تشرینی دووه‌م 07, 2018 18:02 Asia/Tehran
  • شەش کەس لە بوردومانی ماڵێک لە یەمەن دا کوژران

فڕۆکە شەڕکەرەکانی سەعودی لە ماوی 24 کاژێری ڕابردوودا لە سەر بوردومان کردنی ئامانجە ناسەربازییەکان لە یەمەن دا بەردەوامن و لە دوا نمونەش دا ماڵێکیان بە سەر دانیشتووەکانی دا ڕووخاند.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس، لە بوردومانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی سەعودی لە شارستانی ( موستەبەء) لە پارێزگای حججەی ڕۆژئاوای یەمەن شەش کەس لە دانیشتووانی ماڵێک کوژران.

بە پێی نووسینی هەواڵدەریی فەرمیی یەمەن ( سەبەء نێت) لە بوردومانی گوندی ( عۆڕ) هەر لەم ناوچەیەش دا یەک کەس کوژراو چوار کەسی سڤیلیش بریندار بوون.

لە پارێزگای سەعدەی باکووری یەمەنیش لە ئەنجامی شاڵاوی تۆپخانەی سوپای سەعودی لە شارستانی حیدان سێ کەسی سڤیل کوژران و دوو منداڵیش بریندار بوون.

سەرچاوە خۆجێییەکان لە ناوچە سەر سنوورییەکانی حیدان و ڕازیح و منبەیش باسی شاڵاوی قورسی ئاسمانی و تۆپخانەیان کردووە. هەروەها لە ئەنجامی بوردومانی ئاسمانیی بازاڕی ئالی عەلی  لە شارستانی ڕازیخ چەندین دوکان کاول کراون.

عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە مارسی دووهەزاروپانزەوە شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە. ئەمە جیا لەوەی کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تەواوی خاپوور کراون و جەماوەری ئەم وڵاتە بەرەوڕووی دیاردەی دەگمەن و بەربڵاوی برسیەتی و نەخۆشیی بەربڵاو لەوانە کۆلێرا بوونەتەوە بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان. ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.

بە گوێرەی ڕاگەیاندنی  ئەم دامەزراوە نێونەتەوەییە، هێرشە ئاسمانییە بێ بڕانەوەکان و شەڕ لەم وڵاتەدا زەرەرو زیانێکی قورسی بەسەر جەماوەری یەمەن دا سەپاندووەو زەبرێکی قورسیشی لە ژێرخانە گشتی و تایبەتییەکانی  یەمەن وەشاندووە و  هاوکات ڕێگاشی لە گەییشتنی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە بەم وڵاتە گرتووە.

دەست درێژکاریی سەربازییانەی عەرەبستان ھەروەھا وڵاتی دەستکورتی یەمەنی بەرەوڕووی کەم بوونی خۆراک و داوو دەرمان کردووەتەوە.

ڕژێمی سەعودی و ھاوپەیمانەکانی ھەتاکوو ئێستا لەبەر بەرخۆدانی جەماوەری یەمەن نەیانتوانیوە بە ئامانجەکانیان لەم وڵاتەدا بگەن کە ھەمان بەدەستەڵات گەیاندنی دەستنیاکانی خۆیانە.