تشرینی یه‌که‌م 09, 2019 09:04 Asia/Tehran
  • پەلاماری بەهاوەنی هاوپەیمانیی سەعودیا بۆسەر حودەیدەی یەمەن

هاوپەیمانیی دەسدرێژکاری سەعودی دوێشەو(سێ شەممە) بە پێشێلکردنی دووبارەی ڕێککەوتننامەی ئاگربڕ، ناوچە ئاوەدانەکانی حودەیدە لەرۆژاوای یەمەنی بەهاوەن پێکا.

کەناڵی ئەلمەسیرەی یەمەن ڕایگەیاند، دەسدرێژکارانی سەعودی وبەکرێگیراوانیان، پێنج گولـلە هاوەنیان گرتووەتە ناوچە جیاجیاکانی حودەیدە. لەبارەی زیان و خەسارەکانی ئەو پەلامارە جارێ هیچ ڕاپۆرێک بڵاو نەکراوەتەوە.

"یەحیا سەریع" وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن ڕۆژی سێ شەممە ڕایگەیاند، هاوپەیمانیی دەسدرێژکاری سەعودی تائێستا، سێ هەزار و ٥٩٧جار ئاگربڕی لە حودەیدە لەرۆژاوای یەمەن بەزاندووە.

ئاگربڕی ڕێککەوتن لەسەرکراو لە "ستۆکهۆلم"ی سۆئێد لەنێوان شاندی نێردراو لە سەنعاو شاندی ریاز ، لە سەرلەبەیانی رۆژی سێ شەممە١٨ی دیسەمبەری٢٠١٨ـەوە لە حودەیدەی یەمەن دەس پێ بووە بەڵام هاوپەیمانی سەعودیا هەر رۆژ پێشێلی دەکا.

بەندەری حودەیدە سەرەکیترین ڕێگای ناردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ یەمەنە. چوارەمین خولی دانوستانەکانی ئاشتیی یەمەن لە شەشی دیسەمبەری٢٠١٨ـەوە بەئامادەبوونی لایەنە یەمەنییەکان بە سەرۆکایەتی "مارتین گریفیتس" نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ کاروباری یەمەن لە ستۆکهۆلمی سۆئێد دەس پێ کراو رۆژی پێنج شەممە١٣ی دیسەمبەری٢٠١٨ بەڕێککەوتن لەسەر ئاگربڕ لە حودەیدە، کۆتایی بەکارەکەی هێنا. تائێستا چەندین جار بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی یەمەن، هەنگاوگەلێک نراوە بەڵام هەموو جار بە تەگەرە نانەوەی عەرەبستان و هاوپەیمانانی بەبنبەست گەیشتووە. عەرەبستان بەپاڵپشتی ئەمریکا، ئیمارات وچەند وڵاتی دیکە لەمارسی ٢٠١٥ـەوە دەستی کردووە بە دەسدرێژکاریی سەربازی بۆسەر یەمەن وگەمارۆی زەوینی، ئاسمانی و دەریایی ئەو وڵاتە.

شەڕخوازیی عەرەبستان وهاوپەیمانەکانی لە یەمەن تائێستا کوژرانی زیاتر لە١٦هەزار یەمەنی، برینداربوونی دەیان هەزار کەس وئاوارەبوونی بەملوێنان یەمەنی لێکەوتووەتەوە. دەسدرێژکاری سەربازیی عەرەبستان هەروەها وڵاتی هەژاری یەمەنی بەرەوڕووی کەمبوونی بەرچاوی خۆراک ودەرمان کردووە.