ته‌مووز 14, 2019 13:35 Asia/Tehran
  • پەلاماری مووشەکیی سوپای یەمەن بۆ سەر بنکە و مەتەرێزی بەکرێگیراوانی سەعوودی لە حەجە

سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن بە مووشەکی خۆجێی "زلزال ١" و چەن مووشەکی "کاتیوشا" بنکە و مەتەریزی بەکرێگیراوانی سەعوودییان لە پارێزگای "حەجە" لە ڕۆژاوای ئەم وڵاتە دایە بەر پەلامار.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن بە مووشەکی خۆجێی "زلزال ١" و چەن مووشەکی "کاتیوشا" بنکە و مەتەریزی بەکرێگیراوانی سەعوودییان لە ناوچەی "حیران" هەڵکەوتوو لە پارێزگای "حەجە" لە ڕۆژاوای ئەم وڵاتە دایە بەر پەلامار و ژمارێکی زۆر لەو هێزانەیان کوشت و یان بریندار کرد.

لە ماوەی چەن هەفتەی ڕابردوودا پەلامارە بەرگریکارانەکانی سوپا و لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن بۆسەر بنکە و مەتەرێزەکانی هێزەکانی سەعوودی و هەروەها دام و دەزگەی هەستیار و گرینگەکانی عەرەبستان گەلێک پەرەی سەندووە.

هەواڵی دیکەیش ئەوەیە کە ژێدەرە ئاگادارەکان لە یەمەن رایانگەیاند: ئیمارات ٥٠٠ سەربازی سەر بە ئەنجومەنی کاتیی "عەدەن"ی بۆ ڕاهێنرانی سەربازی بەڕێ کردووە بۆ دەرەوەی یەمەن.

بە وتەی "جەلال ڕویشان" جێگری سەرۆکی شاندی دانوستانکاری دەوڵەتی ڕزگاریی نیشتمانیی یەمەن، پاشەکشەی ئیمارات لە یەمەن بە مەبەستی هاسانتر کردنی هاتنی هێزە نێودەوڵەتییەکان بۆ دەریای سوور و گەرووی "بابولمەندەب" و پێکهاتنی هێزی ناسراو بە فەرماندەرێتیی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجام دراوە.

عەرەبستان بە داکۆکیی ئەمریکا ، ئیمارات و چەن وڵاتی دیکە لە مارسی ٢٠١٥ـەوە بە پەلاماری سەربازی بۆ سەر یەمەن ، گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانی ئەم وڵاتەی داوە . ئەم دەسدرێژییە سەربازییە تا ئێستا بۆتە هۆی کوژرانی پتر لە  شازدە هەزار کەس، بریندار بوونی دەیان هەزار کەس و ئاوارە بوونی بە ملوێنان یەمەنی دیکە  و هەروەها تیاچوونی زۆربەی ژێرخانەکانی ئەم وڵاتە.

شەڕنانەوەکانی عەرەبستان هەروەها وڵاتی هەژار و دەسکورتی یەمەنی بەرەوڕووی کەمبوونی نالەباری خۆراک و دەرمان کردۆتەوە و بۆتە هۆی پەرە سەندنی زۆر نەخۆشی و پەتایەکی نالەبار لەم وڵاتەدا.

ڕژێمی سەعوودی و هاوپەیمانەکانی تا ئێستا لەبەر خۆڕاگریی خڵکی یەمەن نەیانتوانیوە بگەنە ئامانجەکانیان لەم وڵاتەدا کە هەمان دەسەڵات گرتنە دەستی کەسانی دەسنیا و دارەدەستە.

 

سەرپەیڤ