33 بریندار لە 37 مین هەینی رێپێوانی مافی گەڕانەوە
وەزاڕەتی تەندروستیی فەلەستین شەوی رابردوو باسی برینداربوونی 33 فەلەستینی کرد لە 37 مین رێپێوانی گەورەی مافی گەڕانەوە لە کەرتی غەززە .
بە پێی راپۆرتی ئەلعالەم ، رێپێوانی مافی گەڕانەوە رۆژی هەینی لە ژێر ناوی ئینتفازەی گەورەی بەرد بەڕێوەچوو .
رێپیوانی ئاشتیانەی مافی گەڕانەوە لە سی مارسی رابردووە بە بۆنەی رۆژی زەوی لە کەرتی غەززە دەست پێبووە و هەروا درێژەی هەیە .
لە سی مارسەوە هەتا ئێستا، زیاتر لە 247فەلەستینی لەو ڕێپێوانەدا بەزەبری گولـلەی چەکدارانی ئیسرائیلی شەهیدو زیاتر لە 25 هەزار کەسیش بریندار بوون.
زۆرێ لە وڵاتان لەوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەروەها ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان تائێستا، ئەو تاوانکارییانەی زایۆنییەکانیان شەرمەزار کردووە.
ڕێپێوانی فەلەستینیان لە ساڵوەگەڕی ڕۆژی زەوی بیرخەرەوەی بڕیاری ڕژیمی زایۆنییە لەمەڕ داگیرکردنی خاک و سەرزەوینی فەلەستینیان لە سی مارسی ١٩٧٦ کە هەموو ساڵێک ئەو بۆنە، بەڕێوە دەچێ.
رژیمی ئیسرائیل بە داگیرکردنی سەرزەوین و خاکی فەلەستینیان و دروست کردنی شارۆچکە زایۆنی نشینەکان تێیاندا، لەهەوڵی گۆڕینی داڕشتی جوگرافیایی ناوچە فەلەستینییەکان و سیمایەکی زایۆنی دان بەو ناوچانەیە هەتا زاڵێتی خوازییەکانی لەناوچە فەلەستینیەکان بچەسپێنێ.