ئاب 10, 2018 14:03 Asia/Tehran
  • شەهید بوونی چوار فەلەستینی  و بریندار بوونی زیاتر لە ٤٠ کەسی دیکە لە بۆردومانەکانی غەززە

وەزارەتی تەندرووستیی فەلەستین لە غەززە لە بەیاننامەیەکدا ڕێژە و ژمارەی شەهیدان و بریندارانی پەلامارە بێ وچانەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر کەرتی غەززە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردووی بە چوار شەهید و ٤٠ بریندار راگەیاند.

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی ڕاگەیاندنی فەلەستین؛ وەزارەتی تەندرووستیی فەلەستین لەو بەیاننامەیەدا بە ئاماژە بە شەهید بوونی ئافرەتێکی دووگیانی فەلەستینی هاوڕێ لەگەڵ منداڵە ساواکەی لە پەلامارە بێبڕانەوەکانی سوپای زایۆنی بۆ سەر غەززە وتیشی: لە سەرجەم ئەو ٤٠ کەسەی کە بریندار بوونه، ١٨ کەسیان ئێوارەی پێنجشەممە بە هۆی بۆردومان کرانی ناوەندی کولتوریی "مەسحال" لە ئۆردوگای شاتی لە ڕۆژاوای شاری غەزە بریندار بوونەو بۆ چارەسەری گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شیفا.

هەروەها "حازم قاسم" وتەبێژی بزووتنەوەی حەماس شەوی ڕابردوو بە داخ و مەخابن دەربڕین بەرامبەر بەوەی کە ڕژێمی زایۆنی بە ئەنقەست ناوەندە کولتورییەکان لەوان ناوەندی کولتوریی "مەسحال" بۆردومان  و خاپوور دەکات رایگەیاند: ئامانج لەو کردەوە دڕندانەیە هەوڵدان بۆ زەبردان لە هەوڵەکانی میسرە لە پێناو دامەزراندنی ئاگربڕ لە کەرتی غەززە و پیشاندەری دوژمنایەتیی ئەم ڕژێمەیە لە گەڵ هەموو چین و توێژێکی ئۆمەتی عەرەبی.

ناوەندی کولتووریی مەسحال لە ڕۆژاوای شاری غەززە بە سەرمایەنانەوەی بازرگانێکی فەلەستینی بە ناوی "سەعدی مەسحال" لە بناغەدانەرانی بزووتنەوەی فەتح ڕۆنرابوو و چەندین هۆڵی کۆبوونەوە و کۆنفرانسی سیاسی  و کولتووریی و هەروەها کتێبخانە و سینەمای تیادابووە.

"یوسف عەلی غەندوور" یەکیک لە ئەندامانی گوردانەکانی "عزەدین قەسام" لقی سەربازیی بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین (حەماس)ـیش بە هۆی تەقێندرانی مووشەک لە فڕۆکە زایۆنییەکانەوە بەرەو ئۆتۆمبیلەکەی لە شارۆچکەی "بەیت لاهیا" لە باکووری کەرتی غەززە شەهید بوو.

سەرپەیڤ