ڕێککەوتنی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا و هاوپەیمانیی سەعوودی لەبارەی گۆڕینەوەی دیل و یەخسیران
سەرچاوە یەمەنییەکان ڕایانگەیاند، ڕێککەوتننامەی گۆڕینەوەی یەخسیران لەنێوان بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا وهاوپەیمانی سەعودیا لەژێر چاودێریی ڕێکخراوی نەتەوەکان مۆر کرا.
بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران بەگێڕانەوە لە سەرچاوە یەمەنییەکان، ڕێککەوتننامەی گۆڕینەوەی یەخسیران رۆژی دووشەممە بەئامادەبوونی نوێنەرانی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا لەلایەکەوە لەگەڵ نوێنەرانی حکومەت(لەکارکشاوەی یەمەن) و هاوپەیمانیی سەعوودی-ئیماراتی لەلایەکی دیکەوە مۆرکراوە.
ئەو ڕێککەوتنە، هەموو کەسانی گیراو و دیلکراوی یەمەنی سەر بەوڵاتانی هاوپەیمانیی سەعوودی-ئیماراتی لەخۆ دەگرێ.
خاچی سور دەوری ناوبژیوان لەو ئاڵووێرە دەبینێ.
عەرەبستان بەپاڵپشتیی ئەمریکا، ئیمارات و چەند وڵاتی دیکە لە سێ ساڵی ڕابردوودا بەهێرش بۆسەر یەمەن، ئەو وڵاتەی لەزەوی، دەریاو ئاسمان گەمارۆ داوە.
ئەو پەلامارە تائێستا کوژرانی زیاتر لە ١٤هەزار کەس، برینداربوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارەبوونی بەملوێنان یەمەنی لێکەوتووەتەوە.