ئاب 10, 2018 11:50 Asia/Tehran
  • زۆر بوونی هەژماری کوژراوانی پەلاماری دەسدرێژکارانی سەعوودی بۆ سەر سەعدەی یەمەن

ڕێژە و ئاماری کوژراوانی پەلاماری ئاسمانیی هێزەکانی هاوپەیمانیی سەعوودی بە سەرکردایەتیی عەرەبستان بۆ سەر پاسێکی هەڵگری منداڵانی یەمەنی لە شاری "زەحیان"ی پارێزگای سەعدە گەیشتە ٥٠ کەس.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، وەزارەتی تەندرووستیی یەمەن شەوی ڕابردوو ڕایگەیاند: پەلاماری فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانیی سەعوودی بۆ سەر پاسی هەڵگری منداڵانی یەمەنی ٧٧ برینداری لێکەوتەوە.

"محەممەد عەبدوسەلام" وتەبێژی بزووتنەوەی ئەنساروڵلا لە کاردانەوە بە جەنایەتی نوێی عەرەبستان و هاوپەیمانەکانی لە یەمەن وتی: دەسدرێژکاران بە پاسا دانەوەی ئەو جەنایەتانە، ئەوپەڕی ڕەزیلی و ناجوامێریی خۆیان نیشان دا.

نووسینگەی سیاسیی ئەنساروڵلای یەمەنیش بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ئەو پەلامارەی بە توندی ئیدانە کرد.

بزووتنەوەی حیزبوڵلای لوبنانیش قەڵاچۆ کرانی شاروومەندانی ئاسایی یەمەن بە دەستی دەسدرێژکارانی سەعوودیی  بە توندی ئیدانە کرد و لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند؛ دەسدرێژکارانی سەعوودی ئەمریکایی بۆ شاردنەوەی شکست و ناکامیی سەربازیی خۆیان لە یەمەن، ڕوویان کردۆتە کوشتنی خەڵکی مەدەنی.

"بەهرام قاسمی" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش جەنایەتەکانی ڕۆژی پێنجشەممەی دەسدرێژکارانی سەعوودی لەمەڕ پەلاماردانی پاسی هەڵگری منداڵانی خوێندکاری یەمەنی لە شاری "زیحان"ی پارێزگای سەعدە کە بووە هۆی کوژران و  بریندار بوونی دەیان منداڵی بێ تاوان، بە توندی ئیدانە کرد.

عەرەبستان بە داکۆکیی ئەمریکا ، ئیمارات و چەن وڵاتی دیکە لە مارسی ٢٠١٥ـەوە بە پەلاماری سەربازی بۆ سەر یەمەن ، گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانیی ئەم وڵاتەی داوە . ئەم دەسدرێژییە سەربازییە تا ئێستا بۆتە هۆی کوژرانی پتر لە  چواردە هەزار کەس، بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارە بوونی بە ملوێنان یەمەنی دیکە  و هەروەها تیاچوونی زۆربەی ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە.

دەسدرێژیی سەربازیی عەرەبستان هەروەها وڵاتی هەژار و دەسکورتی یەمەنی بەرەوڕووی کەمبوونی نالەباری خۆراک و دەرمان کردۆتەوە و بۆتە هۆی پەرە سەندنی زۆر نەخۆشی و پەتایەکی نالەبار لەم وڵاتەدا.

بە پێی ڕێژە و ئاماری سنووقی رزگار کردنی منداڵان زیاتر لە ٢٢ ملوێن کەس واتە نزیکەی سێ لە چواری خەڵکی یەمەن پێویستیان بە یارمەتی هەیە کە نیوەیان منداڵن.

سەرپەیڤ