تەقێندرانی ٥ مووشەک بەرەو عەسیر؛ وەڵامی یەمەنییەکان بە دەسدرێژییەکانی هاوپەیمانی سەعوودی
سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن شەوی ڕابردوو لە وەڵام بە دەسدرێژی و جەنایەتەکانی هاوپەیمانی سەعوودی لە یەمەن، بنکە و مەتەرێزەکانی هێزە سەربازییەکانی عەرەبستان لە بوارگەی "علب" لە پارێزگای "عسیر" هەڵکەوتوو لە باشووری ئەم وڵاتەیان مووشەکباران کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن ڕایگەیاند بە ٥ مووشەکی بالستیکی خۆجێی مۆدیلی "زلزال ١"، بنکە و مەتەرێزەکانی هێزە سەربازییەکانی سەعوودییان لە عەسیر داوەتە بەر پەلامار.
ژێدەرە یەمەنییەکان رایانگەیاند زەبرو زیانێکی قورس لە سەعوودییەکان کەوتووە.
سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن ئێوارەی شەممەیش شوێنی کۆبوونەوەی بەکرێگیراوانی سەعوودییان لە "جیزان" لە باشووری عەرەبستان و "مارب" لە ناوەڕاستی یەمەن دابوویە بەر پەلاماری مووشەکی.
عەرەبستان بە داکۆکیی ئەمریکا ، ئیمارات و چەن وڵاتی دیکە لە مارسی ٢٠١٥ـەوە بە پەلاماری سەربازی بۆ سەر یەمەن ، گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانی ئەم وڵاتەی داوە . ئەم دەسدرێژییە سەربازییە تا ئێستا بۆتە هۆی کوژرانی پتر لە ١٧ هەزار کەس، بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارە بوونی بە ملوێنان یەمەنی دیکە و هەروەها تیاچوونی زۆربەی ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە.
شەڕنانەوەکانی عەرەبستان هەروەها وڵاتی هەژار و دەسکورتی یەمەنی بەرەوڕووی کەمبوونی نالەباری خۆراک و دەرمان کردۆتەوە و بۆتە هۆی پەرە سەندنی زۆر نەخۆشی و پەتایەکی نالەبار لەم وڵاتەدا.
ڕژێمی سەعوودی و هاوپەیمانەکانی تا ئێستا لەبەر خۆڕاگریی خڵکی یەمەن نەیانتوانیوە بگەنە ئامانجەکانیان لەم وڵاتەدا کە هەمان دەسەڵات گرتنە دەستی کەسانی دەسنیا و دارەدەستە.