کانونی یه‌که‌م 13, 2018 09:27 Asia/Tehran
  • وەزارەتی تەندروستیی یەمەن: ھاوپەیمانیی دەست درێژکاری سەعودی بەردەوامە لە ڕشتنی خوێنی جەماوەری بێ دەرەتانی یەمەن

وەزارەتی تەندروستیی یەمەن ڕۆژی چوارشەممە لە بەیاننامەیەک دا وێڕای بە درۆودەلەسە زانینی قسەکانی کاربەدەستانی ھاوپەیمانیی دەست درێژکاری سەعودی سەبارەت بە ڕاگرتنی شاڵاوی سەر یەمەن، ڕایگەیاند: لەماوەی حەوتەی ڕابردووداو ھاوکات لەگەڵ بەرپا کرانی دانوستانی ئاشتیی یەمەن لە سویید، لانیکەم ٣٨ یەمەنی لە ھێرشەکانی ھاوپەیمانیی سەعودی کوژروان و یاخود بریندار بوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، وەزارەتی تەندروستیی یەمەن بە دەربڕینی ئەمەی کە ھاوپەیمانیی دەست درێژکاری سەعودی لە زەوی و ئاسمان و دەریاوە جەماوەری چەوساوەی یەمەن دەکاتە ئامانج، جەختی کرد کە ژماری قوربانیانی دڕندەکاریی ھاوپەیمانیی سەعودی لە ماوەی حەوتەی ڕابردوو گەییشتووەتە ١٥ کەس کە داگری حەوت منداڵ و سێ ئافرەت و بریندار بوونی ٢٣ کەس لەوانە ھەشت منداڵ و پێنج ئافرەتە.

وەزارەتی تەندروستیی یەمەن لە حاڵێکدا ئەم ڕێژەیەی بڵاو کردووەتەوە کە ھاوپەیمانیی سەعودی حەوتەیەک بەر لە دەستپێکی دانوستانەکانی ئاشتیی یەمەن لە سویید بانگەشەی کرد بوو کە فەرمانی بە تەواوی ھێزەکانی داوە کە  ھێرشەکانی سەر یەمەن ڕاگرن.

چوارەمین خولی دانوستانی ئاشتیی یەمەن لە ڕۆژی پێنج شەممە شەشەمی دیسامبرەوە بە ئامادە بوونی لایەنەکانی یەمەنی ھاوڕێ لەگەڵ مارتین گریفیتس نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان بۆ کاروباری یەمەن لە ستۆکھۆڵمی سویید بۆ ماوەی حەوتەیەک دەستی پێ کراوە.

ئەم خولەی دانوستانەکان سەرەتا بڕیار وا بوو شەشەمی سپتامبەرو لە ژێنێڤی سوییسڕا بەرڕێوە بچێت، بەڵام لە بەر کارشکێنیی ڕژێمی سەعودی و میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان پەکی کەوت.

دانوستانی سیاسی بۆ چارەسەریی قەیرانی یەمەن ھەتاکو ئێستا گەلێک جار لە بەر کارشکێنیەکانی عەرەبستانی سەعودی و ھاوپەیمانەکانی تووشی شکست ھاتووە.

عەرەبستانی سەعودی وێڕای پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ بڕێک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە مارسی دووهەزاروپانزەوە شاڵاوێکی بەربڵاوی دژی یەمەن دەست پێ کردووە و هاوکات ئەم وڵاتەی لە وشکانی و دەریاو ئاسمانەوە گەمارۆداوە. ئەمە جیا لەوەی کە ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە بە تەواوی خاپوور کراون و جەماوەری ئەم وڵاتە بەرەوڕووی دیاردەی دەگمەن و بەربڵاوی برسیەتی و نەخۆشیی بەربڵاو لەوانە کۆلێرا بوونەتەوە بە تایبەت منداڵان و بەساڵاچووان. ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕایگەیاندووە، بە تێکڕایی نزیکەی نۆزدە ملوێن یەمەنی بە پتر لە دوو لە سێی تێکڕای حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانییە.

بە گوێرەی ڕاگەیاندنی  ئەم دامەزراوە نێونەتەوەییە، هێرشە ئاسمانییە بێ بڕانەوەکان و شەڕ لەم وڵاتەدا زەرەرو زیانێکی قورسی بەسەر جەماوەری یەمەن دا سەپاندووەو زەبرێکی قورسیشی لە ژێرخانە گشتی و تایبەتییەکانی  یەمەن وەشاندووە و و هاوکات ڕێگاشی لە گەییشتنی یارمەتیی مرۆڤ دۆستانە بەم وڵاتە گرتووە.