شوبات 10, 2019 14:24 Asia/Tehran
  • وەڵامی مووشەکیی یەمەنییەکان بە دەسدرێژییەکانی ڕژێمی سەعوودی

سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن شەوی ڕابردوو لە وەڵام بە دەسدرێژییەکانی ڕژێمی سەعوودی بە مووشەکێکی خۆجێی مۆدیلی "زەلزال ١" بنکە و مەتەرێزەکانی هێزە سەربازییەکانی عەرەبستانیان لە ناوچەی "الاجاشر" لە نەجرانی باشووری ئەم وڵاتە دایە بەر پەلامار.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی مێهر؛ هیشتا هیچ راپۆرتێک سەبارەت بە ڕادەی زەبر وزیانی ئەو پەلامارە مووشەکییە وەرنەگیراوە.

سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن ڕۆژانە بە شێوەی بەردەوام مووشەک دەتەقێنن بەرەو خاکی عەرەبستان کە ئەوەش کاردانەوە بە دەسدرێژییەکانی هاوپەیمانی سەعوودی بۆ سەر یەمەن و پەلاماردانی خەڵکی مەدەنی ئەم وڵاتەیە.

وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند دەسدرێژکارانی سەعوودی  و بەکرێگیراوانیان لە ماوەی ٧٢ کاژێری رابردوودا، ٥٧٤ جار ئاگربڕی شاری حودەیدەیان لە ڕۆژاوای یەمەن بنپێ کردووە.

"یەحیا سەریع" هەروەها وتی: فڕۆکە جەنگییەکانی سەعوودی لە ماوەی ٧٢ کاژێری ڕابردوودا ، ٥٩ جار پەلاماریان کردۆتە سەر ناوچەکانی دیکەی یەمەن.

ئاگربڕی ڕێککەوتن لە سەر کراو لە سوید لە نیوان شاندەکانی سەنعا و ڕیاز لە سەر لە بەیانی سێشەممە ١٨ی دێسەمبەرەوە لە شاری حودەیدە دەست پێ بووە بەڵام هاوپەیمانیی سەعوودی هەموو ڕۆژێ ئەو ئاگربڕە بنپێ دەکات.

بەندەری حودەیدە سەرەکیترین ڕێگای بەڕێ کرانی یارمەتی مرۆڤدۆستانە بۆ یەمەنە.

تا ئێستا چەندین جار هەوڵ دراوە بۆ کۆتایی هاتنی شەڕی یەمەن، بەڵام هەرجارەو بە هۆی تەگەرەنانەوەکانی عەرەبستان و هاوپەیمانەکانی ئەو هەوڵانە بێ ئاکام ماونەتەوە.