ژوماری شەهیدانی مافی گەڕانەوە گەیشتوەتە 232 کەس
وەزارەتی تەندوروستیی فەلەستین ڕایگەیاند: لە دەستپێکی خۆپیشاندانی مافی گەڕانەوە و هەڵوەشانەوەی گەمارۆی غەززە، تائێستا 232 شارومەندی فەلەستینی شەهید بوونە.
ڕێپێوانی ئاشتیانەی مافی گەڕانەوە لە سییەمی مانگی مارسی 2018 بە مەبەستی پێداگری کردن لەسەر مافی گەڕانەوەی ئاوارەکانی فەلەستینی و هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆی سەر کەرتی غەززە ، بە ئامادەبوونی شارومەندانی فەلەستینی لە کەرتی سەرسنووری ئەم ناوچەیە لەگەڵ ناوچە داگیرکراوەکان دەست پێکراوە و هەروا بەردەوامە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی پێنج شەممەی ناوەندی زانیاری گەیاندنی فەلەستین، بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندوروستی فەلەستین، لە دەستپێکی ئەم خۆپیشاندانانە لە مانگی مارسی ڕابردووەوە تائێستا واتە هەشتەمی نوامبەری 2018، دووسەت و سی و دوو فەلەستینی شەهید بوونە کە لەنێویان دا سی و چوار منداڵ، پێنج ئافرەت سێ هێزی فریاگوزاری و دوو پەیامنێریش بەرچاو دەکەون و هەروەها بیست و چوار هەزار کەسی دیکەش لەم خۆپیشاندانە بریندار بوونە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ڕژێمی زایۆنیستی تەرمی یازدە شەهیدی فەلەستینی لەم خۆپیشاندانەی ڕاگرتووە و ڕادەستی بنەماڵەکانیانی ناکات .
تاوانکاری دڕندانەی ئیسرائیل بە پێی داکۆکی هەمەلایەنەی ئەمریکا وناشیاوەتی دامەزراوەکانی نێودەوڵەتی، بەتایبەت ڕێکخراوی نەتەوەکان و وڵاتانی بانگەشەکەری مافی مرۆڤ و خەیانەتی هەندێ وڵاتی عەرەبی لە ئاسایی کردنی پێوەندی لەگەڵ ڕژێمی زایۆنی ، توندتر بووەتەوە.