تشرینی یه‌که‌م 11, 2018 17:19 Asia/Tehran
  • مانگرتنی ئافرەتانی زیندانیی فەلەستینی چووە نێو سی و پێنجەمین ڕۆژی خۆیەوە

ئافرەتانی بەند کراوی فەلەستینی لە گرتووخانەی «شارۆن»ی فەلەستینی داگیر کراو، بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بە دامەزرانی کامێرای چاودێری، بۆ سی و پێنجەمین ڕۆژی بەردەوام لە بەندەکانیان نەھاتنە دەرەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، کۆڕی کاروباری دیلان و ئازادکراوانی فەلەستین ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند:ئافرەتانی بەند کراوی فەلەستینی لە گرتووخانەی «شارۆن» ئەوە بۆ سی و پێنج ڕۆژ دەڕوات کە بۆ ناڕەزامەندی دەربڕین بەرامبەر بە دامەزرانی کامێراکانی چاودێری نەچوونەتە نێو حەوشەی بەندیخانەکەوە، چونکو دامەزرانی ئەم کامێراگەلە جوڵانەوەی ڕۆژانەی بۆ سەخت کردوون و بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری تاکەکەسیی خۆیان لەگەڵ گرفت دا بەرەوڕوون.

کۆڕی کاروباری دیلان و ئازادکراوانی فەلەستین بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە ژمارەی ئافرەتانی فەلەستینیی نێو بەندیخانەی شارۆن دەگاتە ٣٤ کەس، ڕەوشتی دەروونی و ھەل و مەرجی ئافرەتە دیلە فەلەستینییەکانی بە دژوارو جێگای نیگەرانی لێک داوەتەوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ژمارەی ئافرەتە زیندانی کراوە فەلەستینییەکان لە نێو بەندەکاندا لە چاو پانتایی ئەو بەندانە گەلێک زۆرەو جاری وایە زیاتر لە ٨٠٠ کاژێر لەو بەندانەدا دەمێننەوە.

لەشکریانی ڕژێمی زایونی لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ەوە نەوەد ئافرەتی فەلەستینییان ڕاپێچ کردووەو لە منداڵەکانیان دایانبڕیون.

لە حاڵی ئێستادا نزیکەی ٦٥٠٠ دیلی فەلەستینی لە بەندیخانەکانی ڕژێمی زایونی دان کە لە نێوانیاندا ٥٨ ئافرەت و ٣٠٠ منداڵ و ٣٠٠ دیلی نەخۆش و ٥٠٠ گرتنی کاتی و یان ئیداری بەدی دەکرێت.

 

 

سەرپەیڤ