کانونی یه‌که‌م 08, 2018 16:58 Asia/Tehran
  • ڕێککەوتن لەسەر پێنج بابەتی سەرەکی لە دانوستانەکانی یەمەن لە سۆئێد

وتەبێژی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن لە دانوستانەکانی "ستۆکهۆڵم"ی سۆئێد، وتی: لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کرا کە دانوستانەکان لەسەر پێنج تەوەری سەرەکی چڕبکرێتەوە.

بەپێی ڕاپۆری ئەمڕۆ شەممەی ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ وتەلەفزیۆنی ئێران بەقسەی "عەبدولمەلک ئەلعجری" ڕێککەوتنەکە ، تەوەری سیاسی، فڕۆکەخانەی سەنعا، هەوڵ و شێوازە ئابورییەکان و یارمەتی و فریاگوزاریی مرۆیانەو هەروەها دیلەکان لەخۆ دەگرێ.

عەبدولمەلک ئەلعجری بەئاماژە بە هۆگریی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن بۆ چارەسەریی گشتیی دۆسییەی بەندکراوان و بەدیلگیراوان، ڕەزامەندیی دوولایەنی ڕاگەیاند لەمەڕ گۆڕینی پێڕستی دیلکراوانی هەردووک لا.

هەروەها "عەبدولقادر مورتەزا" ئەندامێکی دیکەی شاندی سەنعا لە دیمانە لەگەڵ کەناڵی ئەلمەیادین بەئاماژە بە تاووتوێی پرسە کارگێڕییەکانی گرێبەستی ئاڵووێری بەدیلگیراوان لەگەڵ شاندی ڕێکخراوی نەتەوەکان، وتی: لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوەکان و خاچی سوردا لەبارەی پێکهێنانی تیمێکی مەیدانیی هاوبەش بۆ دۆزینەوەی تەرمی کوژراوان باس و وتووێژ کرا.

هاوکات "کۆنگرەی سەرانسەریی جەماوەریی یەمەن" یش لەبەیاننامەیەکدا دانوستانەکانی سۆئێدی بە هەلێکی شیاو زانی لەپێناو کەمکرانی ئێش و ئازاری خەڵکی ئەو وڵاتە لە دەسدرێژکاری و گەمارۆ.

چوارەمین خولی دانوستانەکانی ئاشتیی یەمەن لە شەشی دیسەمبەرەوە بەئامادەبوونی لایەنە یەمەنییەکان لەگەڵ "مارتین گریفیتس" نوێنەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە ستۆکهۆلمی سۆئێد بۆ ماوەی حەوتەیەک دەس پێ کرا.