ئه‌یلوول 14, 2018 19:23 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی باڵوێزی ئێران لە لاھە بەرامبەر بە وتەی سێناتۆرێکی ئەمریکی

باڵوێزو نوێنەری ئێران لە ڕێکخراوەی قەدەغەی چەک و چۆڵی کیمیایی لە شاری لاھەی ھۆڵەندا لە کاردانەوە بەرامبەر بە وتەی سێناتۆرێکی ئەمریکی وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران گەلێک جاران وریایی داوە سەبارەت بە پیلانی تۆمەتبارکردنی شاڵاوی کیمیایی لە لایەن دەوڵەتی سووریاوە .

سێناتۆر ڕیچارد بلەک سێناتۆری ئەمریکی لەم دواییەدا لە وتووێژێکدا ڕایگەیاند کە: دام و دەزگای ھەواڵگریی بریتانیا «ئێم ئای سیکس» بە تەمایە بە  ساختە کردنی شاڵاوێکی کیمیایی لە سووریا، پاڵی بدات بە دەوڵەتی سووریاوە.

ئەم سێناتۆرە ئەمریکییە وتووشیەتی: بڕێک لەو شاڵاوە کیمیاییانەش کە پێشتر لە سووریادا ڕوویان داوە کردەوەیەکی ساختە بوونە کەلە لایەن  بریتانییەکان و بە یارمەتیی ھێزگەلێکی خۆبژاری وەک تاقمەکانی ناسراو بە کڵاو سپییەکانەوە ئەنجامیان گرتووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی ھەینیی ھەواڵدەریی فازس، عەلیڕەزا جەھانگیری باڵوێزو نوێنەری ھەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوەی قەدەغەی چەک و چۆڵی کیمیایی لە شاری لاھەی ھۆڵەند لە ھەژماری توییتێڕەکەی دا لە کاردانەوەیەک د ا بەرامبەر بە وتەکانی ڕیچارد بلەک جەختی کرد: ئەو قسانە ھەڵوێستەکانی ئێران کە گەلێک جار لە ڕێکخراوەی قەدەغەی چەک و چۆڵی کیمیایی دەری بڕیون، پشتڕاست دەکاتەوە.

جەھانگیری وتووشیەتی: ئەگەر سەرنجی وتەگەلێکی وەک ئەو ڕادەربڕینانەی ڕیچارد بلەک درابایە، ئیدی خەڵکانی جیھان شایەتی چورتمگەلێکی وەک شەڕی عێراق نەدەبوون.

تاقمی ناسراو بە کڵاوسپییەکان لە مارسی ٢٠١٣ بە پشتیوانیی دراڤیی ئەمریکاو بریتانیا پێکھات. ناوەندی ئاشتیی ڕووسیا لە سووریا لەم دواییەدا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: ئەندامانی تاقمی ناسراو بە کڵاوسپییەکان لەگەڵ کەنەاڵە تەلەفزیۆنییە ئەمریکی و عەرەبییەکان لە فیلیم ھەڵگرتن لە دیمەنی ساختە کیمیاباران لە ئیدلەب بەشدارییان کردووە ھەتا ئەو شاڵاوانە بخرێتە ئەستۆی دەوڵەتی سووریا.

سەرەتاکانی ئاپریلی ئەمساڵیش تاقمە چەکدارو تیرۆریستەکان باسی ئەنجام گرتنی هێرشی کیمیایییان کرد لە شاری خان شەیخونی سوریا. دوای بڵاو بوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە میدیاکانی ڕۆژئاوا و عەرەبیی هاوتەریب لەگەڵ تیرۆریستان بە وەڕی خستنی هەراوهوریای پڕوپاگەندەیی ، هەوڵیان دا هەتا دەوڵەتی سووریا بە دەست هەبوون لەو هێرشە کیمیایەدا تۆمەتبار بکەن و ئەمەش بوختانێک بوو کە دەوڵەتی سووریا بە توندی ڕەتی کردەوەو پێی لە سەر ئامادە بوونی خۆی بە مەبەستی ئەنجام گرتنی لێکۆڵینەوەی بەربڵاو لەم پەیوەندیەدا داگرت. جێگای ئاماژەیە کە لە ڕووداوەکەی خان شەیخون دا لانیکەم شەست کەس گیانیان لە دەست دا.

زۆرێک لە کارناسان و شارەزایان بڕوایان وایە کە تۆمەتبار کردنی دەوڵەتی سووریا بە دەکارهێنانی چەکی شیمیایی لە ڕاستیدا هەوڵێکە بۆ بەلاڕێدا بردنی بیر و ڕای گشتی و بە پێچەوانە نیشان دانی راستییەکان هاوکات لەگەڵ سەرکەوتنەکانی ئەمدواییەی سوپای سووریا لە هەمبەر تیرۆریستاندا.