ئه‌یلوول 16, 2019 13:46 Asia/Tehran
  • سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ تورکیا، هەنگاوێکی گرینگە لە پێناو کۆتایی هێنان بە قەیرانی سووریا

"حەسەن ڕوحانی" سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی بەشداری لە جڤینی سێ لایەنەی سەرانی ئێران، ڕووسیا و تورکیا، شەوی ڕابردوو (15ی سێپتەمبەر) لە سەرووی شاندێکی باڵادا گەیشتە ئەنکارا.

پێنجەمەین خولی سێ لایەنەی سەرانی ئێران، ڕووسیا و تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە و لە درێژەی باسو ڕاوێژەکانی سێ وڵاتی دەستەبەری ڕەوتی ئاستانە بە مەبەستی چارەسەری قەیرانی سووریا بەڕێوە دەچێت.

ئەم وتووێژانە لە ژانیڤەری 2017 و بە داهێنانی ئێران و هاریکاری ڕووسیا و تورکیا و بە ئامانجی پاوەجێ کردنی ئاشتی لە سووریا لە جڤینی "ئاستانە"دا دەس پێ بوو. یەکێک لە ئەنجامە گرینگەکانی ئەو کۆبوونەوەیە، ڕزگار کردنی ناوچەکانی بن ڕکێفی تیرۆریستەکان بووە. لە درێژەی ئەم ڕەوتەدا، گۆڕانکاری گرینگ بە دوای شکەست هێنانی تاقمە تیرۆریستیەکان لە سووریادا وەدیهاتووە.

ئێستاکە هەلومەرجی سووریا لە باری سەربازی و هەروەها لە چوارچێوەی دانوستانەکانی لایەنە سووری – سووریەکان گۆڕانی بەسەرداهاتووە و ئەمریکا ناچارە ڕاستیەکان قەبووڵ بکات.

 

ئەمریکا بە داسەپاندنی شەڕ بەسەر سووریا بە دوای پارچە پارچە کردنی ئەو وڵاتە و شکەست دانی تەوەرەی خۆڕاگریەوە بوو. ئەمریکا بە پاڵپشتی لە داعش و تاقمە تیرۆریستیەکانی تر، سووریا و عێراقی کردە ناوەندی چالاکی تاقمە تیرۆریستیەکان. ئەو جموجۆڵانە لە حاڵێکدا ئاسایشی ناوچەکەی بەرەوڕووی مەترسی کردەوە کە ڕژێمی زایونیش بە کەڵک وەرگرتن لە هەلومەرجی زاڵ بەسەر ناوچەکە، بە نیاز بوو خولێکی نوێی پلانی دابەشکردنی ناوچەکە دەس پێ بکات، بەڵام ئێستاکە لەپاش سارد بوونەوەی ئاوری شەڕ لە سووریا، ئەمریکا، ئیسرائیل و هاوپەیمانە ناوچەییەکانیان دەزانن کە پاوەجێ بوونی ئاشتی و هێمنایەتی لە سووریا بە مانای نوشستی هێنانی ئامانجە ستراتژیکەکانی ئەوانە لە ناوچەکەدا.

دانوستانی سێ وڵاتی ئێران، ڕووسیا و تورکیا، ڕۆڵێکی گرینگ و کارامەی هەیە لە پێناو خەباتی دژی تیرۆریزم بەتایبەت بەرەنگاربوونەوەی تاقمی تەکفیری – تیرۆریستیی داعش و هەروەها کاریش دەکاتە سەر وەدیهاتنی ناوچەگەلی بەدوور لە تێکهەڵچوون و گەڕانەوەی پەرتەوازە سووریەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، هەر بۆیە دەوری جڤینی سێ لایەنە لەمەڕ پاوەجێ کردنی ئاشتی و ئاسایش لە سووریا حاشا هەڵنەگرە.

لە دۆخی ئێستاکەدا هاوکێشەی دەسەڵات لە ناوچەکەدا، بە قازانجی بەرەی خۆڕاگری گۆڕاوە و ڕەوشی سووریاش بەرەو دۆخێکی پاوەجێ دەڕواتە پێش. لەم ڕەوتەدا هاوکاری و دانوستانی ئێران، تورکیا و ڕووسیا، بایەخێکی ستراتژیکی هەیە.

 

 

سەرپەیڤ