ئاب 29, 2019 19:55 Asia/Tehran
  • پەلاماری فڕۆکە جەنگییە ئیماراتییەکان بۆسەر پێگەکانی دەس و پێوەندییەکانی حکومەتی لەکارکشاوەی

فڕۆکە جەنگییە ئیمارەتییەکان بە بۆردومانی بنکەو پێگەی هێزەکانی سەر بە حکومەتی لەکارکشاوەی یەمەن لە شاری عەدەن، چل کەس لەوانیان کوشت وبریندار کرد.

بەپێی ڕاپۆری رۆژی پێنج شەممەی هەواڵدەریی مێهر بەگێڕانەوە لە ئەلمەیادین، بەهۆی ئەو پەلامارانە، شەش کەس لە فەرماندەرانی پلەبەرزی هێزەکانی مەنسور هادیش کوژران.

حکومەتی لەکارکشاوەی یەمەن بەدەرکردنی بەیاننامەیەک وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو پەلامارانە، حکومەتی ئیماراتی بە بەرپرسی تۆکمەی ئەو "دەسدرێژکارییە ئاشکرایەو بەپێچەوانەی یاساو پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان" زانی.

وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی لەکارکشاوەی یەمەن هەروەها داوای لە عەرەبستانی سەعودی کرد لەتەنیشت حکومەتی لەکارکشاوەدا ڕابوەستێ و پەلامارەکانی ئیمارات ڕابگرێ.

ئەوە لەکاتێکدایە کە دەس و پێوەندییەکانی حکومەتی لەکارکشاوەی یەمەن رۆژی چوارشەممە کۆنترۆڵی فڕۆکەخانەی عەدەن لە میلیشیاکانی سەربە ئیماراتی سەندەوەو بەپێشڕەویی لەپارێزگای ئەبیەن، شاری زەنجبار بخەنەژێر کۆنترۆڵ وچاودێریی خۆیان.

بەڵام ئەمڕۆ پێنج شەممە ئەنجومەنی ئینتقالیی باشور سەربە ئیمارات، هەواڵی کۆنترۆڵ کرانەوەی شاری زەنجبار و دەروازەکانی ئەو شارەی ڕاگەیاند.

باشوری یەمەن ئەم ڕۆژانە، شایەتی دەست بەدەست بوونی کۆنترۆڵی ژمارێک لەشارەکانی ئەو ناوچە لەنێوان میلیشیاکانی ئیمارات و عەرەبستانی سەعودییەو هاوپەیمانیی سەربازیی ئەو دوو وڵاتە عەرەبییە لە دەسدرێژی کردنەسەر یەمەن گۆڕاوە بۆ تێکهەڵچوونی بەوەکالەت و ململانێ لەسەر بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات.

سەرپەیڤ