا هەنگارییەکەی خۆی وتی؛ ئەو بڕیارەی تاران ڕێککەوتنی ناڤۆکی دەخاتەمەترسی و ئێران دەبێ بگەڕێتەوە سەر ڕەوتی جێ بەجێ کردنی وادەکانی لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی ناڤۆکیدا.

ماس سەبارەت بە ڕاگەیێندرانی خرانەگەڕی سەنتریفیوژە نوێکان لەئێران ئیدیعای کرد: ئێران سەنتریفیوژی زۆر پێشکەوتەی چێکردووە  کە ئەو کارە لەدژ بڕگەکانی ڕێککەوتنی ناڤۆکییە.

سێرگئی ڕیابکۆف یاریدەری وەزیری دەرەوەی ڕووسیاش کاردانەوەی پێشاندا بە هەنگاوی چوارەمی ئێران لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی.

ناوبراو وتی: کەمکرانی وادەکانی ئێران ئەنجامی مەنتقیی قەتیسماویی لەچارەسەریی کێشەکانی هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ئەتۆمییە. ئێمە هەنگاوی نوێی لایەنی ئێرانی بۆ کەمکردنی وادەو بەڵێنیەکانی ئەو وڵاتە بە شوێنهاتی مەنتقیی قەتیسمان لە چارەسەریی پرسەکانی هاوپێوەند بە پاوەجێی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و دابین کردنی ئەنجامە ئابوریەکانی جێ بەجێ کرانی ئەو مامەڵە دەزانین کە ئێران هیوای پێ بوو. سەرۆک وەزیرانی رژیمی زایۆنی دوێشەو(سێ شەممە) جارێکی دیکە تۆمەت و ئیدیعای پڕووپووچی خۆی لەدژ کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دووپات کردەوە.

بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی رژیمی زایۆنیش لەکاردانەوە بەبڕیاری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هەڵگرتنی چوارەمین هەنگاو بۆ کەمکردنی وادەکانی هاوپێوەند بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئیدیعای کرد، ئێران لەهەوڵی دروست کردنی چەکی ئەتۆمی دایە.

ئەو لێدوانە گەمژانەی نەتانیاهۆ لەکاتێکدایە کە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی تائێستا لە شانزە ڕاپۆردا پێبەندبوونی ئێران بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی وئاشتیانەبوونی چالاکیی ناڤۆکیی ئێرانی ڕاگەیاندووە.

هەروەها دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا رۆژی سێ شەممە کاردانەوەی پێشاندا بە هەنگاوی چوارەمی ئێران بەپێی بڕگەکانی٢٦و٣٦ی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ساڵی٢٠١٥ی زایینی.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە کۆشکی سپی لە وەڵامدانەوە بە پرسیاری پەیامنێرێک لەوبارەوە بێ ئاماژە بە پێشێلکرانی بڕیارنامەی٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان لەلایەن ناوبراوەوە لە هەشتی مای ٢٠١٨ی زایینی وتی: ئێمە خەریکی تاووتوێی ئەو بابەتەین. چاوەڕوانین ئاخۆ چ ڕوودەدا.

هەروەها وتەبێژێکی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ ڕەخنەگرتن لە هەوڵی ئێران بۆ خستنەگەڕی ئامێرە پێشکەوتەکان بە مەبەستی خێراکردنی ڕەوتی پیتاندنی یۆرانیۆم وتوویەتی؛ ئەنتۆنیۆ گۆترێش سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان هەر هەوڵدانێک کە ببێتە مایەی دوورکەوتنەوەی لایەنەکان لەو ڕێککەوتنە، بەجێی داخ و مایەی نیگەرانی دەزانێ.