تشرینی دووه‌م 06, 2019 18:46 Asia/Tehran
  • ئەندامێکی حیزبوڵڵا: ڕاوێژکاریی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی لوبنان دەس پێ بووە

سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕیی حیزبوڵڵا وتی: ڕاوێژکاریی جیددی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی لوبنان دەس پێ بووە.

بەپێی ڕاپۆری رۆژی چوارشەممەی کەناڵی ئەلعالەم، هاشم سەفیەدین لە دیمانە لەگەڵ بی بی سی لەبارەی ئاڵۆزییەکانی لوبنان وتی: سەرەتا نائارامی بە جوڵەیەکی جەماوەری بۆ دەربڕینی نارەزایەتی بە بێکاری و کێشە ئابوریەکان دەستی پێکرد بەڵام کێشەی دیکەش سەریان هەڵداو لەماوەی سێ رۆژ دەرکەوت ژمارێک کەس دەیانەوێ ئەو جم و جۆڵە جەماوەریانە بەلاڕێدا ببەن و لەئاراستەی ئامانجە دەرەکییەکان بەکاریان بێنن.

سەفیەدین پێی داگرت: ئازارکێشان و هاواری خەڵک کە زۆربەی ناوچەکانی لوبنانی داگرتووە بۆ ئەوەی بگەنە ئامانجەکانیان، دەبێ پاک و بێ خەوش بێ و ژمارێک لە کەسایەتییە سیاسیەکان هەلەکە نەقۆزنەوەو ئاشکرایە کە چەندلایەنێک لەهەوڵی ئەوەدان کاروبارەکان بەرەو ئاراستەیەکی دیکەدا ببەن.

ناوبراو لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێش وتی: یەک حەوتە پاش لەکارکشانەوەی سەعد حەریری سەرۆک وەزیران، کاروبارەکان هەروا لە قۆناخی بەرایی دان بەڵام ڕاوێژکارییەکان، پەیوەندییەکان و دانوستانەکان بەشکڵێکی جددی دەس پێ بووەو کەشەکە ئەرێنییە.

شارەکانی لوبنان لە ١٧ی ئۆکتۆبرەوە شایەتی خۆپێشاندانی جەماوەرین بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە ڕەوشی ئابوری لەو وڵاتە. هاوکات لەگەڵ درێژەی خۆپێشاندانەکان، سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی لوبنان لەپۆستەکەی کشایەوە کە میشل عەون سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە قەبووڵی کرد.